چیرۆکی کورتی دیموکراسیی لە مەچکۆ
ستران عەبدوڵا
کەیفیان لەگەڵ دیموکراسی و هەڵبژاردن ناسازێ، بە ئاماژەی دەستیش بێت هەر نیشانی دەدەن کە زۆریان پێ خۆش نییە دیاردەکانی کەمپین و ناساندن و بڵاوکردنەوەی بەرنامە و دروشمی هەڵبژاردن ببینن. حەز دەکەن کوێر بن و کەڕ بن بەس دروشمێکی جیاواز نەبینن و بانگەوازێکی تازە نەبیستن.
رۆژەکانی پروپاگەندەی هەڵبژاردن و جموجۆڵی لایەنەکان بۆ خۆنواندن و باسکردنی روانگە و سیاسەت و بەرنامەکانیان وەک رۆژی تاڵ و تار و تەقویمی درێژی بێ تەحەمول دەبینن. خواخوایانە زوو بڕوا و قەت نەیەتەوە.
دوژمنی سەرسەختیان ئەم یاسا و رێسایانەن کە کۆمسیۆن و مۆمسێۆن و دادگا و دەستور بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دایان ناوە. چیبکەن ؟ ناچارن وەک دەرد و بەڵای ناگەهان مامەڵەی لەگەڵ بکەن. سات و سەعات و رۆژگاری کورتی دیموکراسی لای ئەوان ساڵ و سەدە و هەزارەیە و گەرەکیانە زوو تێپەڕێت و زوو بچنەوە سەر رێگە قەدیم و خۆشەویستەکەی خۆیان کە هەر خۆیان بڕیار بدەن و هەر رەنگی خۆیان و هەر دەنگی خۆیان زاڵ بکەنەوە.
زۆر مەبەستیانە بە پەلە و بێ دواکەوتن دەزگا و دوکانی دیموکراسیی بپێچنەوە و هیچ سیما و سیفەتێکی نەبیننەوە.
مەشق دەکەن لەگەڵ ئەم شتە عەنتیکانەی لیست و رەنگ و کاندید و بانگەشە و هەوڵ دەدەن زوو تەواو بێت بەڵام هەر زوو هەڵدەچن و هەر زوو تەنگەتاو دەبن و لەنیوەی رێ پەتی تەحەمولیان دەپسێ و خۆیان ئاشکرادەکەن کە چ ماڵێکن.
دەست دەکەنەوە بە ئۆپەراسێۆنی شەق و زلە و پەلاماردان، دەست دەکەنەوە بە دیموکراسی جمێن و زمانی زبر و قابیلی قبوڵ نییە، دەست دەکەنەوە بە بەکارهێنانی لایەنگرە سەرسەختەکانی خۆیان کە گوایە بەرێکەوت لەوێ بوون و نەیانزانیووە ، گوایە ئەم دەروێشانە زۆر پەرۆشی رەنگی زەردن و حەساسیەتیان هەیە بە رەنگی سەوز و سوور و رەنگی ئاڵواڵای دیموکراسی.
لای ئەوان رۆژەکانی کەمپین وەک تەقویم و رۆزنامەی دۆزەخ وایە و زۆر بە خاوی و دڕەنگ پەڕەکانی هەڵدەداتەوە.
ئەمە چیرۆکی کورتی پارتییە لەگەڵ دیموکراسی و هەڵبژاردن و ململانێی سیاسیی ، دەتوانیت رۆمانی چەند جڵدیشی لەسەر بنوسیت، دیموکراسییەکەی جیکڵدانی تەنگە و کەم تەحەمول و نەفەس کورت.
دیمەنی وایە کە دوێنێ لەگەڵ گەنجانی سەوز لە هەولێر بە بەرچاوی مەچکۆوە کردیان . پایتەختیان وا شێواندووە قەڵای سەربەرز و دێرین خۆی شایەتی سەدان پێشێلکاری وایە و بۆ رۆژی خۆی هەڵیگرتووە تا هەڵیرێژێ.
ئەمە چیرۆکی دیموکراسییە لای زەرد کە دەشڵێن لەوەتەی هەین هەموو هەڵبژاردنێکمان بردۆتەوە.
ئاخر ئاوا بردوتانەتەوە کە هەموو شتێک دەلەوتێنن و دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکەن. لە یەکەم تەجرەبەی هەڵبژاردنیش، لەساڵی ١٩٩٢ ، هەر واتان گوت: سێ بەشی کورد پارتییە، پەرلەمانمان بۆ چییە؟
هەر واتان هێناوە کە سوعبەتی هەڵبژاردنتان بۆ قووت نادرێ و کەیفتان بە دیموکراسی نایەت. هەر واتان کردووە دامەی دەکەن تا براوەن، کە گەمەکە هاوسەنگ دەبێ توڕە دەبن و چای و قاوەی میوانداریش بەسەر یەکدا دەترچێنن: قابیلی قبوڵ نییە.
PM:10:46:31/10/2025
ئهم بابهته 784
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی