چاکسازی و ناڕەزایی

‌ ئاسۆ حاجی


لەگەڵ هەر هەنگاوێک لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ، هەندێک دەنگی ناڕازی بڵند دەبن و رەخنەی لێدەگرن و هەولدەدەن هەنگاوەکە بۆ دواوە ببەنەوە، بەڵام پێداگری و سووربوونی سەرۆکی حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کە داوایەکی لە مێژینە و گشتگیری خەڵکی کوردستان بووە، ئامادەکاری بۆ چوونەپێشی هەنگاو و قۆناغێکی دیکە دەکرێ، نەک پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ دواوە.

کۆنە پەڕلەمانتارانی کوردستان کە ئەوانەی عێڕاقیش لە چوارچێوەی یەکێتیەکدا سەریان بەیەکەوە ناوە، لەوەتەی بە گوێرەی یاسای چاکسازی موچەکانی ئەوان هەموارکراوەتەوە نەک بڕدراوە، دەنگی ناڕەزاییان بڵند بووە، ئەو دەستکاری کردنە بە نا دەستوری و نا یاسایی لە قەڵەم دەدەن! لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستور نیە و دەستکاری کردنی موچەکانیش بەگوێرەی یاسایێکە کە لە پەڕلەمانی کوردستان دەرچووە. 

رەنگە لە جێبەجێکردنی ئەو یاساییە هەندێک کەس بکەونە بەرێ، و موچەیان ببڕدرێ یان دەستکاری بکرێ کە شایەنی ئەوە بن لەو موچەیە زیاتر وەربگرن و ئیمتیازاتی زیاتریان پێبدرێ، کە ئەوانە بە دڵنیایەوە کەمینەیەکن، کە باجی زۆرینەیەکی مشەخۆر دەدەن کە چەندین ساڵە لە موچەی قەبە و ئیمتیازاتی زۆر تێرنەبووینە و هێشتا دەڵێن:”هل من مزید”.

بە درێژایی ساڵانی رابردوو، هەموو رەخنەکان و پەنجەی تاوانباری و کەمتەرخەمی بۆ حکومەت درێژ دەکرا، کە رووبەڕووی گەندەڵی نابێتەوە و چاکسازی ناکات، ئێستا کە حکومەت دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، دەنگی ناڕەزایی لە هەمان شوێن و سەرچاوە و کەس بەرزبۆتەوە، ئەوجارەیان حکومەت بەوە تاوانبار دەکرێ کە چاکسازی و دەکا و هەوڵی سنووردانان بۆ گەندەڵی دەدا، ناڕەزایەتیەکە و رەخنەکان لەو روانگەیە کە بەرژەوەندی ئەوان تێکچووە، نەک لە پێناو بەرژەوەندی گشتی.

ئەو ناڕەزاییانە زیاتر لەو سیاسیانە دەبیسترێ کە ساڵانی خەبات و قوربانیدانیان بە قەبارەی موچەکەیان دەپێون، لەو کەسانەش کە بەبێ ئەوەی رۆژێک فەرمانبەری حکومەت بن، پلە و پۆست و موچەی تایبەتیان بۆ بڕاوەتەوە، ئەوانە تەنها نوێنەرایەتی کەمینەیەک دەکەن کە چەندین ساڵە لەو ئیمتیازاتە نا یاساییانە بەهرەمەند بووینە، لە دژی ئەو پڕۆسەیەشن کە لە بەرژەوەندی ئەو زۆرینەیەدان کە هاواریان لە دەستی ناعەدالەتی و گەندەڵی دەچووە بەڕەکەی ئاسمان.

سەرۆکی حکومەت لە بەجێگەیاندنی ئەو کارەی بە ناو و ناوەڕۆک ‘مەسرور’ ە، سرورەکەی زۆرینەی خەڵکیشی گرتۆتەوە کە هەست دەکەن سەرۆک حکومەتێک و کابینەی حکومەتێکیان هەیە لەگەڵ ئەو کارنامەی سوێندیان بۆ جێبەجێکردنی خواردووە راستگۆن، پیاوی کردارن نەک گوفتار.


PM:12:18:07/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 1236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی