هێرشەکەی کۆرومۆر، کۆتایی رۆژانی گەشبینی

‌سه‌ردار عه‌زیز

چەند هەفتەی رابوردوو سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق نزیکەی پەنجا رێککەوتنی لە گەڵ تورکیا و ئەمریکادا واژۆکرد. ئەم هەموو رێککەوتن و لێکگەیشتنانە ئینتیباعێکی وەهایان دروستکردبوو کە عێراق بەرەو دۆخێکی تر دەچێت و بەڕووی گەشە و بازاڕ و کۆمپانیا بیانیەکاندا دەکرێتەوە.

یەکێک لەو بوارانەی کە لە واشنتۆن قسەی لە سەر کرابوو غاز بوو. ئەمریکاییەکان بە سودانیان گوتبو کە رەنگە رێگەپێدانەکەی کڕینی غازی ئێرانی نوێ نەکەنەوە. ماوە ماوە ئەمریکا رێگە بە حکومەتی عێراقی دەدات کە سەرباری ئابلۆقە لە سەر ئێران غازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتدا.

ئەمریکاییەکان فشار دەکەن کە ئەمە کۆتایی بێت، بەڵام عێراق هەمیشە دەڵێت ئێمە پێویستمان بە چەندین ساڵە بۆ کۆتایی هێنان بەو غازە.

خودی ئابلۆقەکە غازەکەی لە سەرچاوەیەکی وزەوە کردوە بە یەکەیەکی جیوپۆلەتیکی نێوان ئێران و ئەمریکا.

ئەم پاشخانە چیمان پێدەڵێت؟
ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ئەو جێگایەی کە لێدراوە لە کێڵگەکە، لە گەڵ لێدانی جاری پێشوو کە ساڵی رابردوو روویدا، سەرە داوێکی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت. هێرشە درۆنییەکە بۆ هەمان  ئەو بەشە نوێیەی کۆمپانیاکەیە کە دەخوازرێت دروست بکرێت، بەم پێیە، پەیامەکە ئەوەیە کە دانا غاز نابێت ئاستی وەربەرهێنانی زیاد بکات. نابێت عێراق ببێت بە خاوەن غازی زیاتر.

ئەمریکا ناتوانێت وەیڤەرەکەی نوڕ نەکاتەوە، بە تایبەتی لە کاتی هاویندا کە کارەبا بۆ سپلیت زۆر پێویستە. نەمانی کارەبا لە تەموزدا سودانی دەکاتە قەرەبروت.

لە رۆژانی رابوردوودا کارم لە سەر هاتنەکەی ئەردۆغان دەکرد. ئەوەی نوێ بوو، بێدەنگی ئێران بوو. بەڵام ئێستا گەر کەسێک ژیربێت ئاماژەیەکی بەسە.


AM:11:20:27/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 6200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی