کێ پێویستە لە بەغدا بێت؟

‌د. ئەحمەد کەرکوکی

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

بیرمە کاتێک خۆم کاندید کرد بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بڕیارم دا ڕاستگۆیانەو دڵسۆزانە بچمە پێشەوەو بەڵێنەکانم لە سنووری توانای خوم تێنەپەڕن، بڕیارم دا کارێک بکەم جیاواز بم لەهەموو ئەوانەی پێش خۆم، بڕیارم دا کار لەسەر پێچەوانەکردنەوەی ڕای هەموو ئەو بەڕێزانە بکەم کە پێش هەڵبژاردن تانەو تەشهیریان پێ دەکردم یاخود پێیان دەگوتم تۆ ناتوانیت!

بەڵێ بەفەزڵی خوا و پشتیوانی خەڵکە دڵسۆزەکەمان سەرباری ئەوەی هیچ مرۆڤ و بەرنامەیەک کامڵ نیە توانیمان و دەسەڵاتیشمان وەرگرتەوەو بەبەڵگەوە شەڕی مافەکانی نەتەوەکەمان بەرپاکردو توانیمان ئەو بەڕێزانەی پێشتر دەنگیان پێنەداین بەکردار لەڕای ڕابردووی خۆیان بەرامبەرمان پاشگەزیان بکەینەوەو بڵێین (چالاک ئێمەین).

ئێستا بۆ ئەوەی پەیوەندیە پتەوەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بخەینە خزمەتی خەڵکەکەمانەوە دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە تا سنووری دەسەڵات و جوڵەو چالاکی و کاریگەریمان فراوانتر بکەین و ئەو زانست و جورئەت و زمانەی خوای گەورە پێی بەخشیوم لەپێناوی خزمەتی میللەتەکەمدا بیخەمە گەڕ و بتوانم لە بواری یاسادانان و چاودێریکردندا مێژوو تۆمار بکەم بڕیارم دا لەسەر لیستی (۲۲۲)ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بازنەی کەرکوک خۆم بەژمارە (٦) کاندید بکەم بۆ پەرلەمانی عێڕاق.

من ناڵێم هەموو شتێک دەکەم بەڵام دەنگی ئێوە هێزی زیاترم پێدەبەخشێت تا خزمەتەکانمان بۆ خەڵکی خۆمان فراوانتر بکەین و دەنگی تۆ سەنگی مەحەکە بۆ ناردنی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو چونکە سەردەمی جەنگ بەسەرچوو ئێستا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان چەکی کاریگەر هەڵبژاردنی کەسی شیاوە تا بە هەموومانەوە بتوانین کەرکوک بە خزمەتگوزاریە جیاوازەکان و چەمکی هاوڵاتیبوون ببەینە قۆناغێکی نوێ.

لێرەوە بەڵێن دەدەم چۆن لە ئەنجومەنی پارێزگا لەخزمەتی هەموواندا بووین هەر بەو جۆرە بەردەوام دەبین و هاوشێوەی پێشوو کارێک بکەم نەهیچ کاندیدێکی پێشتر و نە لە داهاتووشدا بتوانرێت بکرێت، بەڵێن بێت هیچ وەعد و بەڵێنێکی بێ بنەما بە خەڵکی خۆم نەدەم و ڕاستگۆیانە لەپێش هەڵبژاردن و پاش هەڵبژاردنیش لەگەڵ خەڵکی شارەکەم بدوێم هەر ئەمەش وای کردووە هەمیشە دووبارەی بکەینەوە (ئەوەی دەیڵێین جێبەجێی دەکەین) و لەچوارچێوەی سنووری دەسەڵات و توانای خۆم هەمیشە دەرگام کراوە بێت و لەهەر شوێنێک منیان پێوویست بێت لەوێ بمدۆزنەوە.

د.ئەحمەد کەرکوکی

کاندیدی ژمارە ٦ ی لیستی ۲۲۲ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێڕاق


PM:03:09:03/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی