ناسکە ئاوارەی کردم
زیرەک کەمال
دۆزینەوەی جوانی لە سروشتدا خۆماندووکردنی ناوێت. فارسەکانیش دەڵێن: بە تەمەنی حەوت ساڵی گوڵستانی سەعدی بحۆنیتەوە، بە تەمەنی حەفتاساڵی تێیدەگەی، بەڵام ئەوە لای من کێشە نییە، چونکە لای من تێگەیشتن لە ناسکەی خێزانم لە هەموو شتێک گرنگترە. جا خوێنەری ئازیز با قسەیەکیش بۆ خوابکەین، ئەوەی لەنێوان من و ناسکە ڕوودەدا هەمووشی خەتای ناسکە نییە، چونکە بەینی خۆمان بێت،بەڵام باناسکەنەزانێت منیش هەندێکجار لەخەت لادەدەم.
لەم ڕۆژانە لەنێوان من وناسکە شتێک ڕووی دا، ماوەیەک پێش ئێستا لە کۆڕێکی یاران دانیشتبووم. بیرم لەوە دەکردەوە، کۆڕێکم لە یەکیەتی نووسەران بۆ ساز بکەن. لەو دانیشتنەدا (کەریم کاکە) باسی جوانی دەکرد. (مەسعود پەرێشان) سەرقاڵی دیاریکردنی کاتی کۆڕەکەم بوو. (سەلام عومەر) باسی بیست و چواری چواری دەکرد. (هێرش مەغدید) باسی تابلۆکانی دەکرد. (ئارام محەمەد) باسی ڕۆمانی هاوچەرخی دەکرد. (حەمەعەباس) باسی بیرەوەرییەکانی دەکرد. ئیدی جیهانێکی ڕەنگاڵەیی و ئاڵواڵاو دروست بووبوو، مەجلیس گەرم بوو. لەپڕ زەنگی مۆبایلەکەم لێی دا. سەیرم کرد ناسکەیە.زراوم چووچونکە ماوەیەکە لێم وەگومان کەتووە. زوو زوو تەلەفۆن دەکات و دەڵێ لە کوێی؟ ماوەیەکیشە گومانەکانی زیاتربوونە، کاتێ قسەم لەگەڵ دەکرد، ئافرەتێک لە تەلەفزیۆن قسەی دەکرد. سەت سوێندم بۆ خوارد کە لە ماڵی هاوڕێیەکم هیچ ئافرەتێکمان لەگەڵ نییە، سوودی نەبوو. لەو کاتەوە کە تەلەفۆن دەکات، دەڵێم لەگەڵ (مام عەباس)م. چونکەدەزانم ناسکە هەم متمانەی بە مامی هەیە و هەم دەشزانێ من لەگەڵ مام عەباس بم ترس و گومانی ناوێت. لەبەر خۆمەوە دەمگوت، ئۆخەی ئیشم حەل بوو. بۆیەهەرکاتێک ناسکە تەلەفۆنی دەکرد، دەمگوت لەگەڵ مامتم. چەند مانگێ ئاوا تێپەڕی.
دونێ وەکو هەمیشە بە تووڕەییەوە تەلەفۆنی کردوگوتی لە کوێی؟ منیش بۆ ئەوەی لە تام وچێژی ئەم جیهانە جوانە دانەبڕێم و ناسکە لە کورتی بیبڕێتەوە، گوتم: لەتەنیشت مام عەباس دانیشتووم. ئیدی لەگەڵ ئەو قسەیەمدا ناسکە وەکو هەوری ڕەشی بەهاران گرماندی، وەکو شەستەباران دایکرد. قیامەت هەڵساو کارەسات دەستی پێکرد. ئاخر دەزانن بۆ؟ چونکە هەر ئەوکاتەی من ئەوەم بەناسکە گوت بۆ چارەڕەشی و بەدبەختی من، مام عەباس لە هەمان کات لەماڵی ئێمە و لەتەنیشت ناسکەی برازای دانیشتووە. بڕوا بکەن لە ترسی ناسکە زمانم تەتەڵەی کردوو لەرزێکی بەهێز جەستەی داگرتم. سەرەتا (هێرش مەغدید) پێی وابوو لەرزینەکەم بیرهاتنەوەی سیحر و ئەفسوونی تابلۆیەکانیەتی. (کەریم کاکە) گوتی: تەواو تازە دیارە کوژانەوەی گوڵ ئەسترەکانی بیر کەوتووەتەوە. (سەلام عومەر) گوتی: وەڵا ڕووباری شیعرسەربەرەوخوار بردی. (ئارام محەمەد) گوتی: پێ دەچێت کارەکتەرێکی ڕۆمانەکەمی لە زەین مابێتەوە و جوانییەکەی مەستی کردبێت. بەڵام هەمووان بە سەهوو چووین، چونکە پەرێشان زوو تێگەیشت و یەکسەر گوتی: خوا شاهیدە ئەو تەلەفۆنە ناسکەبووە، بۆیە ئاوا وڕوکاس بوو، ئیدی منیش زانیم ڕۆژێکی ڕەشە و تێکەوتووم. تەشتێک قوڕەو دەبێت لەسەری بدەم، ئیدی زانیم مەم وزین لە بەکر مەرگەوەڕ خۆش بن، پیرەمێرد واز لە نەورۆز بهێنێت، گۆرانی شاعیر مەرگی هیوای کوڕی بیر بچێتەوە، ناسکە لەمن نابوورێت و متمانەم پێ ناکاتەوە. بۆیە داوام لە مەجلیس کرد ڕێیەکم بۆ پێشنیار بکەن، بەشکوو ئەوجارە ناسکە بمبورێت و بەرشەفاعەتی خۆیم بخات، هەڵبەت جەماعەت چاک ناسکە دەناسن، کە ئەوەم گوت، باس بووە باسی ناسکە و جۆرەکانی ناسکە، هاوڕابووین کە سەیرە پیاو هەیە ئاوارەیی و نەبوونی و ستەمی دیکتاتۆر چۆکی پێ دانەداوە، کەچی ناسکە دەیکاتە پەندی زەمانە، من ترس و گرتن و زیندان و خەباتی شاخ و شارم بەزاند، کەچی ئێستا ئاوارەی دەستی ناسکەم، بەڵام ددانیشی پێدادەنێم ئەو جارە هەقی ناسکەبوو ئاخرناسکەش دەزانێت پیاوهەیەلەهەرکوێیەک بێت پێویستەدرەختێکی لەتەنیشت بچێنیت چونکە ژینگەپیس دەکات،
AM:10:35:30/09/2025
ئهم بابهته 1264
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی