ئەنکارا بیناقاقای بەغدا دەگرێت!
نووری بێخاڵی
سەرۆکایەتیی تورکیا لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٥ بڕیاری ژمارە ١٠١١٣ی تایبەت بە کۆتایی پێ هێنان بە ڕێککەوتنی هێڵی بۆڕییەکانی نەوت لەگەڵ عێراق، دەرکرد. ئەمەش واتا بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەو ڕێککەوتنەی، کە ساڵی ١٩٧٣ لەم بارەیەوە لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا کرا بوو. دیارە بڕیاری کۆتایی پێ هێنانەکە، ناوەڕۆک و وردەکاریی کۆی پڕۆتۆکۆڵ و پاشکۆ و پاشبەندەکانی ڕێککەوتنەکە دەگرێتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە زۆربەی خوێندنەوە کوردییەکانی خۆمان بەو ئاراستەیەدا بوون، کە ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتیی تورکیا، کارتێکی دیکەی فشاری ناڕاستەوخۆیە بۆسەر هەرێمی کوردستان و لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی و خزمەتکردنێکی ڕاستەوخۆیشە بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و بەهێزترکردنی هەژموون و هەڕەشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە دۆخی ئێستادا کە بەغدا سێ مانگە لە ڕێگای بڕینی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و قووتی کوردستانیان، فشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان، کەچی بە دەگمەن بیریان بە لای دیوێکی دیکەی شاراوە و گرنگی بڕیارەکەی تورکیا چوو، کە ئەویش بە ئامانجگرتن و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر خودی عێراق و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی، چۆن؟
ئەم بڕیارەی تورکیا لێدانێکی کوشندەیە لە پەکخستنی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، بەتایبەتی هێڵی گواستنەوە (کەرکووک - جەیهان) کە شادەمارێکی گرنگ و سەرەکیی هەناردەی نەوتی باکووری ئەو دەوڵەتەیە. بەجۆرێک، داخستنی ئەم هێڵە، عێراق تووشی زیانی لەدەستدانی نیوەی نەوتی هەناردەی ئەو ناوچەیەی دەکات، کە زیاتر لە پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.
ئامانجێکی دیکەی ئەم بڕیارەی تورکیا، فشارخستنە سەر عێراقە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە و بە ڕازیبوون بە پێشمەرجە نوێیەکانی ئەنکارا، بێتەوە سەر مێزی دانوستان، بەتایبەتی لە پەیوەست بە چارەسەرکردنی کێشەی هەڵپەسێردراوی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی دەربارەی شایستەکانی نەوت و لە سەرووشیانەوەی بابەتی دادگاکەی پاریس و سزادانی تورکیا!
لە لایەکی تر، ئەم بڕیارە کاریگەریی گەورە و ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتە نەوتییەکانی عێراق دەبێت، بەتایبەتی کە بەهۆی ئەو دزی و گەندەڵی و تاڵان و بڕۆیەی سەروژێرخانی وڵات، کە میلیشیاکان و هەندێ هێز و کەسایەتیی سیاسیی دەستڕۆیشتووی ناو دەسەڵاتی عێراق دەیکەن، دەوڵەت بەدەست چەندین قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت.
بە کورتی و بە کوردی:
ئەم بڕیارەی تورکیا کە وەرچەرخانێکی مەترسیدارە لە مێژووی نیو سەدەی ڕابردووی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا (بەدیاریکراویش لەبواری نەوتدا)، جگە لەوەی نیشاندانی هێزی ئەنکارایە لە بەرامبەر بەغدا لە پەیوەست بە دۆسیەی گرنگی نەوت، هاوکات عێراقیش لە ئێستا و بۆ داهاتووش دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەی سیاسی و ئابووری، بەتایبەتی کە تورکیا تا سەرەتای ساڵی نوێ، واتە تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦، دەرفەت و بواری گفتوگۆ و دانوستانی لەم بارەیەوە لە بەردەم عێراقدا هێشتۆتەوە!
PM:03:58:23/07/2025
ئهم بابهته 512
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی