دواین نامەی ئێران بۆ عێڕاق و کوردستان

‌ ئاسۆ حاجی


هاتنی زەریف بۆ بەغدا و هەولێر یەک پەیامی ئێرانی هەبوو بە سێ ئاراستەی جیاواز:
ئاراستەی یەکەم، یەکخستنەوەی ماڵی شیعە و مسۆگەرکردنەوەی عێڕاقێک کە لە باخچەی پشتەوەی بەرژەوەندیەکانی ئێران زیاتر نەبێ.

ئاراستەی دووەم، هێشتنەوەی سوننە بەو پەرتەوازیەی هەیە و زیاتر پەرێشان کردنیان تا نە سعودیە و ئیمارات و نە ئوردن و تورکیا بە قیت کردنەوەیان رانەگەن نەک یەکخستنەوەیان.

ئاراستەی سێیەم، هەوڵدان بۆ لێک نزیک کردنەوەی هێزە کوردستانیەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، ئەو پەیامە بەر لە هاتنی زەریفیش یەکێتی لەسەر زاری بافێل تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی سەرکردەی پارتە کوردستانیەکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم باسی لێوە کرا بوو.
زەریف لە هەولێر چەند پەیامێکی جیاوازی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان جێهێشت:
پەیامی یەکەمی، بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکومەتی کوردستان بوو کە ئێران ئەو هێزەیە کە دەتوانێ بەغدا ناچار بکات بەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدا وەک ئەوەی لە یاسای بودجە دا هاتووە.

پەیامی دووەم، تایبەت بوو بە یەکێتی، لە تویتەکەشی بە روونی دیار بوو کە ئاماژەی بە دیداری خۆی تەنها لە گەڵ بافێل تالەبانی و قوباد تاڵەبانی کردبوو و ناوی لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی فەرامۆش کردبوو، ئەوەش نامەیەکی کراوە و روون و ئاشکرا بوو کە لەلای ئێران کوڕانی مام جەلال خاوەنی یەکێتین.

پەیامی سێیەم، بۆ هێزە سیاسیە کوردستانی و عێڕاقیەکان بوو، کە ئەوان مەسعود بارزانی وەک لێڤەگەڕی پرسی کوردستانی دادەنێن و هەوڵدەدەن دۆستایەتیان لەگەڵی لە جاران بەهێزتر بکەنەوە.

لەبەرامبەر ئەو پلان و نەخشەیەی ئێران ئەمەریکا هەیە کە پازدە ساڵە لە بەرمبەر ئێران لە دۆڕان بەردەوام دایە، لە دوای سوریا و یەمەن و لوبنان عێڕاقیشی لەسەر خوانچەی زێڕین پێشکەشی ئێران کرد و سوننە و کوردی کردنە قوربانی هەبوونی سەرۆک وەزیرانێکی بەهێز لە بەغدا و بەغدایەکی ناوەندی تەنها بۆ ئەوەی شیعە بۆ خۆی رابکێشێ بەڵا نە توانی بەغدا بکاتەوە پایتەخت و نە عێڕاق وڵات و نە شیعە دۆست، بەڵکو هەرسێکیانی و هەموو عێڕاقیشی دۆڕاند، ئێستا لە هەموو عێڕاق هەولێر وەک دۆست ماوەتەوە کە ئەویش لە ژێر هەڕەشەی رۆکێت و دڕۆنەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران دایە.


PM:11:37:01/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 3216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی