ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردیی و تێبینییەکانمان
بارزان شێخ عوسمان
لە یادی سەدو بیست و هەشتەمین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردییدا سەری رێز نەوی دەکەم لەبەرەم رۆحی بەرزی میر میقداد بەدرخانی بیر روناك و بیر شارستانیی و بنەماڵە رۆناکبیرەکەیان نەوی دەکەم ، درودیش بۆ گیانی هەمو رێبوارانی کاروانەکەی .
دەرچواندنی رۆژنامەیەکی کوردیی لەو سەردەمەدا لە دەرەوەی خاکی کوردستان ، ئاماژەیە بۆ ئەو راستییەی کە میر بەدرخان لە سنوری خاکەکەی خۆیدا دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە نەبوە روانین و پەیامەکەی بگەیەنێت بە گەل و خوێنەرەکانی ،واتە ئازادیی رادەربڕینی لەبەردەمدا نەبوە .
رۆژنامەی کوردستان پەیامەێکی پیرۆزی هەبو ، نەوەکان یەك لە دوای یەك بە ئەمانەتەوە پەیامەکەیان گەیاند و بە شێوازی جیا جیا پێشیان خست ، تا رۆژنامەگەریی کوردیی لەو کاروانەی پێشکەوتن ، هوشیاریی و ئازادیی رادەربڕین بەشدارێکی کارا بێت .
بەراستیی رۆژنامەگەریی کوردیی کاریگەریی خۆی جێهێشتوە لەسەر بوارە جیا جیاکانی پەیوەست بە پێشکەوتنی کوردەواریی و سیاسییش.
بەڵام بە داخەوە چۆن لە هەمو کایەیەکی ژیانی مرۆڤایەتییدا بەها جوانەکان ناشرین و لەکەدار دەکرێن ، مەبەست و پەیامە رەسەنەکان لە هەر بوارێکدا ، دەگۆڕێن بۆ مەرام و پیلان ، رۆژنامەگەرییش ( لە لایەن هەندێکەوە ) ئەمڕۆ بە هەمان دەرد براوە .
لە پاڵ رۆژنامەگەریی راست و رەسەندا ، بە تەنیشت رۆژنامەگەریی ئازادەوە ، شتێکیش دروست بوە بە ناوی ئازادیی رادەربڕین کە دەستدرێژیی دەکاتە سەر ئەم چەمکە پیرۆزە .
بارودۆخەکە بە جۆرێك بوەتە پاشا گەردانیی کە ناسنامەی رۆژنامە گەریی ، رۆژنامە نوس ون بوە لە نێو دیواری شەڕە قسەی ناشرین و ئەوانەی تەنیا دەزانن بنوسن و بخوێننەوە ، واتە رۆژنامە و خوێنەوار لەگەڵ ئەو جەنجاڵیی و قەرەباڵەغییە بێ سەروبەرەییەدا تێکەڵ بون ، دەبێت ناوێکی تر بدۆزرێتەوە .
کەس نەیوتوە لەسەر روداوەکان نەنوسرێت ، کەس قسەی تیادا نەکات ، سەرنج و تێبینییەکان لەسەر هەر بڕیار و سیاسەت و هەڵوێستێك نەنوسرێت ، بە کورتی داوای قڕ و قەپ کردن نەکراوە ، بەڵام بەو زمانە رەخنە گرانەیە هەڵوێست و بۆچونەکان دەرببڕێن و بخرێنە رو کە لە رۆژنامەگەریی کوردییدا پەێڕەو کراوە و دەکرێت، ئەگەر نا ئەوا ئەوەی دەبینرێت ناوێکی تری هەیە نەك دەسەڵاتی چوارەم و ئازادیی رادەربڕین .
زۆرن ئەو نوسین و قسانەی کە ناومان ناون نوسینی سەردیواری (….. ). کە بە داخەوە زۆربەیان حزب و کەسایەتیی سیاسیی یان لە پشتەوەیە .
بۆیە پێویستە روناکبیران ، رژنامەنوسانی راستەقینە ، نوسەرانو ئەدیبان خۆیان قانون و پێودانگێك دابنێن کە ناوبانگی رۆژنامەگەریی بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی و چیتر هەمو کایەکانی ( خوێنراو ،بیستراو ، بیینراو …..هتد ) نەخرێنە ریزی رۆژنامەگەریی کوردییەوە هەمو ئەوانەشی دەنوسن نەخرێنە خانەی رۆژنامەنوس، رەخنەگر ، نوسەری سیاسییەوە . ئەگەر نا ئەوا ناتوانین بڵێین دەسەڵاتی چوارەممان هەیە ، کوردیش رۆژنامەگەریی و رۆژنامەنوسی ئازادی هەیە ، بەڵکو دەبێت ناوی بنێین شتێکی تر .
PM:04:17:22/04/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی