هەرێم و داهات!
دڵشاد ئەنوەر
لەزاری شاحسێنی پادشای پێشووی ئەردەنەوە دەگێڕدرێتەوە، گوایە وتویەتی ئەو لە بری هەموو میللەتەکەی سواڵ دەکات، تا خەڵکەکەی بەسەربەرزی بژین.
گێڕانەوەکە ڕاست بێت یان نە، بە وردبوونەوە لە دۆخی ئەردەن هەست بەوە دەکرێت، ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو وڵاتە گرێدراوە بە ژیری پادشاکەیەوە. وڵاتێکی کەم داهات و خەڵکێکی دە ملیۆن کەسی، کەچی بەهای پارەکەی لە دۆلاری ئەمەریکی بەرزترو وڵاتەکەش بووەتە مەتبەخی سیاسی لەناوچەکەدا.
ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کەمێک لە نیوەی دانیشتوانی ئەردەن زیاترە، هەرێمێکی خاوەن سامانی سروشتی، خاوەن زەوی کشتوکاڵی و پیشەسازی و بازرگانی، خاوەن داهات و دەروازەی بازرگانی، کەچی عەقڵیەتی دەسەڵاتدارەکانی ئابڕووی هەرێمەکەو دانیشتوانەکەشی بردووە.
عەقڵیەتی شای ئەردەن و دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێک پێچەوانەیە، ئەوانەی ئێرە لە پێناو خۆیان و ماڵ و منداڵ و دارودەستەیان، هەموو خەڵکیان خستووەتە سواڵ، بەدرێژایی دە ساڵە، مانگ بە مانگ و ساڵ لە دوای ساڵ دۆخەکە بەقەدەر دەسپێرن.
قەتەر کاتێک لەگەڵ سعودیەو ئیمارات بووە کێشەی و گەمارۆی خرایە سەر، پادشاو بەپرسەکانی دەستەپارچەو بێ پلان دانەنیشتن، بەڵکو خێرا کەوتنە جوڵەو دۆخەکەیان بە ئاسانی تێپەڕاند، چونکە خاوەن عەقڵ و پلان بوون.
دەسەڵاتدارانی هەرێم کە نموونەیان لە مێژوودا دەگمەنە، خەڵک برسییەتی و داوای موچەیان لێدەکات، کەچی بێ پلان و دەستەپارچە لێی ڕاکشاون و وەڵامیان بۆ خەڵک یان سوپاسە یان ئەوەیە مافەکانتان لای بەغدایە، لەکاتێکدا بە ئاشکراش بەغدا بەنەیار ناو دەهێنن.
ئەی مادام بەغدا نەیارە، چۆن چارەنوسی میللەتەکەت ڕادەستی نەیار دەکەیت، ئەی بۆ ١٠ ساڵە نەتتوانیووە دۆخی چەقبەستووی خەڵک تێپەڕێنیت و منەتت بەنەیارەکەت نەبێت؟ ئەگەر بە دە ساڵ بێ پلان بیت، کەواتە سەد ساڵی تریش هەروا دەبیت، ئیتر تەحەداو هەڕەشە بۆ؟
جیاوازییەکان گەورەو نامۆ و سەرسوڕهێنەرن، جگە لە وڵاتە شکستخواردو و داڕووخاوەکان، ڕووینەداوەو ڕوو نادات، خەڵک برسی و سەرلێشێواو بێت، کەچی دەسەڵاتداتەکانی نەک بێ پلان و دەستەپارچەبن، بەڵکو بەردەوامیش بن لەسەر دزی و بازرگانی و خەڵک ڕووتاندنەوەو پارە بردنە دەرەوە.
گەر بیرتان بێت، ساڵانی نەوەدەکان و ئەوکاتەی گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراق بوو، دۆخی خەڵک ڕەنگە لە ئێستا خراپتر نەبووبێت، چونکە بواری کاروکاسبی هەبوو، خەڵک کشتوکاڵ و کاسبی دەکرد. بەڵام ئێستا بازاڕو هەموو کەسابەتێک لەلایەن حزب و بەرپرس و دارودەستەکانیانەوە قۆرخکراوە، بواری هەناسەدان بۆ خەڵک نەهێڵڕاوەتەوە. ئەگەر ئەم قۆرخکارییە نەبوایەو خەڵک توانیبای کارو کاسبی بکات، بێگومان دۆخەکە وەکو ئێستا خراپ نەدەبوو.
PM:02:27:07/07/2025
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی