سەرۆك ماجەلال و فیکری ئازادیی رادەربڕین

‌بارزان شێخ عوسمان

ئەمڕۆ هەینی  سێ ی ئۆکتۆبەر  هەشت ساڵ تێپەڕ ئەبێت بەسەر ماڵئاویی ئەبەدیی سەرۆك مامجەلالی مەزندا. لەگەڵ سەری رێز و نەوازش دانەواندا بۆ ئەو رابەرە مەزنەدا دەمهەوێت ئاماژە بکەم بۆ یەکێك لە خەسڵەتەگرنگەکانی  ئەو  کەسایەتییە سیاسییەی کە زەحمەتە وا زو  لە کوردستان وعێراق و ناوچەکەش دا هەڵبکەوێتەوە .

مامجەلال سیاسەتمەدارێك بو خەسڵەتی رابەر و بیریار و سەرکردەی زۆری تیادا کۆببوەوە، لەوانە :-باوەڕە نەگۆڕ و پتەوەکەی  بە ئازادییە گشتیی و تاکەکان  ، کە هەمیشە پانتایی و روبەرێکی بەرفراوانی بۆ ئازادیی رادەربڕین رەخساندبو .

لە سەردەمی خەباتی چەکدار کە  زمانی لولەی تفەنگ قسەی زاڵ بو ،کەچی  سەرۆك تاڵەبانیی مەزن لەناو چڕە دوکەڵی بۆمب تفەنگ دا ،دەلاقە و کڵاو رۆژنەیەکی بۆ  ئازادیی بیروڕا دەستەبەر کردبو ،هەر لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ سەبارەت بە روانینەکان بەرامبەر شۆڕش و چەمکە سیاسیی یەکان  ،تا کردنەوەی دەرگای رەخنە  لەلایەن نوسەر و روناکبیرانی بەشدار بوی کۆڕی خەبات  سەبارەت بەشۆڕش و ژیانی ئەو سەردەمەی خەبات .  هەر ئەوکاتە لە هەردو رۆژنامەی الشرارە بە زمانی عەرەبیی  و رێبازی نوێدا  جێگە تەرخانکرابو بۆ بیروڕای ئازاد ،بەڵگە و نمونەی دیکەش زۆرن  کە ئاماژەن بۆ چەسپاندنی ئەو بیرکردنەوەیەی سەرۆك مامجەلال .

ئاخر ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان کە ناوبانگێکی جیهانیی هەبو ، دەیزانی ئەوەی داوای ئازادیی و  رزگاری دەکات دەبێت راستگۆ بێت لەگەڵ خۆی و گەلەکەیدا و ئازادیی بەرامبەرەکەی بسەلمێنێت و دانی پێدا بنێت.  هەوڵ و تەقەللای  زۆریشی دا بۆ ئەوەی  هەمو هێزە سیاسییە چەکدارەکانی شۆڕش لە بەرەیەکی رزگاری خوازدا خەبات بکەن بە جیاوازیی بیرو بۆچونەکانیان   ،تا ئازادیی و فرە مینبەر سەرکردایەتیی شۆڕش بکات .هەر بۆیە  پێکهاتەی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ی وەك نیمچە بەرەیەک داڕشتبو . 

لەدوای راپەڕینیش بەر لە پێکهێنانی  پەرلەمان حکومەت مامجەلالی  هەموان ،داکۆیکارێکی شێلگیری  دەستەبەر کردنی ئازادییەکان بو ،چونکە شێوە خەباتی نوێ پێویستیی بەو لایەنە گرنگەی ژیانی سیاسیی و مەدەنیەت بو .بیری ئازادیی لای سەرۆك مامجەلال  پێویستییەکی حەیاتیی بو بۆ داهێنان و بەرەوپێشچونەکانی کۆمەڵ لە هەمو بوارەکانی ژیاندا .هەر لەو روانگەیەشەوە بو کە لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ و الاتحاد کە یەکەمیان ی ن ک دەری دەکرد و ئەوی تریان زمانحاڵی حزب بو ،پانتاییەك بۆ بیرو رای ئازاد  فەراهەم بو .
تەنانەت لە ناو حزبەکەیشیدا سەرۆك مامجەلال  پێ ی خۆش نەبو هەمو بەڵێ گۆ بن ، هانی رەخنە و سەرنجی  نێو ئەندامانی دەدا ،لەو روەوە دوپاتی دەکردەوە " راهاتن لەسەر ئەو نەریتە هەم روبەرەکانی ئازادیی تەسك دەکاتەوە ،هەم دیکتاتۆری  گەورە و بچوکیش دروست دەکات ".

فەخامەتیان پەرلەمانتارانی لیستی سەوزی ناو یەکەمین پەرلەمانی هەڵبژێراوی کوردستانی راسپارد کە قانونەکانی دایدەڕێژن مۆرکی راستەقینەی دیموکراسیی لە خۆ بگرن و جێگەی فراوانی تیادا بکرێتەوە بۆ ئازادیی رادەربڕین .

لە عراقی دوای دیکتاتۆریشدا کە ماڵ بارەگاکەی بونە سەنتەرێکی سەرەکی بۆ دامەزراندنی عراقی نوێ ،بەردەوام تەئکیدی لە پێویستیی داڕشتنی دەستورێکی دیموکراسیی دەکردەوە کە خواستی ئازادیی رادەربڕین  بۆ تەواوی گەلانی عێراق بهێنێتە دی . لە وتارە گرنگەکەشیدا لە یەکەمین  هەڵبژاردنیدا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیکردنی عێراق  گرنگیی ئازادییە گشتیی و تاکەکەسییەکانی دوپات کردەوە لە بەرنامەی کاری دەوڵەتی نوێ دا .

سەرحك مامجەلال کە باوەڕی تەواو و قوڵی بە ئازادیی رادەربڕین هەبو ، زۆر راستگۆیانە ئەو پرەنسیبانەی لە هەمو قۆناغ و سەردەمەکاندا جێبەجێ کردوە. 

بەردەوامیش تەنانەت لە خەباتی چەکداریشدا هەمیشە تەئکیدی لەوە دەکردەوە وەڵامی قەڵەم بە قەڵەم ، کتێب بە کتێب ،تفەنگیش بە تفەنگ بدرێتەوە ،لەو بارەیەشەوە نمونە زۆرن.

سەرۆك مامجەلال  لە دیدارەکانیدا  لەگەڵ لێپرسراوانی حزبە ئیسلامیەکانیشدا تەکیدی دەکردەوە کە  بە دەقەکانی  قورئان مامەڵە بکەن لەگەڵ بیری ئازادیدا،چەندین نمونەی دەهێنایەوە هەر لە (و جادلهم بالتي أحسن و، و إتبعوا أحسنە ،تا و إنا و إیاکم لعلی هدی او في ضلال مبین ).

بۆیە پێویستە  دڵسۆزن و ئەوانەی بە هەق و بەراستیی ئازادیی تاکە کەسیی و گشتییەکانیان لا پیرۆزە ،نەهێڵن کاروانی ئازادیی تاڵان بکرێت .پێویستە حزبەکەی سەرۆك مامجەلال (ی .ن .ک) زیاتر سور بێت لەسەر جوانکردنەوەی بەهاکانی ئازادیی و داکۆکی لێ بکات  هەم لە ناوخۆیدا ،هەم لەدەرەوە، تا ئازادیی رزگار بکرێت  و بخرێتەوە سەر شاڕێی خۆی و لە لوتکەدا بێت ،کە ناسنامەیەکی گرنگی  سەرۆك مامجەلال بوە لەوانی تری پێ جیا کراوەتەوە.


AM:10:44:03/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی