جەنگ – بژاردەی دیزاینی ڕادیکاڵانە

‌د. ئەمیر حسێن

دواجار چاوەڕوانیەکان کۆتایی هاتوو جەنگە مەترسیدارەکە نزیکەی هەفتەیەکی تێپەڕاند، جەنگێک دەستپێکەکەی لەسەرەتاوە تاڕادەیەک بۆهەموولایەک ئاشکرابوو بەڵام کۆتاییەکەی بۆ زۆربەمان تائێستاش نادیارە، ئێران لە ساڵی ( ١٩٧٩) وە، واتە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دروشمێکی ناوەندی بەرزکردەوە، لە پێناو پڕاکتیزەکردنی ئەم دروشمە نزیکەی (٤٦) ساڵە لەسەر سفرەو خوانی گەلانی ئێران سێ پڕۆژەی خستۆتەبواری جێبەجێکردنەوە، کە دواجار ئامانجی هەرسێک پڕۆژەکە تەنها یەک شتە ( مەرگ برامریکا ، مرگ بر ئیسرائیل !).

- پڕۆژەی شەڕی بە وەکالەت: بە سودوەرگرتن لە پرەنسیبی هەناردەکردنی شۆڕش و پشتیوانی ستەملێکراوانی جیهان، کۆماری ئیسلامی بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتەکەی بەردەوام هاوکاری چەندان گروپی چەکدارو میلیشیای جۆراوجۆری کردوە لە ڕوی خەرجی وپڕچەککردن وسازدان و ئاراستەکردن لە ناوچەکە، بەدرێژایی ئەم مێژوە هەمیشە ئەوهێزانە لە بەرەی بەرگری لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی شەڕو ڕووبەڕوبونەوە لەبری ئێران ئامادەبوون دژی نەیارەکانی ئێران بە تایبەت ئیسڕائیل و ئەمریکا، بە سودوەرگرتن لە عەقیدەی ڕادیکاڵی مەزهەبی شیعەگەرایی و کاراکردنی پرەنسیبی ( یەکیەتی گۆڕەپانەکان) بەتایبەت لە کاتی ڕووبەڕوو بونەوەکاندا. ئەمە ئەگەر بە دیوێکدا خاڵی پۆزەتیف بێت بۆ ئێران و توانیبێتی جوگرافیای هێزە هاوسۆزەکانی فراوانبکات ، تەنانەت دەستی بگاتە سەر سنورەکانی ئیسڕائیل ، لە بەرامبەردا پەرژینێکی پتەو لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی بنیات بنێت ، بە دیوێکەی تردا خاڵی نێگەتیفە، چونکە زۆرینەی گەلان و دەوڵەتانی ناوچەکە موسوڵمانی سوننە مەزهەبن ئەمەش وادەکات بەشێکی زۆر لە گەلان و دەوڵەتانی ناوچەکە هەژمونی ئێران بە مەترسی لەسەرخۆیان وچارەنوسی دەسەڵاتەکانیان ببینن، لەبری ئەوەی وەکو مەرجەع و پشتیوان مامەڵەی لەگەڵدابکەن . ئەم گوتارە پۆپۆلستیە بە پێچەوانەوە پۆلوی ژێرخۆڵەمێشی زیاتر لە هەزاروچوارسەد ساڵەی ململانێ و جەنگی تائیفی شیعەو سوننەی جارێکیتر فوو پێداکرد و گەشاندەوە، تۆخ بوونەوەی جارێکی تری ئەم ململانێ مێژووییە و مەترسی بەریەککەوتنی تائیفی، جیهانی ئیسلامی بە ئەندازەیەکی ترسناک دابەشکرۆتەوە، ئەمەش وادەکات بەشێکی زۆری توانا ئابوری و مرۆییەکان لەبری ئەوەی ئاراستەی نەیارانی هاوبەش بکرێ لە دژایەتی یەکتریدا وەگەڕخراوەو بەهەدەردەدرێت ، ئەگەرچی ئەم جەنگە تا ڕادەیەک ڕاستگۆیی ئێرانیەکانی پشتڕاستکردەوە لەگەڵ دروشمەکانیان ، ماسکەکانی داماڵی لە سیمای دەسەڵاتدارانی ناوچەکە کە بەردەوام ئێران وەکو شەیتان و مەترسی پێشانی گەلانی ناوچەکەدەدەن ، بۆئەوەی ڕەوایەتی بە پەیوەندیەکانیان بدەن لەگەڵ ئەمریکاو ئیسڕائیل .

- پڕۆژەی بەرنامەی ئەتۆمی : بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی لەبری سەرچاوەکانی تری وزەو بەگەڕخستنی لە پێناو پیشەسازی ئاشتیانەدا خەونێکی ڕەوایەو وڵات دەخاتە سەر نەخشەی وزەی ئەتۆمی جیهانی ، بەڵام بۆ ئێران ئەم خەونە بۆتە کابوس، نەبونی شەفافیەت و شاردنەوەی بەشێکی زانیاریەکان لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم ، لە کاتێکدا یۆرانیۆمی پیتێندراوبەڕێژەی کەمتر لە(٥٪) بەسە بۆ پڕۆژەی ئەتۆمی ئاشتی ، بەڵام ئاژانسی وزەی ئەتۆم باس لە ڕێژەی نزیکەی لە (٦٠٪) دەکات لەلایەن ئێرانەوە ، ئەم دۆخە ئێرانی ڕوبەڕوی گەمارۆی جۆراوجۆرو لەدەستدانی متمانە کردۆتەوە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەروەها خەرجی بەرنامە ئەتۆمیەکەی چەند قات بەرزکردۆتەوە و ئابوری ئێرانیشی توشی هەڵاوسان و داتەپینێکی مەترسیدار کردوە، تمەن بە ئەندازەیەک بەهاکەی لەدەستداوە گەلانی ئێرانی خستۆتە سەرهێڵی هەژاریەکی بێوێنە لە مێژودا بە خۆیانەوە نەدیوە .


- پڕۆژەی درۆن و ڕۆکێتی دوورمەودای بالستی : ئێران بەوپێیەی لەڕوی جوگرافیەوە لەگەڵ نەیارەکانی مەسافەیەکی زۆریان لە نێواندایە و لە ڕووی دەریایی و وشکانیەوە دەستیان بە یەکتر ناگات ، بۆیە تەنها لە ئاسمانەوە دەتوانن پەلامارو هێرش بکەنە سەریەکتر، بە هۆی پابەندیەکانی ئێران بە سزاو گەمارۆکان بەدرێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی هێزی ئاسمانی بە گشتی و فڕۆکەی پێشکەوتو بەتایبەت، بۆیە بە پشت بەستن بە توانا لۆکاڵیەکان وسودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای بەشێک لە هاوپەیمانەکانی بەردەوام لە هەوڵی پەرەپێدان و بەرهەم هێنانی ڕۆکێتی جۆراوجۆری دورمەوداو بالستیدابوە، ئەمە جیا لە دەرککردن بە بایەخی درۆن ، وەک چەکێکی نوي وکاریگەر، تاڕادەیەک تێچوی کەمتربەڵام یەکلاکەرەوە لەجەنگەکانی ئەم سەردەمەدا، وەبەرهێنانی زۆرلە ڕووی ماددی وتەکنۆلۆژیای پێشکەوتوی زانستی سەربازی لەم بوارەدا ئێرانیەکانی بە ئەندازەیەکی زۆرزاڵکردوە بەسەر ناوچەکەدا،تەنانەت لە هاوکاری هاوپەیمانە ڕوسەکەیاندا لەجەنگی دژ بە ئۆکرانیا درۆنە ئێرانیەکان ئاراستەی شەڕو پارسەنگەکەیان تاڕادەیەک بە قازانجی ڕوسەکان گۆڕی، لە هەردوک بواری( درۆن و ڕۆکێت)دا ئێران هەنگاوی گەورە و خێرا دەهاوێت وە تا ڕادەیەکی زۆر وەک هێزێکی باڵادەستی هەرێمی دەردەکەوێ .

لە بەرامبەردا ئیسڕائیل ئەم سێ پڕۆژەی ئێرانیەکان بە مەترسی وجودی دەبینێ بۆسەر قەوارەکەیان، لەوپێناودا هەموهەوڵە کانیان خستۆتە گەڕ بۆ شکست پێهێنان و تێکشکاندنیان ، لەدوای (٧) ی ئۆکتۆبەر ئیسڕائیلیەکان ئەودەرفەتەیان قۆستەوە بۆ شکاندنی حەماس و دواتر حزب اللەی لوبنانی ،وەک دووهێزی خاوەن چەکی مەترسیداروجەنگاوەری جیهادی بە ئەزموون لە بەرەکانی بەرەنگاری، هەڵاتنی بەشارئەسەدوسەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەیەکجاری بەرەی مقاوەمەی توشی پاشەکشەکرد بە ڕادەیەک بەرەکانی جەنگی لەسەر سنوری ئیسڕائیلەوە گواستەوە نێو خاکی ئێران و ژوری نوستنەکانی سەرکردەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازیەکان .

لێرەوە ئیسڕائیلیەکان بە سودوەرگرتن لە ڕۆڵبینین وەک قوربانی بەردەوام لەژێرهەڕەشەی وجودیدا، پشتیوانی و هاوسۆزی زۆریان لە ناوچەکەو جیهان، بە درێژایی بونیان مسۆگەرکردوە بۆ هەر هەنگاوێک بیهاون بە بیانوی پاراستنی قەوارەکەیان ، ئەم پشتیوانیە بەشێکی گرنگی بۆ کۆنتێکستە مێژووییەکە دەگەڕێتەوە لە هۆلۆکۆست و جینۆسایدی زیاتر لە شەش ملیۆن جولەکە بەدەستی نازیەکان، دواتر لۆبیەکی بەهێزی ئەوتۆ توانای ئاراستەکردنی بڕیاری سیاسی بەشێکی گەورەی وڵاتان و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕێکخراوناوەندە جیهانیەکان و کۆمپانیاو دامودەزگا زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندنەوە، تەنانەت هەندێک لەچاودێران پێیان وایە دەوڵەتی قوڵ ( الدولة العمیقة) و بڕیاری ستراتیژی هەندێک زلهێزی جیهانی لە ژێرهەژموونی دامەزراوەی جولەکەدایە .

ئەم جەنگە بۆ ئیسڕائیلیەکان بەتەنها جەنگێکی ئاسایی نیە، بەڵکو جەنگی گۆڕینی سیمای ڕۆژهەڵەت ودیزاینکردنەوەی نەخشەی جیۆسیاسی جیهانە وەکو ناتانیاهۆ بانگەشەی بۆدەکات، لە پێناومسۆگەرکردنی ئاسایشی قەوارەکە بۆ زیاتر لە نیوسەدەی داهاتوو. بێگومان تڕامپ وئەمریکیەکان بەگشتی ڕۆڵێکی چارەنوس ساز لە پشتیوانی بەهێزی ئیسڕائیلیەکاندا دەگێڕن لە سیاسەتی ئەوپەڕی فشارەوە بۆ پێدانی مۆڵەتی (٦٠) ڕۆژ لە دانوستان و ئامادەکاری بۆ بەشداری ڕاستەوخۆ لەجەنگدا، لە پێناو پڕاکتیزەکردنی نەخشە سیاسیە نوێکە لە دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی خواست و ئاسایشی قەوارەی ئیسڕائیل، تادێت ناتانیاهۆ سەقفی داواکاریەکان بەرزدەکاتەوە بۆ ئاستی ڕوخاندنی ڕژێمی ئیسلامی، ئەگەرچی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی بەتەنها لە ڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە ئەستەمە ئەگەر مەحاڵ نەبێت .

ئەوەی تا ئێستا جێگەی پرسیارو لەسەر وەستانە ڕۆڵی هێزە ناسیونالستە عەرەبی و ئیسلامیە ڕادیکاڵەکانە لەم جەنگەدا، کە بەدرێژای مێژوو لایەنێکی سەرەکی ململانێکان بوون لە ناوچەکە، بەڵام ئەمڕۆ جیا لە هەندێک هەڵوێستی شەرمنانە لە چوارچێوەی بەیاننامەی ناڕەزایی تەنانەت هەڵوێستی پشتیوانی گەلان وجەماوەری تاڕادەیەکی زۆر پەڕاوێزوغائبە، یان پەکخراوە، ئەم بێدەنگیە ترسناکە بەلای بەشێکی زۆر لە چاودێرانەوە ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی ڕۆڵ و کاریگەری بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی و بەتایبەت شەقامی عەرەبی بە یەکجاری لە ململانێی مێژووی( عەرەب ئیسڕائیل) دا، ئێستا مەسەلەی فەلەستین چیتر وەک مەسەلەیەکی سێنتڕاڵی نەک تەنها لە ناوەندی بڕیاردا مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێ، بەڵکو گەلانی ناوچەکەش چیتر ئامادەنین دەستبەرداری بەرژەوەندیەکانیانبن لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، ئەمە وادەکات ئەگەر ڕژێمی ئیسلامی لەم جەنگە قوتاری بێت، دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت جڵەوی مەسەلە سێنتڕاڵیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەست هێزە تەقلیدیە عەرەبی و ئیسلامیەکان دەربێنێ وهاوسۆزی گەلانی ناوچەکە بۆ ئایندە مسۆگەر بکات، بەڵام تائێستا ئاماژەکان ئەوە پێشان دەدەن ئێران بژاردەی زۆری لەبەر دەمدانیە، بەشەڕ یان بە ئاشتی و لەسەر مێزی گفتوگۆ دواجار ناچاردەکرێ دەستبەرداری هەرسێک پڕۆژەکەی بێت .



AM:12:18:21/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی