لە پەراوێزی موحازەرەکەی کاك ئاسۆس هەردی نوسەر و رۆژنامەنوسدا
بارزان شێخ عوسمان
هەفتەی رابردوو لە رێی وێستگەنیوزەوە دەقی هەردو بەشی موحازەرەیەکی نووسەری سیاسیی و رۆژنامەنوس کاك ئاسۆس هەردی هاوڕێ و دۆستی ئازیزم بینی و بەوردیی گوێم بۆ شل کرد کە بە ناونیشانی پەروەردەی میدیایی بوو، لەوەتەی ئەم کەسایەتییە لە نزیکەوە دەناسم کە لەساڵی ١٩٨٨ لە نۆکان بە خزمەتی گەیشتم ، حەز دەکەم گوێم لە بۆچون و قسەکانی بێت ،ئەگەرچی هەموجارێکیش هاوڕای نەبوم ،بەڵام لە بەشە سەرەکییەکانیدا هاوروانینی بوم.
بەراستیی موحازەرەکەی ئەمجارەی ئاسۆس هەردی وەك ئەوەبو بەندە پێی بڵێت وەها سیمینار و کۆڕێك رێك بخات . ئەو زۆر بە جوانیی (Media literacy) شیکردەوە و دەستەواژەکەی پڕ بە پێستی ئەو دەستەواژە بیانییە بو کە ناوی لێنا پەروەردەی میدیای.
کاک ئاسۆس کەناڵەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا لە ناویشیاندا پەیجەکانی فیسبوکی وەك نمونە خستە رو کە دەبێت وەرگر یا خوێنەر و بینەر و گوێگر چۆن لێی بڕوانن و ئەوانیش چۆن زانیارییان بدەنێ.
لە میانەی گوێگرتن و بینینی موحازەرەکەدا زۆر زانیاریی باش و پڕ سودم وەرگرت و بونە پایەیەکی باش بۆ ئاستی زانیاریم لە بارەی پەیامی سیاسیی و پەیامی هەواڵ و ئیعلامیی لەپشت هەر هەواڵ و راپۆرتێکەوە کە دو پەیامی جیاوازن . ئەو موحازەرەیەی کاك ئاسۆس چەندین زانیاری تری بیرهێنامەوە زیاتر رۆچومە ناو چەمکەکانی پەروەردەی میدیایی.
وەك رێکخراوی یونسکۆش پێناسەی کردوە پەروەردەی میدیایی وزە و توانا دەدات بە هاو وڵاتیی یا وەرگر کە بەشێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ وەرگرتنی هەواڵدا بکات و بەچاوێکی رەخنەگرانە لێی بڕوانێت . institute ئینستیتوتی روناکبیریی میدیایی ئەمریکاش وا پێناسەی دەکات کە پەروەردەی میدیایی وەرگر وا ئاڕاستە دەکات کە بە شارەزاییەوە لە هەواڵەکان ورد بێتەوە و هەڵیان بسەنگێنێت و راڤەیان بکات هەر لە رۆژنامەی کاغەزییەوە تا ئینتەرنێت (کە ئەمڕۆ لە سۆشیال میدیادا چر بوەتەوە ).
بەداخەوە زۆرینە یا زۆربەی کەناڵەکانی راگەیاندن نەیان توانیوە یا گەرەکیان نییە ، هەواڵ و راپۆرتی هەواڵ لە ئامانج و پەیامی سیاسیی جیا بکەنەوە . تا ساڵانی چل لە سەدەی رابردودا هەواڵنێرەکانی بی بی سی کە هەواڵیان دەدا بە کەناڵەکەیان روانینی خۆشیان دەخستە سەر ، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٥ بە دواوە بوە بڕیار کە هەواڵنێر تەنیا روماڵی هەواڵ بکات خۆیان لە بی بی سی روانین و کۆمێنتەکان دەخەنە رو ، تەنانەت لە بێژەرەکانی تەلەفزیۆنیشیان قەدەغە کرد شادیی یا غەمباری خۆیان دەربخەن لە کاتی خوێنەوەی هەواڵی خۆش یا ناخۆشدا .
ئەوە بەو مانایە دێت کە هەواڵ دەبێت وەك خۆی بخرێتە رو دواتر راڤە و شیکردنەوەی بۆ بکرێت .
لە میانەی موحازەرەکەی کاك ئاسۆسدا ئەوەم بە بیردا هات کە میدیا بەگشتیی لە ناوچەکەدا میدیایەکی ورژێنەر و هەڵچوە و وەرگری کردوەتە بەرخۆرێکی باشی خۆی لێ ناگەڕێت خۆی بڕیار بدات و بیر بکاتەوە ، بە بڕوای من کەناڵی الجزیرە ئەم ئاوەی رشت ، بەمەش وەرگرێکی زۆری بۆ خۆی پەیدا کرد. لە کاتێکدا الجزیرە پەیامێکی تایبەتیی خۆی هەبو . سەرباری ئەوەی ناوێکی قەبەی بۆ قەتەر دروستکرد کە ململانێ بکات لەگەڵ ماشێنی ئیعلامیی عەرەبستانی سعودی(art)یەکان و خودی بنەماڵەی شاهانە و چەندین ململانێی تر کە بەهێزی نەرم دەیکردن ، سەکۆیەکیش بو بۆ ئەوەی جیهانی عەرەبیی و ئیسلامیی لە کێشەی عەرەب —ئیسراییلدا هەر تەنیا گوێی لەدەنگ و سەنگی فەڵەستینییەکان و عەرەب خۆی نەبێت ،بەڵکو دەنگی ئیسراییلیش ببیسترێت ، بەمەش بوە پێشەنگی میدیای ناو جیهانی عەرەب کە میوانداریی ویەبێژی سپای ئیسراییل و لێپرسراوانی تری ئەو دەوڵەتە بکات و روانینی خۆیان بخەنە رو . جا بە هۆی نەبونی پەروەردەی میدیایی لە ناوچەکە الجزیرە توانی زۆر بە ئاسانیی هەواڵی دروستکراوی بێ بنەماش لای وەرگر بکاتە راست ،وەرگری کردە ئامێر و بەرخۆرێك کە تامەزرۆی هەواڵی هەر ئێستا و لایڤ بێت و بیر نەکاتەوە لە راستیی و دروستیی تەنانەت لە وێنە و ڤیدیۆکانیش.
سەرباری ئەوەی پەروەردەی میدیایی لە سەدەی رابردودا لە ئەمریکا و ئەوروپادا رەگی داکوتاوە ،کەچی میدیای چەواشە هەر کنە دەکات و مەرامێتی تەنگ بەو کەڵچەرە هەڵبچنێت کە دەیان ساڵە چەسپاوە ،تا وەرگر بە هەمو هەواڵ و ڤیدیۆیەك باوەڕ بکات ، هەر بۆیە ئێستا میدیای ئەمریکایی و ئەوروپایی دەزگاو دامەزراوەی گرنگیان خستوەتە کار بۆ زیاتر هوشیار کردنەوەی وەرگر. تا باوەڕ بە هەمو هەواڵێك نەکات بە تایبەتیی ڤیدیۆ کان ، بۆ ئەم مەبەستەش لە بەرامبەر بڵاو بونەوەی هەر هەواڵێکی پەیوەست بە روداوە سروشتییەکان یا جەنگ و پێکادانەکاندا ، وردبینیی زۆر دەکرێت ، لەو بارەیەشەوە رۆژانە لە کەناڵە راستگۆ و باوەڕ پێکراوەکانەوە ئەو ڤیدیۆ و وێنە تەزویر و دروستکراوانە بەدرۆ دەخرێنەوە و راستییەکان بۆ وەرگرەکانیان دەخرێنە رو . الجزیرە ، العربیە ، کەناڵەکانی تورکیا و چەندینی تریش لە جەنگی ناوخۆی سوریادا پلەی نایابیان هێنا لە دروستکردن و بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی دروستکراو لە دژی رژێمی سوریا ، لە جەنگی پەلاماری روسیاش بۆسەر ئۆکراین دا، روسەکان و هاوپەیمانەکانیان زۆر بە فێڵبازانە ڤیدیۆی دروستکراو و تەزویر یان بڵاوکردەوە لەدژی هێزەکانی ئۆکرایین ، بەردەوام لەرێی پشکنین و کنەکردنەوە وێنەو ڤیدیۆکان بەدرۆ دەخرانەوە ، ئێستاش لە جەنگی غەزەدا بە هەمان شێوە ئەو نمایشکردنە درۆ و دروستکراوانە بەردەوامن بۆ راکێشانی سۆزی وەرگر.
خاڵێکی تریش کە موحازەرە گرنگ و پڕ سودەکەی کاك ئاسۆس بیری هێنامەوە ، ئەو بێ مۆراڵییە کە میدیا وەرگری پێ راهێناوە ئەویش گوێ نەدانە بە پیشاندانی وێنەی هەمو روداوێك بە خێرایی و بەشێوەی راستەوخۆ ئەوەش هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ون بون یا نەبونی پەروەردەی میدیایی . ئەوەی لە میدیاکانی ئەم ناوچەیە دەبینرێت لە هیچ شوێنێکی دنیادا نییە ، بۆ نمونە لە هەر روداوێکدا ، کوشتن، روداوی هاتوچۆ ، شەڕی نێوان دوکەس ، هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی پۆلیس ،دەستگیرکردنی کەسێك ،کەوتنە خوارەوە لە ئەپارتمان ، یا هەر روداوێکی تر ، تا پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار وێنە و دیمەنەکان بڵاو نەکەنەوە و کاری خۆیان تەواو نەکەن هیچ کەسێك بۆی نییە وێنە بگرێت یا قسەی لەبارەوە بکات ، وێنە گرتنیش پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار دیاریی دەکەن چۆن و لەچ شوێنێکەوە بگیرێت .
ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەروەردەی میدیایی وەرگرەکانی وا راهێناوە چاوەڕێی هەواڵی راست بکەن ،دیارە ئەوەش لەو روانگەیەوەیە لایەنی پەیوەندیدار زانیاریی راست و دروستی دەداتێ ،میدیاش خۆی متمانە بەو سەرچاوانە دەکات.
کەواتە وەك کاك ئاسۆس هەردی لەهەردو بەشەکەی موحازەرەکەیدا دوپاتیکردەوە پێویستە ئێمەش پەروەردەی میدیایی ببێتە جێی بایەخ و لە قۆناغەکانی سەرەتاییەوە یا لانی کەم لە ناوەندییەوە بخوێنرێت ،تا هەم وەرگر بەدوای هەواڵی نادروست دا نەگەڕێت ، هەم میدیاکان خۆشیان بەرپرسیارانە هەواڵ بگەیەنن. لەم بوارەشدا دەکرێت لەرێی یونسیفەوە یا ئەزمونی وڵاتێکی وەك ئوردونەوە سود لە بەهاکانی ئەم نیعمەتە وەربگیرێت.
AM:11:59:23/08/2025
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی