ئایا یەکگرتوو؛ یەکگرتوو ماوە؟!
یاسین عومەر ئیبراهیم
ئەوانەی من دەناسن، دەزانن کە ماوەی پێنج ساڵ (١٩٩٧-٢٠٠٢) ئەندامی فەرمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بووم، ساڵێک پێشتر و دوو ساڵ دواتریش هەر تێكەڵیی و دۆستایەتییم هەبووە لەگەڵ بازنە جیاوازەکانی ئەو حیزبە (ڕۆشنبیران، قوتابیان، خوشکان، مێدیاکاران و پیاوماقوڵانیان)، ئەوە یەکەم و دواهەمین ئەزموونی حیزبایەتییم بووە وەکو ئەندامێکی فەرمیی لە ئۆرگانێکی حیزبییدا.
ئەو ماوەیە، کە نزیکەی حەوت ساڵ دەکات، یەکێکە لە باشترین، خۆشترین، بەرهەمدارترین قۆناغەکانی ژیانم، ئەوکاتەی لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی شکستم هێنا، یەکگرتوو باوەشێکی فرەمیهرەبان و گرنگ و گەورە بوو بۆ من، لەناو بازنە پەروەردەیی و حیزبیی و ئیمانییەکانی ئەو ڕێکخراوەدا زۆر شت فێر بووم کە ئاستەم بوو لە دەرەوەی ئەو بازنەیە هەر وا سانا فێریان ببم.
یەکگرتووی ئەو دەمانە (١٩٩٤-٢٠٠٣)؛ بە مانای وشەکە فێرگەیەکی پەروەردەیی، عەقڵانی، هاوچەرخ بوو، ئێمە لە ماوەی یەک هەفتەدا سێ جار و لە سێ بازنەی پەروەردەیی، فیکریی و سیاسیی-ڕێکخراوەییدا کۆ دەبووینەوە، یەکەمیان؛ لە مزگەوت، بۆ پەروەردەکردنی ڕۆح و دەروونمان، دووەمیان لە ماڵی ئەو بەرپرسە حیزبییەی کە پەروەردەی فیکریی و سیاسیی و ڕێکخراوەییمانی مشتوماڵ دەکرد، سێیەمیش لە بارەگای قوتابیان یان مەڵبەندی یەکگرتوو بوو، کە لایەنی بزاوتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مەدەنییمانی تێدا ئاراستە دەکرا.
لە ماوەی یەک هەفتەدا، دەبوو ئەوەی پەیوەستە بە هزری ئیسلامییەوە خۆتی تێدا ماندوو بکەیت، بۆ نموونە لە مێژوو، فیکر، فیقهـ، هەواڵی هەنووکەیی دونیای ئیسلام ئاگادار بیت، ئینجا دەبوو لە دەرەوەی بازنە ئیسلامییەکە فیکرە مۆدێرنەکان، فەلسەفە، سیاسەتی لۆکاڵیی و جیهانیی بخوێنیتەوە و ئاگادار بیت، ئینجا لەڕووی ڕۆحییەوە، پابەندیی و پەرستشە ڕۆحییەکان، بەدەمەوەچوونی خەڵک و خوا، کاری چاکە، ڕیفلێکسیڤیتی و خۆڕەخنەکردن (محاسبة النفس) و چەردەیەک کار و خوێندنەوە و چالاکییت هەبن، من دواتر کە وازم لە یەکگرتوو هێنا، لە خۆمم دەپرسی: ئەرێ خۆ من لە قوتابخانە ئەوەندە خۆم ماندوو بکردایە لە پۆلی دوانزە ١٠٠م دەهێنا!.
لەو ماوەیەدا؛ دەبوو هەموو ئەوەی وەرت دەگرت و فێری دەبوویت و هەرست دەکرد، ببەخشیتەوە، لە شێوەی کۆڕ، سیمینار، محازەرەیەکی کورتی ناو ئەو دانیشتنانەی شەوانی هەینی کە لە ماڵی مامۆستاکەت ڕێک دەخرا، بە نووسین، بە بەشداریی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەو دەمی کوردستان. ئێمە لە بازنە جیاوازەکانی یەکگرتوودا؛ هانی کرانەوە و تەبەننییکردنی بیری ڕەخنەیی و خۆڕەخنەکردن و نەفرەتکردن لە تەعەسسوب و دەمارگیریی دەدراین، بە ڕاستیی ئەوکات یەکگرتوو حیزبێکی ئیسلامیی لیبراڵی بێهاوتا بوو لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لەو فەزا چالاک و کراوە و هاوسەنگەدا، فیگەرە کاریگەرەکانی یەکگرتوو، بە سیاسیی و بانگخواز و ڕۆنشبیرەوە لەو دەمەدا لە خوێنەوارترین مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بوون؛ ئاخر من باسی زاتی وەکو ڕەوانشادان مامۆستا و ئوستادم عومەر ڕێشاوی، مامۆستا و ڕێنماییکار و یەکێک لە هەرەخۆشەویستەکانم م. شەمال موفتی، م. ئەبوبەکر عەلی، م. ئەحمەد ساڵح، سەیدا عەبدولسەلام مەدەنی، م. ڕێبوار عەلی چەلەبی، م. عومەر عەبدولعەزیز، م. سەمیر سەلیم، مامۆستا و هاوڕێ و ئەزیزی وەکو م. بەکر حەمەصدیق، م. تەحسین حەمەغەریب، د. نوعمان محەممەد، د. ئەنوەر فەرەج، کاک سۆران سێوکانی، ئومێد قەرەداغی، ڕەوانشاد کاک هێمن قەرەداغی، م. ئیبراهیم ساڵح، مامۆستا و هاوڕێ و ئەزیزم م. ئەبوبەکر هەڵەدنی، مامۆستا و هاوڕێ و برای هەمیشەیی کاک زانا ڕەزا، لە خوشکانیش فیگەری ئاوەزمەند و عاقڵی زۆر بەرز هەبوون و هەن؛ لە نموونەی د. عالیە فەرەج، د. بێخاڵ ئەبوبەکر، ناسک تۆفیق و دەیانی دیکە کە ئەگەر بیاننووسم نووسینەکە زۆر درێژ دەبێتەوە.
لەوێدا، ئێمە فێری دوو شتی زۆر گرنگ دەکراین، دوو شت کە کرۆکی پەروەردەیی یەکگرتوو بوون و هەر بەرمەبنای پێشێلکردنی ئەو دوو شتەش بوو کە من دەستبەرداری یەکگرتوو بووم، ئەوانیش: پێکەوەگرێدانی هزر و ڕۆح، عەقڵ و دڵ... ئێمە فێردەکراین زۆر ئازایانە ئاوەزەمان بەکار بهێنین، بێ ترس، بێ دوودڵیی، بەڵام ئاگاداری ئەوە بین ڕۆحمان فەرامۆش نەکەین و نەبینە کەسێتییەکی وشکەڵاتووی ڕەق وتەق، ئیمانی ئێمە سواغدراو و پاساودراوی مێتۆدە عەقڵانییەکان بوون، لە شەک و گومان و ڕەخنەکان نەدەترساین، یەکێک لەو شتانەی هەتا ئێستاش زۆر سەرسامییم، ئەوەبوو جارێک یەکێک لە مامۆستا یەکگرتووەکانم، کتێبێکی فرە نامۆی دامێ، کە ورد رەخنەی هزری ئیسلامیی دەکرد، کە کتێبی (إسلام ضد الاسلام)ـی بیرمەندی لیبیایی (د. صادق النیهوم) بوو، وتی بیخوێنەوە، رەخنەکانی پووخت بکەرەوە، بەدوای رەخنەکانیدا بچۆ بزانە چۆنن و دواتر لە بازنەیەکی فیکرییـدا ڕانانێکی کتێبەکە بخەرە ڕوو.
لەو (یەکگرتوو)ـی ئەوسادا، لە کۆبوونەوە جیاوازەکاندا، زۆر بە توندیی رەخنەی فیکری مسوڵمانانی پێشوو دەکرا، هەڵەکانیان، بەسەرچوونی ئیستینتاج و ئیجماعەکانیان، بۆ ئێمە شیی دەکرانەوە، بگرە زۆر ئازایانە بە مێژووی ئیسلامدا دەبراین و هەڵە و پەڵە و کەموکوڕی هاوەڵەکانی پەیامبەریش (د.خ) دەخرانە ڕوو و شییکردنەوەی دەروونیی و کۆمەڵایەتییان بۆ دەکرا. لەو ڤێرژنە رەسەنەی یەکگرتوودا، جەخت لە (کاکڵە) بوو نەک (ڕووکار)، جەخت لە (حەقیقەت) بوو نەک (دەرکەوتەکانی)، جەخت لە سازانی نێوان (عەقڵ) و (ڕۆح) بوو نەک داپڵۆسینی یەکێکیان لەپێناو ئەوی دیکەیان.
لەو نێوکۆییەدا، بابەتی وەکو حیجاب و ئەوانە، سەرباری بایەخیان، بەڵام لە پرسە زۆر لەدواکان بوون، پێش نوێژ، ئێمە فێری ڕۆحکردن بە بەری پەرستشەکاندا دەکراین، فێری بەتەنگەوەهاتنی کۆمەڵ و تاکەکانی، فێری ساڕێژکردنی برین و چاککردنەوەی ڕەحلەی شکاو و دڵی شکاو و چاوی شکاو و سەری شکاو دەکراین.
لەو بازنەیەدا، ئیبن تەیمییە و بەشێکی زۆر لە میراتی حەنبەلیی و ئەشعەریی و سووننیی و شیعیی کۆن وەکو بەربەستێک لەبەردەم ئاوەڵابوونی دونیایەکی باشتر وێنا دەکران، بە درێژایی ئەو ماوەیەی من لەو بازنەیەدا بووم؛ ددانێکی خێر بە مرۆڤی وەکو ئیبن تەیمیەدا نەدەنرا، میراتی ئیخوان موسلیمینیش بەبێ تەقدیس و زیادەڕەوییەوە دەخرایە ڕوو، کوردبوون و جەختکردن لە کوردبوون ئادگارێکی سەرەکیی ئەو بزاڤە بوو.
بەڵام بە پێڕەویی (دوام الحال من المحال)؛ یەکگرتوو، هەنگاو بە هەنگاو، وردەوردە و لەژێر سندانی سەلەفیزمی عەرەبیی و چەکوشی نەخۆشییە ناوەکییەکانی بزاڤی ئیسلامیی لە کوردستان و نەخۆشییە ناوەکییەکانی خۆی، دەستبەرداری ئەو تایبەتمەندییە هاوسەنگەی خۆی بوو و سەری کرد بە ناعەقڵانییەت و هەڵگەڕانەوەیەکی بێپاساو و مەترسییداردا.
لەو دەمانەدا، لە هەر چوار بازنە سەرەکییەکەی یەکگرتوودا (بانگخوازان، سیاسییەکان، ڕۆشنبیران و مێدیاکاران)ـدا پرسی حیجاب نە موقەدەس بوو، نە شایانی شەڕلەسەرکردن، ئینجا دیاردەی وەکو نیقاب و بورقع و ئەوانە هەر مایەی تیزپێکردن و نزمنیگاکردن بوون، لەناو ئەو هێزەدا خەڵکانی تێدا بوو، (کە هێشتاش یەکگرتوون)؛ هەر لە بنەماوە باوەڕیان بە حیجاب نەبوو وەکو واجبێکی ئایینیی، لای ئەوانە (ئیحتیشام) و (حیجاب) دوو شتی تەواو جیاواز بوون. لای یەکگرتووی ئەو دەمانە، ئەو جلەی کە دوێنێ لە نمایشەکەی (هونەرگەی وڵات) فڕێ درا، پۆشاکی خەڵکی دواکەوتووی عەرەب بوو و پێش ئیسلامیش هەر باو بووە
ڕاستییەکەی ئەوەی لەو نمایشەدا فڕێ درا، جلی مسوڵمانان نییە و حیجابیش نییە بەمانا تەقلیدییەکەی، بەڵکو جلێکی نایاساییە (چونکە شوناسی کەسیی دەسڕێتەوە)، دژە کۆمەڵگەیە (چونکە تاکەکان لەیەکدیی دادەبڕێت)، نائەخلاقییە (چونکە هەر خۆی بریتییە لە بەدگومانی بەرانبەر بە مێینە کە لاواز و بێکەسێتیی و فریودەرە و بەهۆمۆساکەرکردنی ژنە و دژی مەبدەئە ئاکارییەکانی قورئانە)، لە ئاستە فیقهییە هەرە توندەکەشدا نە واجبە نە فەرزە، ئەو جلە بریتیی نییە لەو لەچک و خۆداپۆشینە شیرین و ناسکەی کە خوشکان و دایکان و کچانی ئێمە پێڕەوی لێ دەکەن و من نەک کێشەم لەگەڵیدا نییە بگرە بۆ هەندێک لە ژنان و کچان زۆر بە قەشەنگ و جوانی دەبینم، بەڵکو جلی فەرزکراوی داعشە بەسەر ژناندا...
ئەوەی بەرگریی لەو پۆشاکە دەکات بیەوێت و نەیەوێت بەرگریی لە داعش دەکات... بەو مانایە بێت دەبێت بپرسین ئایا یەکگرتوو؛ یەکگرتوو ماوە؟ یاخود بووە بە شتێکی دیکە....
وێنەکەش سووتاندنی ئەو جلەیە لەلایەن ژنێکی مسوڵمانەوە دوای ئەوەی لە خیلافەتی ئیسلامیی داعش ڕزگاری بوو، ئایا ئەویش دەبێت لە داواکاریی گشتیی سکڵای لە دژ تۆمار بکرێت؟!
PM:12:12:30/09/2025
ئهم بابهته 1504
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی