لە "ماوەت" ترشی رنیبوو؟

‌عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف

تراژیدیا، هەمیشە بەکۆمیدیا بارگاویە ! شاری سلێمانی و خەڵکەکەی لەگەڵ ئەوچەمکی پێکەنین و گریانە ئاوێتە بوون ! نوکتە و قسەی خۆشی تازێ و مزگەوت دەماودەم لەناو کۆڕ و مەجلیسا باسدەکرێن، زۆرن ئەو روداوە کۆمیدی و قسە تەنزانەی لەگەڵ مێژوی کارەساتەکاندا، تەدوین کراون، دوا کارەساتیش بەدەر نەبو لەم گاڵتەجاڕیە کەپێویستە ڵەگەڵ مەراقەکەدا، لەگەڵ خەم و رەشپۆشی سلێمانی و هەمو کوردستانا بنوسرێتەوە.

- پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بە دڵێکی غەمگینەوە بە شۆفێری شۆفڵەکە دەڵێت:
- ئەو مناڵانەی بەمردویی دەرتانهێنان پێش ئەوەی غازەکە بتەقێتەوە خەریکی چی بون؟
+ خۆ من لەگەڵیانا نەبوم!

ئەم وەڵامە پرسیارێکی کۆنی پەیامنێرێکی تەلەفزیۆنەکەی بیرهێنامەوە کە تایبەت بەتراژیدیای ئەنفال ژنە گەرمیانیەکی ئەدوان و لێی پرسی:
- کە جاشەکان هاتنە سەر گوندەکەتان چیان دزی لە مەڕوماڵات ؟
+ ئەی خۆو لەیلیان نەویی !

تومەز پەیامنێرەکە کۆنە جاش بو، پیرەژن ناسیبویەوە و بەو شێوەیە وەڵامی دایەوە، ئنجا چونکە کارمەندانی بەرنامەکە لە فۆنەتیکی گەرمیانی شارەزا نەبون، وەک خۆی و بەبێ مۆنتاج پەخش و بڵاوکرایەوە .
مەسرور بارزانی بەمەبەستی سەرەخۆشی و هاوخەمی دەربڕین تەلەفۆن بۆ خاوەن تازێی ئەوکارەساتە گەورەیە دەکات و دەڵێت:

- بەڵێ ! بەڵێ
+ ئێمە فەرعێکین لە فەرعەکانی (خەریکە ئەڵێت عەقاری)، بنەماڵەی بارزانی !
خاوەن تازێ دەبێتە مەسرور و خاوەن پەیامی پرسەکە ئەبێت بە شێخی سیرێ.

نێچیرڤان بارزانی وەک خەڵکی سلێمانی پەیام دەنێرێ و بە بیستوچوار سەیارەی درع و فەوجێکی حیمایەی تایبەتەوە خۆی دەکات بەشاردا، کەچی وەهاب هەڵەبجەیی بەیاننامە دەردەکات و دەڵێت:

- لەئاسمان و زەمینەوە گیانی سەرۆکی هەرێمم لە شاری سلێمانی پاراست !!
خواهەڵناگرێ لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا ، سەرۆکی دژە تیرۆر وتبوی:
- بەڵکو بەهۆی ئەو بەیاننامەیەوە فەرمانی گرتنەکەم هەڵبوەشێتەوە!

باڤڵ تاڵەبانی چونکە هەمو خەیاڵ و خەوی لای پارەیە لەیەکەم کاردانەوەی کارەساتەکەدا وتی :
- خانوە ڕماوەکە بەجوانترین شێوە بۆ مردوەکان دروستدەکەمەوە، ژماردنی پارەی ئۆتۆمبێل و پەنجەرە شکاوەکانیش لەسەر خۆم!

ئنجا ئەمەش نوکتەیەکی کارەساتێکی کۆنی وەبیرهێنامەوە...

ساڵی دوهەزاروحەوت جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم یەکێتی بو. کارەساتێک روی لە خانەقی کردبو، رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەمانشێتێکی گەورە نوسیبوی:
(عومەر فەتاح یەک ملیۆن دۆلاری بەخانەقین بەخشی)

عومەری سەید عەلی ئەو رۆژە لەکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیدا، داوایکرد رۆژنامەکە بخەمە سەرمێزی کۆبونەوەکە و بەردەستی خۆی، من بێ تێگەیشتن لەمەبەستی و لەسەرەتای کۆبونەوەکە بۆم دانا، روو لەئازاد جوندیانی (بەرپرسی راگەیاندن) وتی:

- کاکە ئەم مانشێتە چیە ؟ تۆ نوسیوتە ؟ راگەیاندن وایە ؟
+ بەڵێ کاک سەید عومەر وایە، بەرێز کاک عومەر فەتاح ئەوە خۆی لێرەیە یەک ملیۆن دۆلاری بەخانەقین بەخشیوە.

- کاک عومەر فەتاح ملیۆنێ دۆلاری لەکوێ بو ؟ لەماوەت ترشی رنیبوو.!

دواجار ئەم قسەیەی سەید عومەر بوبە ئیدیۆم هەرکەس پیاوەتی بەپارەی حیزب و حکومەتەوە بکردایە ئەمانوت (بۆ لەماوەت ترشی رنیبوو).

هەڤاڵ ئەبو بەکر  لەسەرەتای کارەساتەکەوە ( هەڤاڵ تازێی هەیە و ئەمڕۆ باوکی مردوە، با نوکتەکانی هەڵگرین بۆ خەڵکیتر بیگێڕنەوە ) جارێ سەرەخۆشی لێدەکەم.


PM:01:08:20/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 3024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی