سیاسەتی هاوپەیمانی ‌و پێداویستی خوێندنەوەیەكی نوێ

‌کاوە محمود

بە ڕوونی.. سیاسەتی هاوپەیمانی ‌و پێداویستی خوێندنەوەیەكی نوێ

بەشی پێنجەم/ هاوپەیمانی‌ و شوناسی ململانێیەكان

لە بواری كاری هاوبەش ‌و هاوپەیمانیدا، حزبی شیوعی ڕووبەڕووی حاڵەتێكی واقیعی دەبێتەوە، ئەویش فرەبوونی بەرنامە‌ و پرۆژەكانە سەبارەت بە دواڕۆژ ‌و گۆڕانكارییەكان ‌و هەر لایەنێكیش پرۆژەكەی خۆی بە بنەما بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێداویستییەكانی قۆناغەكە دادەنێت. هاوكات لەگەڵ ئەمەدا شێوازێك لە شێوازەكانی ململانێكان لەژێر كارتێكردنی هۆكاری ناوخۆیی ‌و دەرەكیدا ناسەقامگیری بۆ پرۆسەی سیاسی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دروستدەكات.

 لەم حاڵەتەدا گرنگە هەڵوێستی هەر لایەن‌ و پێكهاتەیەكی سیاسی سەبارەت بەو ناكۆكییانە‌ و مامەڵەكردن لەگەڵیاندا، بنەمایەك بۆ پەیوەندی حزبی شیوعی بەو لایەنەوە بێت. ئەمەش بەگوێرەی بەرنامەی سیاسی ‌و ئابووری ‌و كۆمەڵایەتی گشتی حزب‌ و میكانیزمەكانی مامەڵەكردنی دیموكراسییانە ‌و كاركردن لەگەڵ بەرامبەر ‌و بەدەمهاتنی ‌و كارتێكردن لەسەری ‌و تێكڕای ئەمانەش لە سایەی دەوڵەتی یاسا‌ و بەهای هاووڵاتیبوون ‌و نەریتەكانی مافی مرۆڤ ‌و دابینكردنی ئازادییە سەرەكییەكانی تاك، ئەنجامدەدرێت.

لەكوردستاندا شوناس ‌و ڕەهەندی ململانێیە ناوخۆییەكان جیاوازی ‌و تایبەتمەندی خۆی هەیە ‌و ناكرێ بەهەمان پێوەرەكانی بابەتی هاوپەیمانی لە ئاستی عێڕاقدا تەماشابكرێت.

 بۆ نموونە، سەرەڕای بوونی تەوافوقێكی لاوازی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەئیدارەی حكومەتدا، تائێستاش ململانێ لەنێوانیاندا بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە‌ و ئاكامەكی بەشێوەی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵك ‌و بواری دیموكراسی ‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتی ‌و بنیاتنانی دامەزراوەیی كارا‌ و نەبوونی بنەماكانی (حوكمڕانی باش) ڕەنگیداوەتەوە.

بەشێكی دیكەی ئەو ململانێیانە كە شێوازی چەمكی دەسەڵات ‌و ئۆپۆزسیۆنی وەرگرتووە، گوتارێكی پۆپۆلیستی بەخۆوەگرتووە ‌و جۆرە هۆشمەندییەكی چەواشەكارانەی دروستكردووە، كە لەسەر بنەمای دووفاقی ‌و دوو جەمسەرییە‌ و دوورە لە هەڵسەنگاندنی بنەمای بەرنامەیی لایەنی سیاسی.

  ئەگەر ئەم پێوەرانە لە ئاستی عێراقدا لەبەرچاوبگرین، ئەوا گرنگە خۆمان لە بۆچوونە لیڵ ‌و نادروستەكان بپارێزین لە بواری هەر  كارێكی هاوپەیمانیدا تەنانەت ئەگەر لە بواری هاوپەیمانی یەك لیستی لە كاتی هەڵبژاردندا بێت‌ و هەڵەی چەمكی "كوتلەی مێژوویی" بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری چاوەڕوانكراو وەك ئەوەی لە هاوپەیمانی سائرون نێوان حزبی شیوعیی عێڕاق ‌و ڕەوتی سەدڕدا ڕوویدا، دووبارەنەكرێتەوە، چونكە كۆمەڵگەیەك، كە تا ئێستا ئایینی لە دەوڵەت جیانەكردبێتەوە‌ و خودی دەستوورەكەی زەمینە بۆ دەوڵەتی ئایینی خۆشبكات ‌و هێزی سیاسی كاریگەر ‌و هێزی كۆمەڵایەتی بەرچاو داوای سكولاریزم نەكات‌ و تایفەگەری بنەمای ژیانی سیاسی بێت تیایدا، ئایا دەتوانێ بە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی ئیسلامی ‌و تایفەگەری گۆڕانكاری دروستبێت؟!

لەم دۆخەدا ئاراستەی "كوتلەی مێژوویی" دەچێتە ریزبەندی شێوازێكی دیكەی گوتاری پۆپۆلیستییەوە.

بەشێوەیەكی گشتی گرتنەبەری شێواز ‌و گوتاری پۆپۆلیستی لە كاری سیاسیدا، چ لە عێڕاقدا بێت یان لە كوردستان، بۆتە مایەی خوڵقاندنی هۆشمەندی چەواشە‌ و شێوازێكی كاریگەر لە پرۆسەی دژەشۆڕش. لەكۆتاییدا ئەم گوتارە فرەڕەنگ ‌و فرەڕەهەندە، كە لە ناوەڕۆكدا گوتاری ناوەندە سەرمایەدارەكان ‌و هێزی ڕاستڕەوە ‌و تەنانەت كاتێكیش چەپ لاسایی هێزی ڕاستەڕەو دەكاتەوە، گوایە بەمەبەستی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، بەرگێكی چەپ بۆ گوتاری پۆپۆلیستی خۆی دەدوورێت، ئەوا ئاكامەكەی بە بەرژەوەندی سەرمایەدارانی ئۆپۆزسیۆن‌ و دەسەڵات دەشكێتەوە ‌و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی لەباردەبات.
گوتاری پۆپۆلیستی لە ڕێگای زانیاری نادروست ‌و نەبوونی خوێندنەوەی ڕەوشی سیاسی ‌و كۆمەڵگەیی وەك خۆی كە هەیە‌ و بەپشتبەستن بە گوتاری ورووژاندن كار بۆ دروستكردنی هیستیریای بەكۆمەڵ لەنێو كۆمەڵگە و تەنانەت لەنێو حزب دروستدەكات ‌و جموجۆڵی وەرزی لە ناڕەزاییەكان بە جێگرەوەی خوێندنی ڕیزبەندی چینایەتی‌ و دەستنیشانكردنی ئاراستە ‌و پێداویستییەكانی تێكۆشان ‌و گەڵاڵەكردنی بەرنامەی تێكۆشانی جەماوەری ‌و ریزبەندیكردنی ئەركەكان‌ و داوای جەماوەر، دادەنێت.

ناوەندەكانی داڕشتنی گوتاری پۆپۆلیستی بەشێوەیكی مێژوویی، بۆچوون ‌و گوتار ‌و شێوازی كاركردنی خۆیان ئاراستەی ناوەند ‌و توێژە پەراوێزخراوەكان كردووە ‌و زۆربەی جار هەوڵیانداوە جلوبەرگێگی ئایدیۆلۆژی بكەنەبەر گوتاری پۆپۆلیستییەوە‌ و وەك ئایدیۆلۆژیای هزری بزاڤی ناڕەزایی لە كۆمەلگەدا نمایشی بكەن.

گرنگە لە ئاستی عێڕاقدا پێوەری سەرەكیمان لە مامەڵەكردن‌ و كاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا، مەسەلەی بنیاتنانی عێراقێكی دیموكراتی مەدەنی نوێی فیدراڵ، دژ بە تیرۆر ‌و تایفەگەری ‌و عەقلیەتی شۆڤینیستانە ‌و نەهێشتن ‌و حیسابنەكردن بۆ بەرامبەر بێت.

  لە كوردستانیشدا، تێكۆشان بۆ مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی ‌و گەیشتن بە مافی بڕیاردانی چارەنووس ‌و ئەنجامدانی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای پرۆژەی دیموكراتی مەدەنی عەلمانی، كە ئازادییە دیموكراتییەكان سەقامگیر بێت ‌و پەرەسەندنی ئابووری ‌و ماف ‌و داواكاری‌ و پێداویستییەكانی خەڵك ‌و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی، دابینبكات، بنەمای سەرەكی سیاسەتی هاوپەیمانی ‌و كاری هاوبەشە لە گەڵ حزب ‌و لایەنە سیاسییەكاندا.

 ـــ مەبەستمان لە هاوپەیمانی ‌و كاری پەیوەندییەكان چییە؟

  كاركردن لە بواری هاوپەیمانی‌ و كاری پەیوەندییەكاندا شێوازێكی تێكۆشانە بە نیسبەت حزبمانەوە بۆ ئەوەی لە تێروانینێكی واقیعبینانەوە هەنگاو بۆ كاری هاوبەش بنێن لە پێناوی جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی حزبمان. مەبەستی حزبمان لە كاری پەیوەندییدا وەك بوارێكی تایبەتمەند جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەیە:

ـ كارتێكردنی ئیجابییانە لەسەر بەرامبەر لە رێگای ناسین‌ و حاڵیبوون لەبەرامبەر وەك هەیە نەك وەك ئەوەی، كە ئێمە خوازیارین بەرامبەر چۆن بێت. ئەمەش بەپێی گوتاری سیاسی ‌و هەڵوێست‌ و كاری رۆژانە ‌و مامەڵەكردنی لەگەڵ ڕووداوەكاندا.

  لەم بوارەدا حزبمان خاوەنی ئەزموونێكی دەوڵەمەندە‌ و لە قۆناغی جۆراوجۆردا دروشمی سیاسی خۆی لەلایەن ناوەندێكی فراوانی حزب‌ و پێكهاتە سیاسییەكانەوە پەسەندكراوە ‌و بۆتە دروشمی بزووتنەوەی نیشتمانی.

ـ دۆزینەوەی ڕایەڵی هاوبەشی هەنووكەیی، لەسەر بنەمای هەڵوێستوەرگرتن لە ململانێیەكی دیاریكراو‌ و لە رێگای هەماهەنگی‌ و سازبوون لەسەر ئەو بەرژەوەندییانەی لە یەكتر نزیكن، لە پێناوی دروستكردنی بڕیاری هاوبەش نێوان دوو لایەن یان زیاتر، بۆ ئەوەی ناكۆكیییەكان مۆركێكی شێواو و تێكدەرانە وەرنەگرێت ‌و لە ئاكامی ئەو ڕایەڵە هاوبەشەدا بەرهەمێكی گرنگ ‌و بایەخدار ‌و سوودمەند بۆ هەموو لایەنەكان بێتەكایەوە.

ـ دەستنیشانكردنی ناكۆكی‌ و ململانێی سەرەكی ‌و ئەركەكان بە ڕچاوكردنی قۆناغی مێژوویی ‌و لەسەر بنەمای دەستنیشانكردنی هێزە بزوێنەرەكانی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی ‌و كاری هاوبەش لەگەڵ ئەو هێزانەدا بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركانە.

ـ هەماهەنگی‌ و كاری هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی تایبەتن بە ئایندە‌ و دواڕۆژی مەسەلەی نیشتمانی گەلەكەمانەوە.

ـ وەدیهێنانی پشتگیری ڕای گشتی نیشتمانی ‌و هەرێمایەتی ‌و نێودەوڵەتی، سەبارەت بە هەندێ مەسەلەی دیاریكراو. ئەمەش لە رێگای یەكبوونی هەڵوێستەكان‌ و هەماهەنگی لە چالاكییەكاندا.

ـ بینینی ئەزموونی تێكۆشەرانەی لایەنەكانی دیكە لە بوارە جیاجیاكاندا. ئەمەش لە ڕێگای پتەوكردنی پەیوەندی‌ و ڕێكخستنی دیمانەی هاوبەش لەگەڵ حزبە دۆستەكاندا.

ـ گرنگی كاری هاوبەش چەپ ‌و پەرەپێدانی بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانی چەپ‌ و جەختكردن لەسەر بەرنامەی ڕادەی نزم بەمەبەستی كۆكردنەوەی تواناكان ‌و جەختكردن لەسەر بابەتە هاوبەشەكانی خەڵك، ئەمەش پێویستی بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی نەرمی نواندن‌ و كرانەوە بەرامبەر یەكتر لە بازنەی كاری چەپ ‌و لە چوارچێوەی دۆزینەوەی ڕایەڵەی كاری هاوبەش هەیە.

ـ كاری هاوبەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە پێناوی ئەو مەسەلانەی مۆركێكی مرۆیی گشتییان هەیە، وەك بەشداری لە گەشەپێدانی هاوبەش ‌و ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەكانی ژینگە‌ و برسێتی ‌و هەژاری‌ و دژایەتی تیرۆر.

ـ داهێنانی تیۆری قووڵ‌ و پشتبەستوو بە لێكدانەوەی زانستی لە بواری دەستنیشانكردنی ئەركە نیشتمانی ‌و چینایەتی ‌و داكۆكی لە ئازادییە گشتییەكانی ‌و مافی ژنان ‌و تێكۆشان بۆ مۆدێرنەسازی‌ و ڕۆشنفیكری ‌و عەقلانیەت‌ و گرێدانی ئەم ئەركانە لە چوارچێوەی یەك باكێچی تێكۆشاندا.


AM:11:18:04/08/2025

ئه‌م بابه‌ته 1076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی