ترخێنەی سیاسی (1)
شوان عەباس بەدری
کۆمیدیای ڕەش چییە؟
ئەوەیە کە حکومەتێک کە خۆی پێ زۆر موهیمە چاوەڕێی حکومەتێکی تر بکات مووچەی بۆ بنێرێ!
نەرجسییەت و نەزانی چییە؟
ئەوەیە کە کەسێک کە خۆی بە گەورە و ڕیش سپی هەرێمەکەی بزانێت و سەڕەرای هەموو ئەو مەینەتی و کۆڵەوارییەی کە بەسەر گەلەکەیدا هێناوە و بە هۆی ئەو هەنگاوە هەڵانەی کە بە خواست یان بێ خواستی خۆی هەڵیهێناوە و خەڵکەکەی هەموو تووشی کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر کردووە، کەچی هێشتا خۆی پێ ڕاست بێت و بڵێ لە هیچ شتێکی ژیانم پەشیمان نیم!
فشاری دەروونی چییە؟
ئەوەیە کە تۆ وەک مووچەخۆرێک و کەسێکی ئاسایی لەبەر بێ پارەیی و نەبوونی ڕووت نەیەت سەیری منداڵەکانت و کەس و کارت بکەیت.
ڕابواردن چییە؟
ئەوەیە کە سەبەبکاری قەیرانەکان و فشارە دەروونییەکان لە کاتێکدا خۆیان بە ملیارە دۆلار دەڵێن دینارێک، یەنە سەر شاشە یان لە ڕێگەی پەیامەوە داوای خۆڕاگری لە تۆی مووچەخۆر و کاسب دەکەن و بە تەنەکە سپاست بەسەرا ئەبارێنن و لەدڵەوە بە عەقڵی خامی تۆ پێدەکەنن بۆ ڕازی کردنی گەورەکانیان لە وڵاتێکی دراوسێ.
مۆتەکە چییە؟
ئەوەیە کە تۆ لە شیرینی خەودا بە دەنگی منداڵە شیرەخۆرە برسییەکەت ڕائەچڵەکی و قووتوویەک شیرت لە ماڵەوە نییە تا ساواکەت تێربکەیت یان منداڵە نەخۆشەکەت ببەیت بۆ دکتۆر یان خۆت لەتاو ئازار خەبەرت ئەبێتەوەو بەخۆت ئەڵەی مردن باشترە لەم ژیانە.
تاڵاو و پووکانەوە چییە؟
ئەوەیە کە دەبینی هەموو تەمەنت بۆ ئازادی خاکەکەت و خەڵکەکەت تەرخان کردبوو، کەچی ئێستا بەراز و کەمتیارەکان بوون بە دەم ڕاستی گەلەکەت!
هەرەس و خوولانەوەی هزری چییە؟
ئەوەیە کە لێپرسراوە باڵا حزبی و حکومییەکان لە دوایین مۆدیلە بەرزەکانی ئوتۆمبیل دادەبەزن و چاکەت و پانتۆڵێکی مارکەیان لەبەر کردووە و گرانبەهاترین جۆری عەتریان لەخۆیان داوەو لەبەر دەم مایکەکاندا بێشەرمانە ڕوودەکەنە شاشە و دەڵێن، ڕێککەوتین و ڕێکنەکەوتین، ڕێکنەکەوتین و ڕێککەوتین، تۆش لە نێوان ئەم ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنەدا ئەکەویتە ناو گێژاوێکی بێ کۆتایی!
لیستی مووچە چییە؟
لیستێکە هەموو چەن مانگ جارێک لەلایەن حکومەتە خۆماڵییەکەت لەدوای جەنگێکی دەروونی زۆر و فشارێکی بێ کۆتایی بڵاودەکرێتەوەو وەک پیاوەتیش پێت ئەفرۆشنەوە.
تەوتین چییە؟
کلیلی ڕزگاربوونی تۆیە لە دەست چەتەکانی کوردایەتی فەیک و لیستی چەند مانگ جارێک سووکایەتی و گەر بەبێ ئاوێنە پشتی گوێت بینی ئەوا تەوتینیش ئەبینی!
فەرمانبەری حکومی چییە؟
جاران بەرزترین پێگەی لەناو کۆمەڵگەدا هەبوو و بەتایبەتیش گەر مامۆستا بوویتایە خەڵک لەبەردەمتا هەڵدەستان، بەڵام ئێستا و لە ژێر سایەی حکومەتی خۆماڵی هەر ئەوەنەی زانیان فەرمابەری ئەڵێن، ئەوە سواڵکەرەکە هات!
درۆ و بێ شەرمی چییە؟
ئەوەیە کە سەبەبکاری بڕینی قووت و مووچەی خەڵک یەتە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و دەڵێت، لە پێناو بەرژەوەندی گەلەکەمان نەرمیمان نواندووە و ناڵێت، خۆمان و ئەوانەی خۆمان مەبەستمانە تەوتینی بەغداین و خەڵکەکەش با بۆ خۆی سیربخوات و زوڕنا لێبدات.
دووڕوویی سیاسی چییە و چۆن وەڵام ئەدرێتەوە؟
ئەوەیە کە تۆ خۆت مووچەیەکی چەند ملیۆنی بەغدات هەیە و کەس و کارەکەشت لە دەوری خۆت لە بەغدا دامەزراندووە و حەوت پشتت تەوتینی بەغدایە، کەچی یەیتە بەردەم مایکەکان و بۆ مووچەخۆر و برسییەتی مووچەخۆر فرمێسکی تیمساحی ئەرێژی، تەماتە و هێلکەبارانکردن باشترین وەڵامە!
ئۆپۆزسیۆن چییە؟
هەر برادەرانی دەسەڵاتن و بۆ دامرکاندنەوە و کۆنترۆڵی تووڕەیی خەڵک و بەلاڕێدا بردنی تۆ ماسکیان لە دەم و چاو ناوەو بەرگی تەقواو خەمخۆریان پۆشیوە و بڕە بەشێکی چەوریشیان لە کێکەکەی داهات و حکومەت و باج و خەراج و نەوت و سەرانەسەندن و بازرگانی هەیە لای برادەرانی سەرەوە!
چارەسەر چییە؟
یان ئەوەتا ئیتر ڕێگە مەدەن کەس پەنجەی هەڕەشەی پووچ و بەتاڵ و بێ بەرهەم لە کۆڕوکۆبوونەوە حزبییەکاندا بەرامبەر هیچ کەس و لایەنێک ڕابوەشێنێت و دوای ئەوەی قوڕی بۆ گرتنەوە خۆی بشارێتەوە، یان ئەوەتا لەکونجێکی تاریک و تەنیا گوێ لە داریوش بگرە و بۆ بەدبەختی خۆت و ماڵ و مناڵت بگری!
PM:01:50:24/07/2025
ئهم بابهته 684
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی