پەرەسەندنی کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چین

‌دانا بەهادین

لە سەدەی بیست و یەکەمدا هاوسەنگی هێزی جیهانی  بەهۆی کێبڕکێی توندی نێوان ئەمریکا و چینەوە دەکەوێتە کەناری نا ئارامییەوە. ئەم دوو دەوڵەتە گەورەترین ئابووری جیهان و بە کاریگەرترین زلهێزی سیاسی ناسراون. ڕکابەرییەکانیان تەنها ئابووری نییە، بەڵکو ستراتیژی و تەکنەلۆژی و ئایدیۆلۆژیشە. دەرئەنجامەکانی ئەم کێبڕکێیە رەنگدانەوەی قووڵی لەسەر ئایندەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بازرگانی جیهانی و هاوسەنگی هێز دەبێت.

ئەمریکا لە مێژە  پێشەنگی زلهێزەکانی جیهانە. بەهۆی پرۆسەی داهێنانەوە ئابوورییەکی تۆکمە و هەمەچەشنی هەیە. پێگەیی سەربازی بەهێزی  لە سەرانسەری جیهان و هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا هەیە، بێگومان چییش لە چەند دەیەی ڕابردوودا زۆر بە خێرایی گەشەی کردووە.  دوای هێنانەکایەی چاکسازی ئابووری لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو چین لە هەژارییەوە بەرەو دووەم گەورەترین ئابووری جیهان هەنگاوی ناوە، لە رێگەی تێچووی کەمی هێزی کار و بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەهێز و وەبەرهێنانی تەکنەلۆژی  بووە بە ناوەندێکی بەهێزی بەرهەمهێنانی جیهانی.

ژیری دەستکرد یەکێک لە بوارە سەرەکییەکانی کێبڕکێی تەکنەلۆژیایە. ئەگەرچی لە مێژوودا ئەمریکییەکان لە بوارەکانی وەک تەکنەلۆژیای زیرەک و پلاتفۆرمەکان و خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە ریزی پێشەوەدا بوون. بەڵام چین وەبەرهێنانی گەورەی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت پێش ئەمەریکا بکەوێت. کۆمپانیا چینییەکانی وەک هواوی و تێنسێنت و عەلی بابا ململانێی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی دەکەن، هەر بۆیە ئەمەریکا ترسی ئەوەی هەیە کە چین کۆنترۆڵی بازاری جیهانی تەکنەلۆژیا بکات و لە داهاتوودا بتوانێت هەم پلەی یەکەمی ئابووری و هەم پلەی یەکەمی سەربازیش بە دەست بهێنێت.

لایەنی بازرگانیش گۆڕەپانێکی دیکەی کێبڕکێی نێوانیانە. ئەمریکا چین تۆمەتبار دەکات بە شێوازە بازرگانییە نادادپەروەرەکان بە نمونە بە دەوڵەتی  دزینی بیرۆکەی داهێنانەکان تۆماتباری دەکات، بەڵام چین دەڵێت: ئەمریکا بەم تۆمەتانە هەوڵدەدات ڕێگری لە گەشەسەندنە بازرگانییەکانم بکات!  لە ساڵی (٢٠١٨) ەوە، بە ئاشکرا ناکۆکیی بازرگانییان دەستی پێکردووە و بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی باج لەسەر هەردوولا و گرفت درووستکردن بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەگەرچی ناوە ناوە دانوستان هەبووە، بەڵام گرژییە قووڵەکان تا ئێستاش تەنک نەبونەتەوە.

بەدەم ململانێیەکانەوە کێبڕکێی سەربازیشیان خەت و خاڵی دەرکەوتووە. چین هێزی دەریایی خۆی بنیات دەنێت و کاریگەری لەسەر دەریای باشووری چین فراوانتر دەکات و هێزی سەربازی خۆی تا دێت مۆدێرن دەکات. ئەمریکاش بەردەوامە لە پاراستنی بنکە و هێزە سەربازییەکانی لە ئاسیادا و پشتگیری  لە هاوپەیمانەکانی وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور و تایوان دەکات. ئێستا پرسی تایوان لە پرسە مەترسیدارەکانە چونکە چین تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت، لەکاتێکدا ئەمریکا بەڵێنی پێداوە یارمەتی تایوان بدات بۆ بەرگریکردن،  ئەگەر هێرش بکرێتە سەری لەلایەن دەڵەتی چینەوە.

لە دەرەوەی ناکۆکی ئابووری و سەربازی، ئایدیۆلۆژیش هەیە. ئەمریکا پرسی دیموکراسی و ئازادی رادەبڕین وەک نەزمێکی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا بەرەوپێش دەبات، لە بەرامبەردا چین مۆدێلێکی تاک حزبی پاوانخواز پەیڕەو دەکات. هەردوو دەوڵەت هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی یارمەتی  دەرەکی و میدیا و دیپلۆماسییەوە کاریگەریی ئایدیۆلۆژی لەسەر نەتەوە و دەوڵەتەکانی تر دروست بکەن.

سەرەڕای کێبڕکێی نێوانیان، دەبێت ئەوەش نادیدە نەکەین کە هەردوولا لە ڕووی ئابوورییەوە بەیەکەوە گرێدراون. ئەمریکا ملیارەها دۆلار کاڵا لە چینەوە هاوردە دەکات، لەکاتێکدا چین بڕێکی زۆر قەرزی لای ئەمەریکایە، هەندێک سەرچاوە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە تا ساڵی (٢٠٢٥)، دەوڵەتی  چین نزیکەی  (٨٠٠ بۆ ٩٠٠) ملیار دۆلاری دەکەوێتە لای ئەمەریکا، ئەمەش پەیوەندییە ئابورییەکانی هەر دوو لای  گرژ و ئاڵۆزتر دەکات. سەرباری ئەوەی کە لە زۆر بواردا کێبڕکێی یەکتر دەکەن، کەچی هەردوو دەوڵەت بۆ پاراستنی سەقامگیری جیهانیش پێویستیان بە یەکترە.

 کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چین خەریکە سەدەی بیست و یەک بە خۆوە سەرقاڵ دەکات، چونکە نەک تەنها بازرگانی و هێزی سەربازی بەڵکو تەکنەلۆژیا و بەهاکانیش دەگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە دەوڵەتانی تری  جیهان لە نزیکەوە چاودێری دەکەن و پرسیارێک دێننە کایەوە کە ئایا ئەم ڕکابەرییە دەبێتە هۆی ناکۆکی قوڵ یان دەبێتە هۆی هاوکاری و هاریکاری؟  بۆ ئاشتی و پێشکەوتن پێویستە هەردوو دەوڵەت ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکیەکانیان و لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت پێکەوە کار بکەن، ئەگینا تەقینەوەی نێوانیان دەبێتە مەترسیی و هەڕەشیەکی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی.


PM:02:52:13/07/2025

ئه‌م بابه‌ته 1464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی