ماڵئاوا "زانا" لەبیرمە کە ئاوێنە پارەی تیا نەما، هەموو بەجێیانهێشت...
سەردار محەمەد
ماڵئاوا "زانا"
لەبیرمە کە ئاوێنە پارەی تیا نەما، هەموو بەجێیانهێشت...
ئیتر لەو رۆژگارەدا، دەرکردنی رۆژنامەیەکی ٢٠ لاپەڕەیی، بەستافێکی کەمەوە کە ژمارەیان لەپەنجەی دەستێک تێنەدەپەڕی، جۆرێک بوو لە"سەرشێتیو عەزاب"...
لەهەفتەیەکدا دەبوو سێ چوار رۆژ لەبەیانییەوە تا شەوێکی درەنگ، بەردەوام لەکارکردن نەوەستین...
بەدرێژایی شەوێکیش تا تاریکو ڕوونی بەیان، بەدیار ناردنی دوا لاپەڕەکانی رۆژنامەکەوە بۆ چاپخانە، وەنەوز بدەینو شەونخونیو هیلاکی، بەجارێک بڕستی لێدەبڕین..
زۆر دەگمەن بوون ئەوانەی لەو هەلومەرجە قورسەدا روویان دەکردە ئاوێنەیەکی گیرۆدەو بێ پارە بۆ ئیشکردن، بەڵام سەرباری ئەوەش رۆژنامەنووسێکی وەک "زانا حەمەغەریب" هاتو بوو بەپاڵپشتییەکی گەورە بۆمان...
"زانا" جگە لەوەی رۆژنامەنووسێکی روحسووکو خاکیو بەئەدەب بوو، هاوکات رۆژنامەنووسێکی مەیدانی چالاکو پڕ زانیاریش بوو..
لەماوەی زیاتر لەساڵێکدا کە بە"فری لانس" کاری بۆ ئاوێنە کرد، دەیان راپۆرتو چاوپێکەوتنی سەنگینو سەرنجڕاکێشی، هەر لەسیاسەتەوە بگرە تا دەگات بەرەنگاڵەو هونەرو سینەما ئامادەکردو لاپەڕەکانی ئاوێنەیان ڕازاندەوە...
روبەری کارکردنی زانا ئەوەندە بەرین بوو کە لەبەغداو بەیروتەوە درێژ دەبۆوە تا ئەستەنبولو تەبلیسو یەریڤان...
لەجۆرجیا، ئیسکۆ داسینی نوێنەری کوردانی ئێزیدیو لەشەنگالیش نادیە مورادی دەدواند، لەئەرمینیا، کنیازێ حەمید پەرلەمناتاری کورد دەیوت "تێناگەم هەموو خەڵکی دنیا وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، تەنها کورد نەبێت!".
لەئامەد عوسمان بایدەمیرو لەماردین ئەحمەد تورکی دەدواندو دەیانوت "کورد نابێت تێکبشکێت نەلەئامەدو نەلەکەرکوک".
لەبەغدا ئیبراهیم جەعفەریو ساڵح موتلەگی دەدواندو عیتاب ئەلدوریش دەیوت "حەز دەکەم بمرمو سەربەخۆیی کورد بەچاوی خۆم نەبینم".
لەبەرەی جەنگی موسڵ مەهدی موهەندیسو ژەنرال شۆن ماکفیرلان، بەرپرسی جەنگی دژ بەداعش لەعێراقو سوریای دەدواندو دەیانوت "کۆتاییهاتنی داعش هەرگیز بەمانای کۆتاییهاتنی تیرۆر نایەت".
پورانی درەخشەندەی ژنە دەرهێنەری کوردی رۆژهەڵات دەیوت "کوردبوون بۆ من شەرەفێکی گەورەیە"، لەباکوریش زوبەیدە روناهی دەیوت "لەتورکیا کوردبوون تاوانە"!
لەچاوپێکەوتنێکیدا، "زارا"ی بەئێمە ناساند کە ناودارترین کچە هونەرمەندی کوردە لەروسیاو هاوڕێی پۆتینو لاڤرۆڤە...
"زانا"، ئەم راپۆرتو چاوپێکەوتنە تایبەتانەو چەندین کاری ناوازەی دیکەی، لەبەرامبەر پاداشتێکی ئەوەندە ناچیزدا بۆ ئاوێنە کرد کە دەچووە خانەی "خۆبەخشییەوە"!
لەکاتێکدا بۆ هەر راپۆرتێکی هاوشێوە، رۆژنامەنووسێکی دیکە کە خزمەت بەکەناڵو میدیای شازادەو میرە دەسەڵاتدارەکان دەکات، کۆڵێک پارەی لەبەرامبەردا پێوەردەگرێ، لەبەرئەوەی ئیشی ئەو کەناڵانە لەبنەڕەتدا سپیکردنەوەی رووڕەشی بارۆنەکانی دزییو گەندەڵییە.
لەم ساڵانەی دواییدا کە ئاوێنە ببوو بەژێر باری قەرزەوە، شەش حەوت مانگ بوو زانا پاداشتی راپۆرتەکانی وەرنەگرتبوو، رۆژێکیان تەلەفونی کردو بەشەرمەوە وتی "نەشتەرگەری بۆ مناڵەکەم دەکەم، زۆر پێویستم بەپارەیە"!
زانا دەیوست بژی، بەڵام بەسەرکزیو ژێردەستەیی نا، دەیویست ژیانێکی شایستە بەمرۆڤ بژیو وەک زۆربەی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دڵی لای دوو خەمە جاویدانیەکەی مرۆڤ، "نانو ئازادی" بوو..
رۆژنامەنووسی لای ئەو پیشەیەک بوو، بەرلەوەی ئامڕازی پارەکۆکردنەوەو خۆناساندن بێت بەم بەرپرسو ئەو کاربەدەستی گەندەڵ، وەک پەیامو کارێکی ناوازە لێیدەڕوانی، بەمەرجێک ئەخلاقی پیشەیی تیا رەچاو بکرێ بەمەبەستی دەرخستنی راستییەکانو دەست خستنە سەر چەواشەکارییەکان..
بەداخەوە رۆژی دووشەممە ٢١ی تەموز، مۆتەکەی شێرپەنجە کۆتایی بەژیانی زانا حەمە غەریبی رۆژنامەنووس، شاعیر، فلیمسازو مرۆڤێکی بەڕێزو بەخشندەو میهرەبان هێنا...
لەم سەردەمی هیچو پوچییەی میدیاو لەم ژاوەژاوی بێ هونەرییەدا، زانا چەند پاکو چەند دڵشکاو بوو، کە تا دواهەمین ساتی ژیانی بەشکۆمەندیو سەربەرزیی مایەوە..
روحی شاد
PM:01:48:23/07/2025
ئهم بابهته 428
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی