بە ڕوونی

‌د. کاوە مەحمود

سەرمایەداری... نوێبوونەوە لە سایەی بەردەوامببونی قەیراندا!
کاتێک مرۆڤایەتی ماڵئاوایی لە سەدەی بیستەم و پێشوازی لە سەدەیە بیستەیەکەم دەکرد، تابلۆی ئاراستەی ڕەوشی جیهان وا دەخرایە ڕوو، کە سەرمایەداری خۆی نوێدەکاتەوە و لە کاروانی پەرەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی قوناغێکی ناکۆتایە و، تەنانەت چارەنووسێکی نەگۆڕی مرۆڤایەتییە. بۆ زیاتر چاندنی ئەم بیرۆکەیە لە قوڵای بیرکردنەوە و هزری بە کۆمەڵی مرۆڤایەتی، ئاماژە بە کۆمەڵێک دیاردەی نوێ لە ڕێڕەوی پەرەسەندنی سەرمایەداری هاوچەرخ کرا، وەک توانای سەرمایەداری بۆ نوێکردنەوەی هێزی بەرهەمهێانی و چاوگێڕانەوە بە پەیوەندی بەرهەمهێنان بەو جۆرەی لە سایەی کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت و، توانای هێشتنەوەی وڵاتە کۆلۆنیالکراوە کۆنەکان بەلاتەریکی و وابەست بە ناوەندە سەرمایەدارەکان و، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نموونەیەک لە سۆشیالیستی (یەکێتی سۆڤیەتی جاران)، کە لە پێشبڕکی دژ بە سەرمایەداری بەرگەی نەگرت و بۆ سەرمایەداری گەڕایەوە و، جگە لە سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆجی و جیهانگیری سەرمایە و کرانەوەی سەرجەم سنوورەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی لەبەردەم جۆڵەی سەرمایە و، توانای بۆ ڕێکخستنی دیاردەی قەرزی دەرەکی و داڕشتنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی نێودەوڵەتی.

بەم جۆرە وڵاتانی سەنتەر لە سەرمایەداریدا تا ئێستا وا خۆی پیشاندەدات، کە خۆی نوێکردۆتەوە و بەو مەبەستەش بەردەوام لە بنکە و بنەما و پەیوەندی بەرهەمهێنان تازەگەری لە خۆیدا دەکات لە پێناوی پاراستنی شوێنی خۆی لە بازاڕ و پاراستنی ئەو بازاڕە و فراوانکردنی.

کاتێکیش کار بۆ ئەوە دەکرێ ئاراستە و بۆچوونی هەتاهەتایی سەرمایەداری لە هزری مرۆڤایەتیدا جێنشین و بمێنێتەوە، ولاتانی لاتەریک گەر بە شێوەیکی ڕوواڵەتی و شەکلی بێت کار بۆ ئەوە دەکەن شوێنێک بۆ خۆیان لەو بازاڕەی کە ناوەندە سەرمایەدارەکان کۆنتڕۆڵیان کردووە بکەنەوە و، بەوەش قایل بن کە ناوەندەکان چ سیاسەتێکی ئابووری و چ ڕۆڵیکیان بۆ دەستنیشان دەکات.

لەم ڕوانگەیەوە وڵاتانی لاتەریک و وابەست بەتایبەتی بە هۆی شوناسی چینایەتی حوکمرانی تیایاندا کە لە بەرژەوەندی بۆرژوای مشەخۆر و بیروکراتە و لە چوارچێوەی ئۆلیگارشی دارایی کاردەکەن، ئاراستەی سیاسەتی ئابوورییان لە چوارچێوەی ئەو نەخشە و پلانانەیە، کە لە بازنەی پەرستنی سەرمایە و چەسپاندنیەتی و، بۆیە هەنگاوەکانی ئەو وڵاتانە بەرەو بەتایبەتکردنی ڕەها و گەڕان بەدووای سەرجەم ئەو ڕێگایانە دەبێت، کە توانا و هەیبەتی سەرمایەداری و نەهێشتنی کۆسپ لەبەردەمی دەهێلێتەوە و بڕیاردانی ئەو یاسایانە دەبێت کە دەسەڵاتی ڕەهای سەرمایەداران سەقامگیرتر دەکات. 

پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە بریتییە لە ئامادەکردنی کۆمەڵگا و تاکەکان بۆ خۆگونجاندن و قایلبوون بەو نەخشە و بەرنامەیانە، بەڵام ئەوەی بە بیری دارێژەرانی سیاسەت و ناوەندەکانی بڕیار لەو وڵاتانەدا نەهاتووە، ئەوەیە کە هەرچەندە سیاسەتەکانی سەرمایەداری توانای درووستبوونی دیاردەی نامۆبوونی هەبێت و سەرجەم بابەت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەک کاڵا لە تاک بگەیەنێت و چاوچۆنکی و برەو بە بەربەرەکانی تاکەکەسی وەک یاسای گەشەسەندن وجۆڵەی کۆمەڵایەتی بە یاسا لە تاک بگەیەنێت، خودی ئەم ئاراستە سەرمایەدارییە بۆی ناکرێ ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە بەرنامە و نەخشەکانی بۆ گەشەپێدان و تیۆرە ئابوورییەکانی لێکەوتەیەکی تێکدەرانەی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵکی زەحمەتکێش و تەاننەت چینی مامناوەندی جێهێشتووە. 

لە وڵاتانی لاتەریک کە بە وڵاتانی باشور لە ریزبەندییەکی زانای ئابووری سەمیر ئەمین ئاماژەی پێکراوە، هۆشمەندی کۆمەلایەتی شوێنراوە و و ئەمەش کاری نەرێنی لەسەر کارایی و چالاکی کاریگەرانەی مرۆڤ بۆ گۆڕانکاری بە ئاراستەی گەشەپێدان بەردەوام کردووە و، قەیرانەکانی قوڵتر کردۆتەوە و توانای نوێکردنەوەی ئەو کۆمەڵگایانەی ڕاگرتووە و، ئەمە جگە لە سەرهەڵدانی قەیران لە خودی چەمکی نوێبوونەوە و تازەگەری لە سەرمایەداری، کە لە ناوەڕۆکدا بەشێکە لە قەیرانی مۆدێرنە لەم سەردەمەدا. 

نوێکردنەوە لە وڵاتانی باشور کە کوردستانی ئێمەش دەگرێتەوە بێ نوێبوونەوە لە هۆشمەندی کۆمەڵایەتی نایەتە دی‌. ئەم نوێکردنەوەیە پێویستی بە بنیاتنانەوەی هۆشمەندییە لەسەر بنەمای نەریتی زانستی و هزری عەقلانی و ڕۆشنفیکری و، پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووری و ڕاگرتنی هەنگاوەکانی بەتایبەتکردنی ڕەها، کە مۆدێلی نیولیبراڵەکانە و لە کاتی چڕبوونی قەیرانی سەرمایەداری بە پێچەوانەی بۆچوونەکانیان پەنا بۆ دەستێوەردانی دەوڵەت دەبەن بەم مەبەستەی کە سەرمایەداری لەو قەیرانە قورتاربێت هەروەک لە قەیرانی دارایی 2008 پەیڕەویان کرد جگە لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆڤید 19. 

ئەمڕۆ هێزی مارکسیست و چەپ لە وڵاتە سەنتڕاڵە سەرمایەدارەکان و لە وڵاتانی سەرمایەداری وابەست ڕووبەڕووی ئەرکی گەڵالەکردن و داڕشتنی بۆچوونی تایبەتی خۆیان بۆ چەمکی نوێبوونەوە و تازەگەری دەبنەوە بە جۆرێک لە سنووری ئەم پێناسەیە دەرباز بێت کە مۆدێرنە سەرمایەداری کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی قۆناغی سەرمایەدارییە، دایڕشتووە.

لەم بوارەدا وا دەبینم کە نوێبوونەوە و تازەگەری پرۆسەیکی مێژوویی درێژخایەنە و گرنگە مەبەست لێی دابینکردنی ژیانی جوان و خۆشگوزەران و جەختکردن لەسەر وەدیهێنان و پاراستنی عەدالەت و ئینسافی کۆمەڵایەتی بێت نەک فراوانکردنی جیاوازی چینایەتی.

نوێبوونەوە و تازەگەری لە چوارچێوەی کارکردن بۆ گەڵاڵەکردنی چەمکی مۆدێرنە سۆشیالیستی، پێویستی بە پێدانی شوناسی سۆشیالیستی بە ناوەڕۆکی نوێبوونەوە و تازەگەری هەیە، بە ڕچاوکردنی واقعی هەر کۆمەڵگایەک لە چوارچێوەی ناکۆکی و ململانییە سەرەکییەکان و دەستنیشانکردنی هێزی گۆڕانگاری کۆمەلایەتی و دانانی جۆرە نەخشە و بەرنامەیەک، کە لەلایەکەوە لەسەروو وزە و توانا کۆمەڵایەتی و مادیی و هۆکاری بابەتی نەبێت و، لە هەمان کاتیشدا بە شێوازێکی پارێزگارخوازیانە خوێندنەوە بۆ واقیع و ئەگەرەکانی گەشەسەندن و کۆسپەکانی نەکات و، ئەمەش پێویستی بەدەربازبوونە لە شێوازە کۆن و سواوەکانی بواری چەمەکی هزری و میکانیزمی کارکردن، بە جۆرێک کە توانای پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و پێشکەوتن دابین بکرێت و، هەنگاوەگان بۆ نەهێشتنی هەژاری و بێکاری و دیاردەی پەراوێَزخستنی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک رێک بخرێت کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا گۆڕانکارییەکان بۆ زۆربەی جەماوەر دەرکەوێت و هەست بە کارتێکردنی ئەو گۆڕانکارییانە لە سەر گەشەسەندنی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری خەڵک و بواری ژینگە و دەرفەتەکانی خۆشگوزەرانی، بەدیارکەوێت.

سەرجەم ئەم ئاراستەی لە تازەگەری و نوێبوونەوە بێ جەختکردن لەسەر بابەتی ئازادی وپەیڕەوکردنی و فروانکردنی دیموکراسی و یەکسانی مافەکان و ئازادی ژنان و فراانکردنی دیموکراسی نایەتە دی.

بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە کۆمەڵگای ئێمە بە وابەستەیی بە ڕێڕەوی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم دەمێنێتەوە و، باسکردنی نوێبوونەوە و تازەگەری و گەشەسەندن لە سایەی بەردەوامببونی قیرانی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیهان و لێکەوتنی نەرێنی ئەو قەیرانە لەسەر کۆمەڵگای خۆمان، دەبێت.


PM:05:53:14/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی