گرفتەکانی سیستەمی بانکی لە هەرێم و پرۆژەی هەژماری من…
سەردەشت محەمەد عەبدولکەریم
بەڕێز کاک مەسرور
بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بابەت : بانکەکانی بەشدار
بووی ناو پرۆژەی هەژماری من، تا ئێستا کارە گرنگەکەیان بە ئەنجام نەگەیاندووە! هەر
لەبەر ئەو هۆکارەیە رۆژی دابەش کردن و دابەزینی موچە بۆ سەر هەژماری موچەخۆران، لە
بەردەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە ئەبێتە گرفت و گەڕەلاوژێ و پێویستی بە چارەسەری
بنەبڕ و تەواو هەیە.
لە روانگەی خەم خۆریمان
و بەپێی پسپۆریمان ناچارین خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێین، بۆ ئەوەی گرفتەکانی هاوڵاتیان
چارەسەر ببێت و لە کاتی دابەش کردنی موچەدا ئەو ئاڵۆزییە لەبەردەم ئامێرەکانی راکێشانی
پارەدا دروست نەبێت و هەموو خوازیاری راکێشانی تەواوی موچەکانیان نەبن بەشێوەی کاش
و ئەو شێوە ئولفەت گرتنە بە پارەی کاش بگۆڕدرێت بۆ شێوازی مامەڵەی دیجیتاڵی.
بانک وەک خوێنی سیستەمی
ئابووری کار دەکات، بەبێ بانک بازرگانی و خزمەتگوزاری ڕۆژانە و پڕۆژە گەورەکان
ناتوانن بەشێوەیەکی باش کار بکەن و پێشکەوتنی بەرچاو بە خۆیانەوە ببینن. جێگای دەست
خۆشیە کە لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەی هەژماری من دەستیکرد بە کردنەوەی هەژماری بانکی
بۆ (٧٣٦٠٠٠) هەزار لە فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی پرۆژەی هەژماری
من ئەوەیە کە زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لەم پرۆسەیەدا تۆماربکات بۆ ئەوەی زەمینەسازی
بۆ سیستەمێکی بانکی بەهێزتر و گشتگیرتر بکات، بەڵام چۆن پرۆژەکە جێی خۆی ئەگرێت و
سوودی بۆ بوژاندنەوەی سیستەمی بانکی دەبێت؟ چۆن هاوڵاتیان دەتوانن سودێکی باش لە
پرۆژەکە ببینن؟
پێویستە بانکەکانی ناو
پرۆژەی هەژماری من ئیجبار بکرێن ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن، کە لە رۆژی
دابەزینی موچە بۆ فەرمانبەران و موچە خۆران، هەموو موچە خۆران روو نەکەنە ئامێرەکانی
راکێشانی پارە و کۆی پارەکانیان بە کاش رابکێشن، وە بۆ ئەوەی پرۆژەکە سەرکەوتوو بێت
و سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان ببوژێتەوە، پێویستە چەند بنەمایەکی گرنگ جێبەجێ
بکرێت:
١. پێکهاتە تەکنیکی
و ئاسایش:
. دابینکردنی
سیستەمی پاراستنی زانیاری (Encryption)بە شێوەی زنجیرە بەندی
(Blockchain) یان بنکەدراوەی بەهێز بۆ پاراستنی زانیاری هاوڵاتیان.
· دروستکردنی
ئەپلیکەیشنێکی بەکارهێنەر-دۆستانە کە لەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەر بە ئاسانی کار
بکات. بۆ ئەوەی موچەخۆران بتوانن لە رێگایەوە پارەی کڕین بە دیجیتاڵی جێ بەجێ بکەن
یان قەرزەکانیان بە دیجیتاڵی بنێرنەوە بۆ خاوەنەکانیان.
· راستکردنەوەی
ناسنامە بە بەکارهێنانی (Biometric)وەک پەنجەمۆر یان ناسینەوەی
دەموچاو.
٢. پێکهاتەی یاسایی
و ڕێکخستن:
· یاسایەک پێویستە
بۆ پاراستنی داتا و نهێنی بانکی.
· ڕێککەوتن لەگەڵ
بانکی ناوەندی عێراق بۆ یەکگرتنی سیستەمەکان، کە بتوانی پارە لە ئامێری بانکێکی دیکە
خەرج بکەیت یان پارە رابکێشیت بە کەمترین تێچوو.
· دیاریکردنی
ڕێنمایی ڕوون بۆ مامەڵەی ئەلیکترۆنی و مۆڵەتی کارپێکردنی بانکە دیجیتاڵییەکان.
٣. پێکهاتەی
پێشکەوتنی ژێرخان:
· پەرەپێدانی
تۆڕی ئینتەرنێتی خێرا و بەردەست بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێم، ناو هەموو پارێزگا و ئیدارە
سەربەخۆکان و شارۆچکەو قەزا و ناحیەکان.
· دروستکردنی
داتاسێنتەرێکی سەربەخۆ بۆ هەرێم بە پشتگیری لە شوێنی پاشەکەوت (Backup).
· پەیوەستکردنی
سیستەمەکە بە بازرگانان و دوکان و فرۆشگاکانەوە بۆ وەرگرتنی پارەی ئەلیکترۆنی. واتە
بڵاو کردنەوەی ئامێری (Pos)، ئەمە کارە گرنگەکەیە کە بانکەکان
ئیجبار بکرێن بە زووترین کات جێ بەجێی بکەن و بەبێ ئەم هەنگاوە پرۆژەکە ئیفلیج ئەبێت!
٤. متمانە و
هۆشیاری گشتی:
· بەڕێوەبردنی
کەمپینی ڕاگەیاندنی بەرفراوان بۆ ڕوونکردنەوەی سوودەکانی هەژماری من و دروست کردنی
متمانەی بانکی بۆ هاوڵاتیان و موچەخۆران.
· پێشکەشکردنی
خزمەتگوزاری بە کەمترین نرخی باج بۆ ساڵی یەکەم.
· دابینکردنی
سەنتەری پشتیوانی لە بانکەکان بە زمانی کوردی بۆ وەڵامدانەوەی گرفتەکانی بەکارهێنەران.
٥. پێکهاتەی
ئابووری و بودجەیی:
· هاندانی
بانکەکان بۆ پێشکەشکردنی وامی بچووک بە خاوەن هەژماری من بە سوودی کەم.
· بەشداریکردنی
کۆمپانیا تایبەتییەکان لە داڕشتنی نەرمەکاڵا (سۆفتوێر) بە ڕێگەی (Public-Private Partnership).
٦. ڕاهێنان و
پەرەپێدانی مرۆیی:
· ڕاهێنانی
کارمەندانی بانکەکان لە بواری بانکی دیجیتاڵی و ئاسایشی ئەلیکترۆنی.
· دامەزراندنی
خولی فێرکردنی هاوڵاتیان بەکارهێنانی سیستەمەکە، بەتایبەت لە ناوچە دوورەکان.
· دروستکردنی
تیمی پسپۆڕی کوردی بۆ بەڕێوەبردنی تەکنیکی پرۆژەکە.
بە کورتی، بەبێ پێکهاتەی
یاسایی، ئاسایش، ژێرخانی ئینتەرنێت، ئامێری Pos، و متمانەی
گشتی، هیچ پرۆژەیەکی دیجیتاڵی بانکی سەرکەوتوو نابێت. دەبێت هاوڵاتیان هەست بکەن کە
پارە و زانیارییان لە سەلامەتیدایە.
AM:11:27:21/04/2026
ئهم بابهته 1080
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی