ئاهەنگەکانی لەدایکبوونی "ئیمامی زەمان"

‌ياسين تەها

ئەمڕۆ (15ی شەعبان) ملیۆنەها كەس لە پەیڕەوانی ئایینزای شیعە دەچنە کەربەلا بۆ زیندووکردنەوەی ساڵیادی لەدایکبوونی ئیمامی دوازدەیەمی خۆیان؛ مەهدی مونتەزر" ،"ئیمامی زەمان" کە " الحجە" شی پێ دەگوترێت. ئەم سیمبولە گەورەیەی شیعە محەمەدی کوڕی حەسەن عەسکەرییە، لە نەوەی ئیمامی ئیمام عەلی ئامۆزا و زاوای پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ) كە نیشتەجێی شاڕی سامەڕا بووە و ئارامگاكەشی هەر لەوێیە.

بەپێی گێڕانەوەی شیعەکان ئیمام حەسەنی عەسکەری (ئیمامی یازدەیەم) کە ئارامگاکەی لە شاری سامەڕایە، شەوێکی 15 شەعبان (بەرات) لە ساڵی 255 ک/ 869 ز لە کەنیزەکێکی ڕۆمی قەیسەر زادە "نرجس" کوڕێکی بووە و ناوی ناوە "محەمەد"، بەڵام نەیوێراوە لە ترسی عەباسییەکانی ئامۆزایان کە تەختی خەلافەتیان بەدەست بووە، ئاشکرای بکات، تەنیا لای بازنەیەکی بەرتەسک نەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی شیعە لە پاش مردنی حەسەن عەسکەری، کوڕەکەی "مەهدی" ماوەی 69 ساڵ خۆی حەشار داوە و تەنیا لە ڕێگای نوێنەر و نامە بەرەوە لەگەڵ هەوادارانی ئال و بەیت و شیعەکان پەیوەندی کردووە، چوار لەو نوێنەرانەش لە هەموویان ناسراوترن و پێیان دەگوترێت "السفراء الأربعة".

بە مەرگی کۆتا کەس لەو چوار نوێنەرەش لە ساڵی 329 ک_ 941 ز کە عەلی سەممەرییە، قۆناغی نێوانگیری و نامە بەری کۆتایی دێت کە بزر بوونی بچووکە (الغیبة الصغری)، بەدوای ئەوەشدا بزربوونی گەورە و درێژخایەنی مەهدی دەست پێ دەکات و تا ئەو کاتە درێژە دەکێشێت کە مەهدی دەردەكەوێتەوە بۆ بەرپاکردنی دادگەریی بەپێی بیروباوەڕی شیعەکان.

باوترین چاوەڕوانییەکانی ئەو گەڕانەوەیەش لای شیعە ئەوەیە "لەپاش ئەوەی زەوی پڕ دەبێت لە تاوان و ستەمکاریی، ئارامی و دادگەریی بۆ دەگێڕێتەوە". ئەم چاوەڕوانییەی مەهدی وەک "ڕزگارکەر" لە گێڕانەوە سوننەکانیشدا هەیە، بەڵام ئەو مەهدییەی سوننە جیاوازە لە هاوتا شیعییەکەی و کەسێک نییە ئێستا لە ژیاندا بێت یان ناسراو بێت، بەڵکوو لە سەردەم و بارودۆخی خۆیدا لە ناو نەوەکانی پێغەمبەری ئیسلام هەڵدەکەوێت کە مەرج نییە لە لقە عەلەوییەکە بێت.

سەرجەم گرووپە شیعەکان بە جیاوازی بیرکردنەوە و ئینتیمای نەتەوەییانەوە لەسەر ئەوە کۆکن کە مەهدی دەم ڕاست و ڕێبەری مەزنی ئەوانە و هەمیشە باس لە ڕۆژگاری دەرکەوتن و سەرهەڵدانی دەکەن و بە کوڵەوە چاوەڕوانی ئەو کاتەن کە پێی دەڵێن "الفَرَج"، بەڵام لەمە بترازێت لەسەر سەرۆکایەتی شیعە لە غیابی ئەودا و لەسەر چۆنیەتی نوێنەرایەتیکردنی ناکۆک و نا جۆرن و بەسەر چەندین گرووپ و تاقمی جیاجیادا دابەش و پەرتەوازە بوون.

ئایەتوڵڵا خومەینی کە ڕابەریەتی شۆڕشی ئیسلامی کرد لە ئێران (1979)، پێی وایە لە غیابی "ئیمامی زەمان"دا زۆربەی دەسەڵاتەکانی دەگوازرێتەوە بۆ شەرعزانێکی "لە خواترسی شارەزا" تا ئەوکاتەی خاوەن بڕیاری ڕاستەقینە کە "مەهدی مونتەزەرە" خۆی سەر هەڵدەدات، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش "کۆماری ئیسلامی ئێران" ی ڕاگەیاند و وەک بریکاری مەهدی زۆربەی ئەحکامەکانی دین و دونیای شیعەکانی خستە بواری پراکتیکەوە.

بەڵام ئایەتوڵڵا ئەبولقاسمی خوئی کە ڕێبەری گەورەی پێشووتری شیعەکانی جیهان بوو لە شاری نەجەف دادەنیشت (م.1994) بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و لەگەڵ ئەوەدا نەبوو شەرعزانی شیعە خۆیان بە حوکمڕانییەوە سەرقاڵ بکەن، تا ئەو کاتەی ئیمامی زەمان خۆی دەردەکەوێت و هەر لەبەر ئەمەش دین و سیاسەتی لەیەکتر جیا دەکردەوە و ئێستاش سیستانی کە خوێندکار و درێژەپێدەری قوتابخانەی ئەوە جارجار هەوڵ دەدات درێژە بەم ڕەوتە بدات.

لەنێوان ئەم دوو ڕەوتە نا جۆرەشدا بۆچوونێکی سێیەم هەیە کە ئایەتوڵڵا محەمەد سادق سەدر (باوکی موقتەدا) بانگەشەی بۆ دەکرد (م.1999)، ئەم بۆچوونەش پێی وایە شەرع زان و پیاوە ئایینییەکانی شیعە هەندێک دەسەڵاتی مەرجداری ئیمامی زەمانیان بەدەستە، بەڵام ناتوانن وەک ئەوەی کە خومەینی بانگەشەی بۆ دەکرد ببنە جێگر و بریکاری ڕەهای ئەو و بەناوی دینەوە حوکمڕانی بکەن، بەم پێیەش هەرچی دابەش بوون و لێکترازانی شیعە هەیە لەسەر جێگرتنەوەی مەهدی و چۆنیەتی ئیدارەدانی شوێنکەوتووانی ئەم ئایینزایەیە لە غیابی دەم ڕاستە گەورەکەدا.


PM:10:03:08/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی