لەم یادەدا، دەست لەسەرسنگ و سەربەرزانە دەوەستم

‌خاتوو گەلاوێژ

ئەمڕۆ نەك هەر گەلی كوردستان و نەتەوەیی كورد، بەڵكو گەلانی عێراق و ناوچەكە و جیهان و تێكڕای ئازادیخوازان، یادی كۆچی دوایی كەسێك دەكەنەوە كە جێ پەنجەی بە مێژووی ناوچەی پڕ لە كێشمەكێشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە، وەك مانگ دەدرەوشێتەوە، ئەویش مام جەلالە.

ئەمە نە پیاهەڵدانە و نە ستایش، ئەگەرچی مام جەلال شایانی هەموو ستایش و پێداهەڵدانێكە، وەك چۆن یار و نەیار باس لە گەورەیی و مەزنی ئەو مرۆڤە هەڵكەوتووە دەكەن، كە كاروانی خەباتی میللەتەكەی خۆی و بەشێك لە ئازادیخوازانی ئەم ناوچەیەی گەیاندە مەنزڵ و لێواری دیموكراسی.

لەڕاستیدا سەرەتایەك نییە بۆ دەسپێكردنی خەباتی مام جەلال، چونكە ئەو هەر بە منداڵی ژیر و دەگمەن بوو، هەر بە نەوجەوانی سیماكانی سەركردایەتی و قیادەكردنی تێدابوو، بۆیە ناكرێت سەرەتایەكی بۆ دابنرێت، هەروەك چۆن كۆتاییەكیشی نییە، چونكە تا دواهەناسەی لە خەباتی ڕەوای دیموكراتیزەكردنی عێراقێكی فرەجۆر و فرە پێكهاتەی جیاواز و ناكۆكدا بوو و توانیشی هەموو جەمسەرە دژەكان كۆبكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی كە قوتابخانە و ڕێبازێكی پێشكەوتووی دامەزراند كە پڕە لە هەزاران و دەیان و سەدان هەزار قوتابی و ڕێبوار.

من نامەوێت لەسەر كۆچی كوڕە هەڵكەوتووەكەی كوردەواری بدوێم، چونكە هەر لە بنەڕەتەوە بڕوام بەدواڕۆیشتنی ئەو نییە و هەتا بمێنم چاوەڕێم جوابێكم بۆ بنێرێت یاخود خۆی بكات بەژووردا و بە سیمای پڕ هەیبەت و شكۆی بەرز و قسەخۆشەكانی هەموومان بخاتەوە پێكەنین و وتە گەوهەرییەكانی لە دڵماندا هەڵگرین.. نایشتوانم و ڕاستتروایە بڵێم نامەوێت لەسەر ژیانی پڕ لەخەبات و تێكۆشانی شاخ و شاری لە كایەكانی ڕێكخراوەیی و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و دیپلۆماسی و هەتا خێزانی و هاوڕێیەتیی مامە بدوێم، ئەمە پێویستی بە شرۆڤە و شیكاری و توێژینەوەی توێژەرانی ئەكادیمی و بەئەزموونی هەریەك لەو بوارانەیە.

بۆیە لەم ڕۆژ و یادەدا، بەدڵی تەنگ و چاوی فرمێسك تێزاوەوە، دەست لەسەرسنگ و سەربەرزانە دەوەستم و دەڵێم وەك چۆن تۆ سەربەرزانە ڕابەرایەتیی شۆڕشێكی دیموكراسیت گەیاندە هەوار، ئێمەی هاوڕێ و هاوخەبات و یەكە یەكەی نەتەوەكەت و گەلەكەت، وەك هەموو ئازادیخوازێكی جیهان، بەتۆوە سەربەرزین.


PM:03:25:03/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 1308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی