دوو رۆژ لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان

‌ سالار مه‌حمود


بیابان تایبەتمەندی جیاوازتری ھەیە لە ناوچەی شاخاوی و دامێنی گرد و  تەنانەت ھەردەی گەرمیان، بە رۆژ گەرماییەکی وشک و شەوانی سارد و ئاسمانی پڕ ئەستێرەی درەوشاوەو زەمینی تەخت و پڕ بیم.

ھەتا مەودای گوێ ئەبیستێ بێدەنگی و ژیان پڕ لە خامۆشی.

ھەر لە جادەی گشتی لاتدا رێگاکان دەتبەن بەرەو قوڵایی چۆڵی و رێگای تەخت و لماوی پڕ ئەبێ لە قەتارەی تەپ و تۆز.
رێگایەکی دورو پڕ لە ھەستی غەریبی و تەنیایی وەکو ئەوەی سامۆیل بیکت ئێژێ: ڕێگاکان زۆر دوور دەرئەکەونەوە کاتێ مرۆڤ بە تەنیا ئەیانبڕێت.

ئەمە جاری سێیەمە رێم دەکەوێتە ئەو سەحرای سەماوە، ھەموو جارەکان ئاھو ناڵەی حاجی ئاسکەکان و دادە شازەو ئامینەی گوندی توکن و تاسانی تاقانەکان و قورئانە سەوزەکەی بن دەستی حسێن تاڵاوی و ئەو ھەموو جەرگ سوتاوانە عەرشی بیابانەکان پڕ دەکەن لە ناڵەی تەڕو بەھاواری تاساو بێدەنگی سەحرا ئەھەژێنن.

بە چاوی خۆم دیم ئەو بیابانە ئەوەندە شەرم دایگرتبوو، تا چاوی تەنیایی بڕ ئەکا خۆی بێدەنگ کردبوو،
لەھەشتاو ھەشتەوە تووشی دەردە شەرمی ھەناویی ببوو، ئەم ساڵانەی دوایش بەھەموو پانتایی خۆی شەرمی لە بینینی 
وەھابی تاقانەو سەبری و سەباحی کونەکۆتر، ئاواز و رۆستەمی ئاوایی توکن و تابان و جەمل وارانی و ھێمنی جەلەمۆردو م رێبازو حەسەنی ھۆمەربل ئەکات. 

لەم بیابانە ھەر تەپۆڵەیەکت لێ ئەبێ بە شوێنی گۆڕی بە کۆمەڵ بێ ئەوەی بە خۆت بزانی ئەبیتە کەسی خۆ گوم کردوو بەدوای ئێسکی لم رەنگبوو بەدوای پروسکی وشکھەڵاتووی نەتەوەدا ئەگەڕێی، بەدوای زمانی ژێر خاک خراوو، خۆرو مانگی دزراودا ئەگەڕێی.

سەحرا تولانی و درێژە بەقەد حیکایەتە نەبڕاوەکانی بنەی جاف.

دەستێکی بێ ھەرەکەت لەسەر گەچی دیواری ھۆڵێکی قەڵاکەی نوگرە سەلمان  نوسینێکی ھەڵکۆڵراوی جێ ھێشتوەو ئەڵێ ئیتر ژیان بەرەو ئاوا بوون ئەڕواو تەواو سەمونیشتمان نادەنێ!

قەڵای نوگرە سەلمان وەک دەمی ئەژدیھا پڕە لە ھۆڵی گەورە گەورەو پەنجەرە بە شیش ئاخێنراو، 
پڕە لە پایەی راگرتنی ستەم، قەڵا بە بەردو گەچی ئەوێ بۆ غەدر ھەڵچنراوە ئەر پایەو بەردێکی شایەتی چیرۆکێکە.
لە یەکێک لە راڕەوەکانی ناو قەڵاکەدا دوو کوڕی پێست ماندوو لە ھەشتاو ھەشت پێنج شەش ساڵان بونە بۆیان باس کردم لە راڕەوەکەی لای ئەو قادرمەی ئەچێتە سەرەوە بەرەو ژوورەکەی عەجاج یاریان دەکرد،
یاریەکەش ئەوەبوە بزانن کامیان زۆرترین ئەسپێ لە لەشی خۆی لێ ئەکاتەوەو ئەیکوژێ.

جەلال وتی لە ناکاو لە پێ پلەکانەکەوە ھەوا پارچە رۆژنامەیەکی بە ئاراستەی ئێمە بۆ خوارەوە ھێنا. دیاربوو رۆژنامەکە چەوریەکی شیرینی لەسەر بوو ئێمەش بە زمان لێسامانەوە شیلەی پاقلەوای پێوە بوو. ئەوە رۆژێکی خۆشبوو بەلامانەوە.

لەناو ئەو راڕەوانەدا  ژن و پیاوەکان دوو دوو سێ سێ سەر ئەکەن بەیەکدا رۆژمێری مەرگی ئازیزانی خۆیان لە برساو لە تینوا دەگێڕنەوە.

حکومەتە فیدراڵە ھەست مردوەکەی بەغدا رۆژی ٥/١٦ ی ھەموو ساڵێکی کردوە بە رۆژی گۆڕی بە کۆمەڵ بەڵام ساڵانە بیریان ئەچێتەوە بە راگەیەنراوێکیش خەجاڵەتی خۆیان رابگەیەنن بەرامبەر ئەو  دۆسیە پەراوێزخراوەی ناو بەرنامەی کاروباریان،حکومەتە دوو زۆنیەکەی کوردستانیش وەک ئەوەی لاسایی بەغدا ببێتە دەستکەوتی نیشتمانی ئەو رۆژە نیشتمانیە، ئەو تراژیدیا ئینسانیە بە بەیاننامەیەکیش بەسەر ناکاتەوە.

دوو رۆژ بەھاوسەفەری عومەری ئەنفالستان و پشکۆی حەمەی رۆستەم و سمکۆ سابیرو ھێمنی گۆپتەپە، لەناو ئەو ھەموو ژان و ئەسەفی بێباکی و چیرۆکی بێ کەسی کوردەدا زۆر گەڕاین و زۆرمان دیت بەڵام تێگەیشتین چەن بێباکە ئەم حکومەتانە، چەن بێ پرۆژەو کۆڵەوارو بێ خەمە دونیای سیاسەتی کورد بەرامبەر بە تراژیدیا گەورەکەی کوردو مرۆڤایەتی، بەرامبەر بە ئەنفال.

بەڵام ناھێڵین مێژوو ئەم دۆزەخەی بیربچێتەوە!


AM:10:04:17/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی