ئاراستەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران
عوسمان حاجی مارف
هەرچەندە قەیرانی سیاسی و ئابوری لە ئێراندا هێشتا ئەو دۆخە ئاشکرا ناکات کە ئاماژەبێت بۆ لاوازی کوشندە لە ڕژێمدا، بەڵام بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی بەرەکانی شەڕ، لەسەر شەقامەکان یان لەناو هۆڵەکانی دەسەڵات لە تاراندا، ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەکە گۆڕانێک بە خۆیەوە ببینێت.
سەبارەت بە گۆڕینی ڕژێم لە ئێران، سەرەتای شەڕ، ئیسرائیل سەرقاڵی ئەوە بو لە بانگەوازەکانیدا، ڕایدەگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە کە گەلی ئێران لە دەوری ئاڵاکەی و میراتی مێژوویی خۆی بە وەستانەوە بۆ ئازادی لە بەرامبەر ڕژێمی خراپ و چەوسێنەردا یەکبگرن". پێدەچێت ئیسرائیل بە هیوای ئەوە بوبێت کە بۆ سەرکەوتن لەو شەڕەدا، چاوەڕێ بوبن لەڕێگەی ڕاپەڕینێکی جەماوەریەوە کۆتایی و داڕمانی ڕژێمی ئێران بێت!، بەڵام دواتر بەدوای لێدانی موشەکەکانی ئێران لە تەلئەبیب و حەیفا و قودس... بۆردومانکردنی ئەتۆمەکانی نەتەنز و ئەسفەهان و فۆردۆی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، دوای دوازدە رۆژ ئیسرائیل و ئێران ناچار بە ئاگر بەست بون، کە ترەمپ لەڕێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەست کراوە، بۆماوەیەکی نادیار.
لەگەڵ ئەوەشدا دیمان کە سەعاتەکانی کۆتایی پێش جێبەجێکردنی ئاگربەست لە هەردوولاوە بۆردومانێكی چڕی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، لەسەرەتای ڕوبەڕوبونەوەکەوە توندترین و توندوتیژترین لێدانیان ئاڵوگۆڕ کرد و ژمارەی قوربانیەکان و گرژیەکانیان زیادی کرد.
پرسیارێک کە بۆ دوای ئەم ئاگربەستە دەکرێت ئەوەیە، کە ئایا ئێرانیەکان لەڕاستیدا جارێکی دیکە ڕادەپەڕن، وەک چۆن لە ڕابردوودا چەندین جار هەیانبووە، لەوانە ڕاپەڕینی خوێندکارانی ساڵی ١٩٩٩، بزووتنەوەی سەوزی ٢٠٠٩، ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ تا مانگی ژانویەی ٢٠١٨، ناڕەزایەتیەکانی "نۆڤەمبەری خوێناوی” لە ساڵی ٢٠١٩ و ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی” ساڵی ٢٠٢٢. لەوەش گرنگتر، ئەگەر ئەوان هەستن، ئایا کۆماری ئیسلامی ئەوەندە ناسکە کە ڕەنگە ملکەچی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لەو شێوەیە بێت؟.
هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە سەرەڕای ڕزینی ناوخۆی رژێمی ئێران بەهۆی گەندەڵی سیستماتیکی و دزەکردنی هەمەلایەنەی سیخوڕی ئیسرائیل، هاوکات کۆماری ئیسلامی لە ژێر هەندێک بارودۆخدا تا دێت لاوازتر دەبێت، بەڵام بۆ تائێستا لە ژیاندایە؟ بۆیە پێویستە گرنگترین نیشانە لاوازیەکانی ڕژێم پێشبینی بکرێت تا بگەین بەو ئەنجامەی کە گۆڕینی رژێم ئەکرێت بەرجەستە دەرکەوێت.
کاتێک هێزە ئەمنیەکان نەتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر کۆببنەوە یان لەوەش خراپتر دەست بکەن بە چۆڵکردنی سەربازگە و بنکەکانیان، دابەشبوونی گشتی لەنێوان نوخبە سیاسیەکان سەرهەڵبدات و بەرپرسان بە ئاشکرا کشانەوەی خۆیان ڕابگەیەنن (ڕاپۆرتێکی نوێی "واشنتۆن پۆست" باس لەوە دەکات کە ئیسرائیل هەڕەشەیان لێدەکات بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن)، کەمبونەوەی خۆراک و سوتەمەنی و لاوازبونی زیاتری خزمەتگوزاریەکان، گەر جارێکی تر بەشێوەیەکی بەرفراوان ناڕەزایەتی جەماوەری سەرهەڵداتەوە، لە هەمانکاتدا هێرشکردنە سەر باڵەخانە سەربازی و حکومیەکان، لەوانەش گرنگتر گەر کرێکارانی ئێران لە پیشەسازیە گەورەکانی نەوت و وەبەرهێنان مان بگرن، کاریگەری جدی و خێرا لە ڕژێمی ئێراندا روئەدا.
بەڵام ئەوەی شایانی باسە تا ئێستا هیچ کام لەم نیشانانە نەبۆتە دیاردەیەکی بەرچاو، زۆربەی دانیشتوانی ئێران هەناسەیان ڕاگرتووە و چاوەڕێی ئەوەن بزانن ئایا ئاگربەستەکە دەتوانێت بەردەوام بێت و دەرگیری هێرش و شەڕێکی تر نابنەوە، بەتایبەتی کە ململانێکان بە قوەتی خۆیان ماون و هیچ شتێک یەکلایی نەبۆتەوە، بەتایبەتی لە حاڵەتی دوبارە بونەوەی شەڕ و ڕاگرتنی یەکسانی ئاستێک لە هاوسەنگی لە شەڕەکەدا بۆ ئێران، شانسی مانەوەی ڕژێم زیاتر دەکات. لەلایەکی تریشەوە حکومەتی ئەمریکا ئەوە لەبەرچاو دەگرێت کە پێشهاتی گۆڕانکاری لە ئێراندا ئەگەرێکی دور نیە، بۆیە چاودێری ئەوە دەکات بۆ ئەگەرەکان خۆیان ئامادەدەکەن.
ئەمریکا لەدۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەوێ دەرگیری جەنگێکی درێژخایەن بێت لەگەڵ ئێراندا، بەڵکو چاوەڕی روداوەکان دەکات. بەڵام ئەگەری ڕووخانی ڕژێمێکی پاوانخواز کە زیاتر لە چوار دەیە وێرانکاری لە ناوچەکەدا کردووە، گەورەترین ناهەقی و سەرکوتکردنی بە دانیشتوانی ئێران کردووە، هەیەو راگرتنی ڕژێمێکی لەو چەشنە ئاسان نیە! بەڵام پێناچێت لەم بارەیەوە تا ئێستا ئەمریکا توانیبێتی ئامادەکاریەک ئەنجام بدات و ئەلتەرنەتیفێکی بەمتمانەو سەرکەوتوی پاشکۆی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی خۆی بۆ دوای ڕوخانی ڕژێمی ئێران ڕاگەیەنێت، هەر بەو مانایەش ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ڕاناگەیەنێت.
ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی ئاگربەست لەلایەن ترەمپەوە، بەبێ ڕاگەیاندنی هاوکات لەلایەن لایەنەکانی دیکەی شەرەکەوە، ترامپ ئامانجی ئەوەبو، وەک لایەنی دەستپێشخەر وەسفبکرێت، بەبازاڕکردنی ڕۆڵی خۆی کە هەوڵی ئاشتیی داوە، تاپێگەی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەهێزتر بکات!.
لەگەڵ ئەوانەشدا هەرلایەک چۆن ئاکامی ئاگربەستەکە بەسەرکەوتن بۆ خۆی هەژماردەکات، یان ئێران توانی گورزی توند لە ئیسرائیل بدات و هاوسەنگیەک لە ئاستێکدا راگرێت، بەڵام لەم نێوانەدا ئەتوانین بڵێین ئێران بەبێ مەرج و دەستکەوت لە ڕووی سیاسیەوە تەسلیم بووە، ئەمەش لێکدانەوەیەکە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی سەپاندنی دەدەن، بەوپێیەی پێشتر پێشنیاری بژاردەی تەسلیمبونی سەربازی یان سیاسی لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەش بە تاران کرابوو، بەڵام ئەنجامگیری واقعی بۆ ئەم تەسلیم بونە، دواتر ململانێ و دانوستانەکانی نێوانیان دەریدەخات!.
دوابەدوای ڕێکەوتنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لایەنە جیاجیاکان کار بۆ ئامادەکردنی زەمینە بۆ قۆناغی داهاتوو دەکەن. بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمیەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا کردووە.
ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لاواز بووە، زیانێکی بەرچاوی ئابووری لە ئێران کەوتوەو وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا ڕوویداوە. ئەوەی جێگای سەرنجە تائێستا ئێران خۆراگری پێوەدیارە، ئەمەش بۆ چین و روسیا پێشهاتێکی ئەرێنییە. هەرچەندە هیچ کام لەو وڵاتانە ئامادە نەبوون لە ڕووی سەربازیەوە یارمەتی ئێران بدەن و دەستوەردان بکەن لە شەڕێکدا بە دژی ئیسرائیل، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە لەڕێگەی پەیوەندیەکانیان بە ئێرانەوە لە دانوستانەکاندا پشتیوانی بۆ ئێران نیشان بدەن.
لە ماوەیەکی نزیکدا ئێران بۆ پتەوکردنی هەڵوێستەکانی لە وتووێژەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا، گومانی تیا نیە کە داوای پشتیوانی دیپلۆماسی لە پەکین و مۆسکۆ دەکات. واپێدەچێت هەردوولایان روسیا و چین زیاتر لە ئامادەیدا دەبن بۆ ئەوەی ئەم داواکاریە لەخۆبگرن، تەنانەت ئەگەر تەنها بۆ ڕوبەڕوبونەوەی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانیشی بێت. هەروەها چین داوای دڵنیایی دەکات کە ئاگربەستەکە بەردەوام بێت و بازرگانیکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بێبەربەست بمێنێتەوە. جگە لەوەش چین هەوڵدەدات ئەم ڕووداوە بقۆزێتەوە بۆ پێشخستنی دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی خۆی لە دژایەتیکردنی ڕێبازی ئەمریکا لە کاروباری نێودەوڵەتیدا.
بەهەمانشێوە، پێدەچێت ڕوسیا بەجۆرێک فەرامۆشی ئیدانەکردنی فەرمی چالاکیە سەربازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات، زیاتر پێشنیاری چونەپێشەوەی دانوستانەکان دەکات.
هەڵبەتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕۆڵە ئەگەرییانە، لە هەمانکاتدا ئەمریکاش هەوڵی دوورخستنەوەی چین و ڕوسیا ئەدات، چونکە بەشداریکردنی چین و روسیا تەنیا پێگەی دانوستانکاری ئێران بەهێزتر ناکات، بەڵکو لەهەمانکاتدا کاریگەریی پەکین و مۆسکۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕەنگە دانوستانەکانی داهاتوو بە پلەی یەکەم لەسەر داهاتووی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بێت، بەڵام لە سەردەمی ئەم ململانێ جیهانیە بەرفروانەدا، ئیدارەی ترەمپ ناتوانێت ئاگاداری ئەوە نەبێت کە کاردانەوەکان زۆر زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژدەبێتەوە. بەم پێیە دەبێت بەرپرسانی ئەمریکا ئامادەبن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئارگیومێنتەکانی ڕوسیا و چین، وەک تۆمەتبارکردن بەوەی واشنتۆن یاسا نێودەوڵەتیەکانی پێشێل کردووە.
لەهەمانکاتدا دوای ئاگربەست کۆماری ئیسلامی بمێنێتەوە یان نا، دۆخەکە لە ئێران زۆر جیاواز دەبێت، چونکە ئەو زەمینەیەی کە ئێران تێیدا دەژیا، گۆڕانکاری جدی بەسەردا هاتووە، هەربۆیە لەودیو پەردەوە لە ناو سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیدا باس لە جێنشینی خامەنەیی دەکرێت، باس لەسەر سەرکردەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئێران بە ئاراستەیەکی نوێدا ببات، ئەمەش پێشهاتێکی چاوەروانکراوە.
AM:11:49:13/07/2025
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی