تورکەکان هەتا کوێ دەڕۆن..؟

‌سه‌ردار عه‌زیز

بە داخەوە هێرشەکانی تورک بۆ سەر کورد هەتابێت بەرفروانتر دەبێت. کاتێک ئێمە لە خانەی بیری کلینگەدێل خەریکی کار لە سەر فراوانخوازی تورکیا بوین بۆ باشوری کورستان، پرسیارێک هاتە ئاراوە، ئایا تورکەکان ئامانجیانە هەتا کوێ بڕۆن: بە دیدی من تورکەکان هەتا ئەو جێگایە دەڕۆن کە دەوەستێنرێن. واقیعەکەش بە داخەوە وەها نیشان دەدات.

 ئەوەشی جێگای داخە کە کورد ناتوانێت لە هەموو ڕەهەندەکانی شەڕەکە تێبگاتە. نەک هەر یەکێتی و پارتی، کە هەریەکەیان هێرشی تورک بۆ ڕکەبەری یەکتر بەکاردەبەن، بەڵکو هێزەکانی تر و خەڵکی سادەش هەڵسوکەوتیان لە خزمەتی هێرشی تورکیادایە. خەڵک هێندە ساویلکەن وەها دەزانن هاوکاری ئەم هێز و ئەو هێزە ئەم کارانە بەڕێوەدەچێت.

 بێگومان یەکێتی و پارتی لە کۆنەوە زانیارییان بە هەردوولاداوە، بەڵام تەکنەلۆجیا ئەم ڕۆڵەی زۆر لاواز و بێبایەخکردوە.

 لە دەرئەنجامی ئەمەدا تورک نەک هەر لە ئاستی سەربازی بەڵکو لە ئاستی دەرونی و پەرتکردنی کۆمەڵایەتی و زۆر بواری تردا براوەن.

تورکەکان پەکەکە بە ئامانجدەگرن، بەڵام لە هەمانکاتدا پرسەکەش بەکاردەبەن بۆ فراوانخوازی و باڵادەستبون بە سەر پانتایی عێراقدا.

ماوەیەک لە لیژنەی پەیوەندی عێراق و تورکیا بووم کە خانەیەکی بیری فینلەندی پشتیوانی دەکرد. عەرەبە عێراقییانە بە گشتی وەها بیردەکەنەوە.

ئەگەر تورکیا بێت و دەسەڵاتی کوردی کۆتایی پێبهێنێت، ئەوا پاشان لە گەڵ حکومەتی عێراقیدا دانوستان دەکات و دەگەڕێتەوە سەر سنور و ناوچەکە دەدات بە دەستی دەوڵەتی عێراقی. لەم دیدەوە، زۆرینەی سیاسییە عێراقییەکان، جگە لە ئەوانەی کە لە ئێرانەوە کۆنترۆڵکراون پرسەکەیان پێباشە. ئەوانەی سەر بە ئێرانن وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر قەڵەمڕەوی ئێران دەیبینن لە ناوچەکە. بەڵام فراوانخوازی تورکی دژ بە هەموو کوردێکە، هەرچۆنێک بیردەکەیتەوە.


PM:09:06:17/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 1304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی