تەمەنی دەزگای خێرخوازی بارزانی بو بە ٢٠ ساڵ
ئاری محهمهد ههرسین
ئێمە لە وڵاتی خۆمانا (مەبەستم هەرێمی کوردستانە) کێشەمان زۆرە کە پێویستە لە ڕێی ئەزمون کردنەوە (واتە لەڕێی تێپەڕین بە تەجروبەکاندا) چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. دو لەو کێشانە مەسەلەی سەندیکاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنین. بۆچی لەم دو بوارەدا کێشەهەیە؟… چونکە لەهەردوکیاندا دەست تێوەردانی حیزبی هەن.
دەزگای خێرخوازی بارزانی وەک پڕۆژەیەکی خزمەتکردنی بێ بەرامبەر بۆ گەل و نیشتیمان (٢٠) ساڵ پێش ئێستا لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە دامەزراوە. سەرچاوەی مالی ئەم دەزگایە وڵات و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و کەسانی بەخشندەی هەرێمی کوردستانن. بەمەزەنەی لێکدانەوەی بەندە، ئەکرێت تایبەتمەندی ئەم پڕۆژەیە لەم سێ خاڵەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە:
یەکەم: ئەم پڕۆژەیە وابەستەی هیچ حیزبێک نیە. تەمویلی مالیی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە لایەن پارتیەوە ناکرێت، هەر بۆیەش ئۆرگانێکی حیزبی نیەو سەر بە پارتی بێت. هیچ ئۆرگان و بەرپرسێکی پارتی دەسەڵاتی بەسەر ڕوخساری چالاکیەکان و شێوازی جێبەجێکردنیاندا نیە. ئەمەش وای کردوە کە هەمو کەسێکی موستەحەق شانی سودمەندبونی لە هاوکاریەکانی ئەم دەزگایە هەیە. ئیتر ئەم کەسە بێ لایەن بێت، یان ئەندام و هەواداری حیزبێکیتر بێت (لە حیزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن) هاوکاری کراوە، بە بێ گوێدانە ئینتیمای حیزبی و سیاسی.
دوهەم: ئەم ڕێکخراوە مۆدێلێکی ئیدارە (Managment) ی سەرکەوتوی لە بواری هونەری بەڕێوەبردنەوە لە هەرێمی کوردستان هێناوەتە ئاراوە. هەمو جومگە سەرەکیەکانی ئیدارەیەکی ڕەشید وەک: دیسپلینی کار کردن و پایبەندبون بە جێبەجێکردنی ڕێنماییە ئیداریەکان، شەفافیەت و ڕێگریکردن لە گەندەڵی، پڕۆفێشنالیزم لەکارکردن (لەسەر ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتی)، ستافی دڵسۆز و ماندونەناس، بە کردار (نەک بەس بە قسە) ئەکتیڤ کردنی هۆبەی توانای مرۆیی (Human Resources)، جێبەجێ کراون. سەرکەوتنی ئەم مۆدێلە بۆ کارامەیی و جدیاتی بۆردی دەزگاکەو سەرۆکایەتی دەزگا کارمەندە ئازاکانی دەگەڕێتەوە. بەداخەوە ئەم جۆرە لە مۆدێلی ئیدارەدان هێشتا لەناو حکومەت و حیزبدا وەک پێویست نەگەیشتونەتە ئاستی پێویست. بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین لەم مۆدێلەوە شت فێربین و ڕیفۆرم لە شێوازی ئیدارەی کۆمەڵگاکەماندا بکەین.
سێهەم: دەزگای خێرخوازی بارزانی پڕۆژەیەکیشە بۆ هاندانی کاری خۆبەخش و بێ بەرامبەر. بەهەزاران هاوڵاتی کوردستان، بەو کەسانەوە کە دەوڵەمەندن، هەتا دەگاتە ئەوانەی کە شتێکی ڕەمزیان لێ زیادە و دەیبەخشنە خەڵکی هەژار، بەشدارن لە سۆزداری و هاوکاری بۆ هاونیشتیمانیانی خۆیان. ئینسان ئەگەر هەستی بە ئازاری خەڵکی هەژار و ماڵوێران نەکرد، هەر وەک سەعدی شیرازی ئەڵێت، گوناحە پێی بڵێی ئینسان:
تو کز محنت دیگران بی غمی
نشاید کە نامند نهند ادمی
دواجار لەسەر لۆگۆی فەرمی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتەیەکی مەلا مستەفای بارزان نوسراوە کە بەم جۆرەیە: هیچ شتێک بۆ ئینسان (شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەداری کوردستان- بە ڕای بەندە بارزانی مەبەستی لە ئینسان زیاتر شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار بوە) لەوە خۆشتر نیە کە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت. گەورەیی ئەم دەزگا خێرخوازیەش هەر لە خزمەتکاریایەتی لە پێناو سەرفرازی گەل و سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان. ئەم دەزگایە و شێوازی ئیشکردنی دەریچەیەکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.
PM:08:45:03/08/2025
ئهم بابهته 1552
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی