دیدتنی هۆڵی پەرلەمان

‌ د.بەختیار شاوەیس

وێنە یاداشت:
وێنەی پێنجەم

بەکۆمەڵێک ئاواتی زەرد و سوور کەبەشێکیان بۆ سەردەمی منداڵیم دەگەڕێتەوە ، گەشتمە ناو هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عیراق. ئاخر چی لەوە گرنگترە کەمرۆڤ لەو رێگەیەی کەلەژیانیدا هەڵیبژاردوە بگاتە ئەو شوێنەی کەدەتوانێت خودی خۆی تیاببینێت، واتە ئەگەر پرۆسەی خود دۆزینەوە کلیلی سەرکەوتنی مرۆڤ بێت لەژیانیدا، ئەوا بۆ بەندە کەسیاسەتکردن ڕێگای دۆزینەوەی وجودم بوە. کاری پەرلەمانی و نوێنەرایەتیکردنی خەڵک بەوپەری بەرپرسیاریەتی و ئەمانەتەوە دەروازەی گەشتنە خولیاکانم بوە. هەربۆیە بۆ گەنجێکی ٣٤ ساڵی کەلەرووی تەمەنەوە لەبچوکترین ئەندامە هەڵبژێرراوەکانی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێبەرانی عیراق بووم لەساڵی ٢٠١٤ ، وەنوێنەری میللەتەکەم دەکرد و بەجلێکی رانک و چۆخەی شێوازی هەورامانی کەبۆئەو رۆژە کردبووم ، ساتەوەختێکی مێژوویی بوو. هەروەک لەدیوەکەی تردا دنیایەک لەحەماسیەتی گەنجی و خەیاڵ و بەرنامەی ئایندە و چۆنیەتی سەرکەوتن لەکار و خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی نوێی سیاسەتکردن و کەشی بەغداد هەموو ئەوانە بوون کەچواردەوریان گرتبووم.

دوو رۆژ بەر لەسوێندخواردن ئێمە نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی و هەندێک لەهاوڕێیانی کەرکوک لەرێگەی فرۆکەخانەی  سلێمانیەوە گەشتینە بەغداد، لەیادمە لەناو فرۆکە لەتنیشت د.نەجمەدین دانیشتبووم. کۆمەڵێک قسەی بۆکردم لەباسی بەغداد و کێشەکانی ، هەروەها هاتنی داعش و کۆنترۆڵکردنی موسڵ ، وەباسی مەترسیەکانی لەداهاتوو بۆسەر کورد و هەرێمی کوردستان. 

دەمەوێت ئەوە بڵێم کەپێشتر جارێک لەماڵی رەحمەتی عادل موراد و بەئامادەبوونی کاک د.خەسرەو گوڵ ، بەندە د.نەجمەدینم ناسیبوو ، وە کەمێک ئاشنایەتیمان هەبوو.

بەهەر حاڵ لەگەڵ گەشتنمان ، ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکایەتی کۆمار چاوەڕێبوون و راستەوخۆ ئێمەی یەکێتیەکان بۆ کۆشکی سەلام و پارتیەکان  و گۆرانەکان هەریەکەو بۆ شوێنی خۆیان. 

ئەو دوو رۆژەی دواتر بەکۆبونەوە و کاروباری دەرهێنانی ناسنامەی پەرلەمانتاری و باجی ناوچەی سەوز خەریک بووین هەتا وادەی یەکەم دانیشتن دەستی پێکرد.

لەوێنەکەوە: یەکەم ساتی چوونە ژوورەوەم بۆ ناو هۆڵی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانە لەیەکەم رۆژی مانگی تەمووزی ٢٠١٤.


لەڕوانگەی کوررستانیەوە ئەگەر بەخێرایی تیشک بخەمەسەر ئەو خولەی نوێنەران ئەوا دەتوانم بڵێم:

١- یەکەم خول بوو کە مام جەلال بەفعلی لەبەغداد نەبوو، کەئەمە بۆشاییەکی گەورەی بۆ کاری نوێنەرایەتیکردنی کورد لەبەغداد دروستکردبوو کەتائێستایش پڕنەکراوەتەوە. بروام وایە کەسیش ناتوانێت لەداهاتوو پری بکاتەوە.

٢- چەند رۆژێک بەر لەدەست بەکاربوونمان داعش هاتبوە ناو عیراق. موسڵی گرتبوو وە لەپێشرەویدا بوو بۆ ناوچەکانی ئەنبار و دیالی و سەلاحەدین و فەلوجە و کەرکوک. فەتوای سیستانی بۆ جیهاد لێدرابوو، بەمانایەکی تر ، عیراق کەوتبوە ناو قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێک کەبەهەموو پێودانێک ئەوسەری دیار نەبوو. مەترسی جدی لەسەر هەڵوەشانەوە و دارمانی سیستەمی سیاسیەکەی هەبوو ، بەوەی کەزۆر جار گرتن و کەوتنی بەغداد لەوساڵانەدا ئەگەرێکی نزیک بوە، وە ئێمە کەلەناوچەی سەوز بووین جار جار دەنگۆی گرتنی فرۆکەخانەی بەغدادمان دەبیست.

٣- سەرەتای تەقینەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بوو. دواکەوتن و نەدانی موچە هێدی هێدی دەستیپێکردبوو. لەملاوەیش حکومەتی هەرێم رێککەوتنی پەنجا ساڵەی لەگەڵ تورکیا واژوو کردبوو. وە ئابووری سەربەخۆی ڕاگەیاندبوو . کورتیەکەی هەردوو حکومەت تیر و شیریان لەیەک ئەسووی. بۆیە دواجار :

٤- کەهەر لەم خولەدا بوو، ریفراندۆمی ٢٠١٧/٩/٢٥ ئەنجامدراو پاشان بوە هۆی رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر ، کەسەرەنجام ٪٥٠ خاکی کوردستان لەدەستدرا کە بەداخەوە بەئێستاشەوە لەرووی دیمۆگراڤی و ئیداری و ئەمنی و سەربازیەوە دۆخەکە نەگەراوەتەوە بۆ پێشتر.

٥- لەم خولە سەرەتای تەقینەوەی ناکۆکیەکانی ناو هێزە کوردستانیەکان بوو. شتێک نەما بەناوی هاوپەیمانی کوردستان ، کەپێشتر هەبوو، تەنها ئەوە نەبێت کە ئێمە و پارتی لەناو بیناکە ماینەوە بەڵام بەبوونی دەیان جیاوازی، وەک دەڵێن تەنها خوامان یەک بوو. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بەشی زۆرینەی ئەو جیاوازی و کێشانە رەگەکەی لەهەرێم بوو. بۆ نمونە چەند رۆژێک بەر لەداخستنی پەرلەمانی کوردستان ، لەیادمە هەوڵێک هەبوو کە هاوپەیمانی کوردستان دروست بکەینەوە بەبەشداری هەموو لایەنەکان ( یەکێتیی، پارتی، گۆران، یەکگرتوو، کۆمەڵ) تەنانەت لەکۆبونەوەکانمان گەشتینەسەر ناوی هاوپەیمانی و پەیرەو و دانانی سەرۆک و وتەبێژ ، لەناکاو رێگری کرا لەچوونەژوورەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەولێر ئیتر ئەوەیش نەزۆک دەرچوو. 

ئەمانەو زۆر رووداوی دیکەی ئەم خولە هەن کەلەوێنەکانی دیکەدا پشت بەخوا تیشکیان دەخەمەسەر.


PM:09:07:09/07/2025

ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی