جەنگی ١٢ ڕۆژە و ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل-ئێران
حەسەن ئەحمەد مستەفا
دیار نییە ئاگربەستەکه چۆن جێبەجێ دەکرێت، سەرەڕای ئەم هەموو تەقەمەنییەیی بەسەر دوو وڵاتی ناکۆکدا باری هێشتا ئاگربەستێکی ڕوون نییە. مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە یان ئاگربەستەکە ناڕوونن، نە ئیسرائیل و نە ئێران قبوڵکردنی فەرمییان پشتڕاست نەکردەوە، ئەمەش بووە هۆی ناکۆکی لەسەر کات و مەرجەکانی، هیچ ڕوونکردنەوەیەک نییە لەسەر ئەوەی کێ جێبەجێی دەکات، چ کردەیەک بەمانای پێشێلکارییە، گریمانە ناکرێت ئیسڕائیل دەست لە تیرۆری زاناکانی ئەتۆمی هەڵگرێت، کەواتە چۆن وەڵام دەدرێتەوە، ئەمانە گومان لەسەر جێبەجێکردنی دروست دەکات.
دەوترێت ئێران کەمێک پێش وادەی دیاریکراو مووشەکی ئاراستەی بێرشێبە کردووە؛ پاشان ئیسرائیل دوای ماوەیەکی کەم لە ژێرخانی تارانی دایەوە. هەردوو لایەن بە خێرایی ئەوی دیکەیان بە پێشێلکاری تۆمەتبار کرد، ئەمەش بووە هۆی سەرزەنشتی توندی ترەمپ بۆ ئیسرائیل.
بە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان کە پێشتر لەبەستێنی جەنگ و ئاشتیدا کراون، ئەم ئاگربەستە هیچ چاودێری نێودەوڵەتی یان گەرەنتیکارێکی بێلایەنی نییە. بە تەواوی پەیوەستە بە دان بەخۆداگرتنەوە، ڕاستە کە ئاگربەست کردەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ سنووردار دەکات، بەڵام ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان سنووردار ناکات، دیسان پڕۆکسییەکان، یان هێرشی ئەلیکترۆنی و چالاکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەردەوام دەبن.
ناتانیاهۆ و تیمەکەی دەیانەوێت دۆخی نێوان ئیسڕائیل-ئێران بەکاربهێنن بۆ چالاککردنی دانوستانەکانی غەززە و بەدەستهێنانەوەی بارمتەکان.
جاری ئێران دانی نەناوە بە وەستاندنی پڕۆگرامی ئەتۆمی،
گرنگترین لایەنی بەرنامەی ئەتۆمی سەرمایەی مرۆییە، ئەو زانا و ئەندازیار و تەکنیکارانەی کە لە بواری فیزیای ئەتۆمی، پیتاندنی یۆرانیۆم، کانزاسازی و دیزاینی ڕیاکتۆردا ڕاهێنراون. بۆردومانکردنی شوێنەکان، زانیاری کەڵەکەبووی دەیان ساڵە ناسڕێتەوە. ئێران هەزاران پسپۆڕی هەیە کە دەتوانن دامەزراوەکان ئاوەدان بکەنەوە و بەرهەمهێنان دەستپێبکەنەوە، ئەوەی گرنگە ئێمزاکردنی دەست بەرداربوونە، کە نەکراوە.
لە کاتێکدا کە فۆردۆ (لەقوم)، ناتانز (نزیک کاشان) و ئیسفەهان دامەزراوەی پیتاندن و گۆڕینی بەناوبانگن، بەڵام تەکنەلۆژیای دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدان، بە تایبەت شلەمەنیەکانی سەنتەرفیوج دەتوانرێت بگوازرێتەوە و بشاردرێتەوە. سەنتەرفیوجەکان مۆدیۆلارن و شلەمەنی بچووک لە بنکە شاراوەکاندا دەتوانن یۆرانیۆم بە هێواشی بەڵام بە شێوەیەکی کاریگەر زیاد بکەن.
بۆیە پێدەچێت یۆرانیۆمی ئێران بەرنەکەوتبێت، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕۆیتەرز و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، ئێران پێشتر یۆرانیۆمی پیتێنراوی گواستووەتەوە بۆ شوێنە نادیارەکان, کەواتە ئێران هێشتا کەرەستەی خاو بۆ دەستپێکردنەوەی پیتاندن دەهێڵێتەوە، بۆیە:
لەناوبردنی سێ شوێنی ئەتۆمی، ئێران دوادەخات بەڵام تواناکانی لەناو نابات.
لە ڕوانگەی زانستی و ستراتیژییەوە، بانگەشەی ئەمریکا کە توانای ئەتۆمی ئێران لەناوچووە، زیادەڕەوییە. لە کاتێکدا لێدان لە دامەزراوە گەورەکان گرنگە، بەڵام تەنها پەکخستنێکی کاتییە لە ڕێڕەوێکی ئەتۆمی درێژخایەندا.
لە ڕوویەکی دیکەوە، زیانەکانی مووشەکی و بەرگری ئاسمانی زۆرن و بەپێی ڕاپۆرتەکان هێرشەکانی ئاسمانی ئیسرائیل زیاتر لە ٦٠%ی مووشەک هەڵگرەکانی گەڕۆکی ئێرانی لەناوبردووە، لەکاتێکدا ئێران کەمتر لە ٢٥%ی مووشەکی بالیستیکی کە مەزەندە دەکرێت ٢٠٠٠-٣٠٠٠ لە موشەکەکانی ئاڕاستە کردووە. بەرگرییەکانی ئیسرائیل (Arrow‐3, David’s Sling, THAAD) نزیکەی 90%ی هەڕەشەکانی ئێستەو داهاتووشیان ڕێگری لێکرد.
بەرگری و سیستەمی هۆشداری پێشکەوتووی ئیسرائیل ژیانی خەڵکێکی زۆری پاراست و خۆڕاگری نیشتمانی بەهێزتر کرد. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئیسڕائیل سەرکەوتنی تاکتێکی گەورەی بەدەست هێنا بەڵام ناتانیاهۆ نەیتوانی بەڵێنەکەی بەدیبێنێت کە لە ڕووی ئاسایش بەدیهێنانی دڵنیایی سەراتیژییە، ئێرانیش هێزوپێزێکی گەورەی لەدەست دا، لە باکوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەورەکەی بەراورد بە پێشوو کەمتر دەبێ، بەڵام مانەوەی ستراتیژی بەدەست هێنا.
PM:11:29:24/06/2025
ئهم بابهته 1000
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی