سەربازی زۆرەملێ!
توانا عوسمان
پار یاسایی زەواجی جەعفەری و ئەمساڵیش پڕۆژە بڕیاری "سەربازی زۆرەملێ"! ئەمە دەستکەوتەکانی پەرلەمانی عێراقە لەم زەمینی بێ مافیەدا.
ساڵی پار پەرلەمانی عێراق سەرباری ناڕەزایی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و بەشێک لەناوەندە جەماوەریەکانی عێراق بەپشتیوانی مەرجەعی شیعی "محەمەد یەعقوبی" یاسای "زەواجی جەعفەریی" پەسەندکرد و سەروەری پیاوی بەسەر ژن و منداڵدا سەپاند، ئەمساڵیش سەرۆکی پەنجەڕاوەشێنی پەرلەمان "هەیبەت حەلبوسی" پشتیوانی یاسای سەربازی زۆرەملێ دەکا و دەیەوێت وەک چۆن پار ژن و مناڵی عێراقی ملکەچی یاسا کۆنەکانی نەفەقە و میرات و زەواج کرد، ئەمساڵیش گەنجانی عێراق تا تەمەنی 45 ساڵی لەبەرگەرمای هاویندا یس یەمی سەربازی بکەن.
جارێ پێش هەموو شتێک تا عێراق خێروبێری بۆ گەنجانی نەبێت، شایەنی ئەوە نیە گەنجانی وڵات قوربانی بۆ بدەن.
ئینجا ئەو گروپەی سودمەندن لەخێروبێری عێراق خۆیان لەپەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و دامودەزگا سیاسیەکانداندا دەوام دەکەن و یاسای سەربازی زۆرەملێ شمولیان ناکات.
ئەمڕۆ کە هێزی سەربازی لەدونیادا پێویستی بەدرۆن و مانگی دەستکرد و تەکنەلۆژیای دوورهاوێژە، بەڕای بەشێک لەسیاسیە ناوەندخوازەکانی بەغدا بریتیە لە ژمارەی زۆری سەربازی بێچارە و برسی، تەکنیکی جەنگیش بەڕای ئەوان بریتیە لە "ترصص" واتە هێرشکردن وەک شەڕەکانی ئەبوجەعفەری مەنسوڕ کەسەربازەکان بەتەنیشت یەکەوە بەپێ و بەڕیز بەرەو دوژمن ئەڕۆیشتن!
پەرلەمانی عێراق لەجیاتی پڕۆژە یاسای زیاتر بۆ گەشەپێدانی ئابوری و خوڵقاندنی فرسەتی کار بۆ گەنجانی وڵات، دەیەوێت بێکاری گەنجان بەسەربازی زۆرەملێ چارەسەربکات! لەبری نەهێشتنی گەندەڵی سیاسی، دەیەوێت گەنجانی نەگبەتی وڵات لەبیابانەکانی تاجی و بەلەد و حەبانیە هیلاکتر بکات.
بیهێنە پێش چاوی خۆت، مرۆڤ بەدرێژای 19 ساڵ مناڵی خۆی بە بێمافی و بێ بیمەی تەندروستی و بەشەونخونی پەروەردە بکات و قوتابخانەی پێ تەواوبکات، کەچی لەبری دابینکردن و ڕونکردنەوەی داهاتووی، بەناوی ئەوەی "ئەبێت بەپیاو" لێی بسەنن و بینێرن بۆ ناو سیستەمی ئیهانەکردنی زۆرەملێ!
حەق وایە هەموو لیستە کوردیەکانی پەرلەمانی عێراق نەهێڵن خوێندنەوەی دووەمیش بۆ ئەم بڕیارە نامۆیە بکرێت و دژی بوەستنەوە و بەیەک دەنگ بڵێن، نەک هەر خزمەتی سەربازی دەبێت بژاردەیی بێت، بەڵکو بۆ ئەوەی باشترین گەنجەکانی وڵات بچێتە خزمەتی دڵخوازانەی سەربازیەوە، دەبێت مەرجەکانی ژیان باشتر بکرێن و ئیمتیازاتەکانی سەربازی دڵخوازانە زیادبکرێن.
PM:02:48:22/04/2026
ئهم بابهته 508
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی