ئێران و ئیسرائیل و شەڕ!

‌دڵشاد ئەنوەر

 * سەرباری ئەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، هەردوولا بەقورسی لەیەکتری دەدەن، بەڵام بڕیارە وەفدی ئێرانی ئەوروپییەکان ببینێت.

بڕیای یەکتربینینی وەفدی ئێرانی و ئەوروپییەکان لەکاتێکدایە، گەر لەیادتان بێت، پێش ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٣ ئەمەریکاو هاوپەیمانان لە عێراق بدەن، محەمەد بەرادعی بەردەوام هاتووچۆی بوو، کەچی پلانە ستراتیژییەکە هەر جێبەجێکراو عێراق ڕووخێنرا، واتە جوڵەی دبلۆماسی لە دۆخی شەڕدا زۆر کاریگەری نییە…

* ڕێک وەک دۆخی ئێستا، گەر لە یادتان بێت، کاتێک محەمەد بەرادعی داهاتە عێراق و دەردەچوو، ئەمەریکاو بەریتانیا هێزیان ڕەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد. ئێستاش کەوەفدی ئێران رۆیشتووە بۆ دیداری ئەوروپییەکان، جوڵەی هێز بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەست پێکراوە.

ئەوەی سەرەوە پێشەکی بوو…

* ئەو شەوەی ئەمەریکا کارمەندانی لە باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەکان کەمکردەوە، بەندە یەکەم کەس بوو کە بە وتارێک نوسیم بۆ شەڕی ئێرانە، تەنانەت هیچ میدیایەکی نێودەوڵەتیش ئەمەی نەگوت، بەڵام؛

یەکەم؛هیچ کەسێک تەوەقعی نەکرد شەڕ وا زوو هەڵبگیرسێت، بۆ خۆشم کەوتمە هەڵەوەو پێموابوو ئەم شەڕە دەکەوێتە مانگی حەوت و هەشت، تەنانەت خودی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئێرانیش لێکدانەوەیان بۆ دۆخەکە وا نەبوو، گەرنا لەناو ماڵ و منداڵدا نەدەکرانە ئامانج.
دووەم؛ شەوی یەکەمی شەڕ ئیسرائیل دەستی گەورەی وەشاند، زۆربەی قیادەکانی هێڵی پێشەوەی کردە ئامانج و ئێرانی دووچاری شڵەژان کرد، بەرەنگاری ئاسمانی ئێرانی تێکشکاندو تا ئێستاش ئاسمانی ئێرانی کۆنترۆڵکردووە.

سێیەم؛ لە ڕۆژانی دواتردا، ئێران خۆی قوتارکرد لە شڵەژان و خۆی گرتەوە، ریزەکانی یەکخستەوە، بەدیلی بۆ سەرکردە کوژراوەکان داناو ئامادەکاری خێرای بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل کرد.

چوارەم؛ لەسەر ئاستی دونیاو قاڵبوانی نێو جیهانی سیاسی، ڕایەک هەبوو سوپای ئێران لاوازەو هەواڵگیرییەکەی بەهێزە، بەڵام ئەم شەڕە پێچەوانەکەی سەلماند. دەرکەوت سوپا بەهێزەو سەرباری گەمارۆی سەری، خاوەنی چەکی پێشکەوتووە، لەکاتێکدا هەواڵگیری لاوازەو ئیسرائیل دەستی گەیشتووە بەکون و کەلەبەری ناو ئێران، ئەم دەستگەشتنەش وایکرد بە دەست وەشاندنی سەرەتا بەشێکی زۆری ئەنجامی شەڕەکە یەکلایی بکاتەوە.

ڕابەرو داهاتووی ئێران..

ئێستا شەڕ چوەتە قۆناغێکی نوێ و قورس بووە، ئێران تەحەدا دەکات و مل نادات، گیانی رابەر ئێستا زۆر هاوکێشە یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام ئێستا ڕابەر هەروا ئاسان نییە.

* ئەو شەوەی ئیسرائیل فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، لەناو بردنی رابەر قورس نە بوو، ڕەنگە سەرەتا بۆیە دەستی بۆ نەبرا تا بە لاوازی ببرێتە سەر مێزی گفتووگۆ، بەڵام ئێران دەستیگەورەی وەشاندو دانوستان مانای نەما..ئێستا دەستخستنی رابەر بۆ رۆژاوا موستەحیل نییەو نێچیرێکی هەروا ئاسانیش نییەو شاردراوەتەوە.

* رەنگە پێشتر دەستگەیشتن بە رابەر بۆ ئیسرائیلیەکان قورس نەبووبێت، بەڵام دوای هەڕەشەکان ئەمە ئامانجێکی ئاسان نابێت، چونکە کلیلی هەموو بریارەکان لای رابەرە. بۆیە چیتر چارەنوسی رابەر هێندەی چارەنوسی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران گرنگە، بەوەی گەر رابەر لەناو ببرێت، سەرچاوەی بڕیار لەو وڵاتە نامێنێت، گەر بەرنامە ئەتۆمییەکەش تێکبشکێنرێ، ئێران وەکو سوریاو عێراقی لێ دێت.
شەڕ بەکوێ دەگات..

* ئەگەر شەڕ لێرەدا کۆتایی بێت و دانوستان بێتە ئاراوە، ئەمەریکاو ئیسرائیل بەخراپی دۆڕاون، ئێرانی داهاتوش زۆر بەهێز دەبێت و توانیویەتی بەرگری لە خۆی بکات، هەیبەتی ئیسرائیلیشی شکاندووەو دەبێتە قوتب و وڵاتێکی خاوەن هەیمەنە.

* هەرگیز ئەمەریکا، ئەوروپاو ئیسرائیل ناهێڵن دۆخەکە لێرەدا ڕاوەستێت، تا ئەوکاتەی دۆخی ئێران بەلایەکدا دەخەن، چونکە گەر شەڕ لێرەدا ڕاوەستێت، ئێران براوەو ئەوان دۆڕاو، بۆ چارەنوسی ئێرانیش چەند سیناریۆیەک دێتە ئاراوە، لەوانە؛

یەکەم؛ رووخانی ئێرانی سەورەو هێشتنەوەی ئێرانی دەولە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئێرانی دەولەش لەم دۆخەکەدا بووەتە داکۆکیکاری ئێرانی سەورە، ئایا لە ئێرانی دەولە خۆش دەبن؟ ئایا دۆخی ترسناکی ئێران وادەکات رێگە بۆ ئێرانی دەولە خۆش بکرێ بۆ کودەتا؟.

دووەم؛ لاوازکردنی ئێرانی ئێستاو ئامادەکاری بۆ بەدیل، وەکچۆن سەرەتا عێراق و سوریا لاوازکران دواتر بەدیلی بۆ دانرا..

سێیەم؛ تێکچوونی دۆخی ئێران و تەقینەوەی توڕەیی خەڵک، بەوەی هەر پێکهاتەو ناوچەی خۆی بوروژێنێت و ئەمری واقیع دروست بکرێت!

چوارەم: وەک دەوترێ؛ دواخستنی شەڕو ئامادەکاری بەدیل، بەوەی موجاهیدین و ماڵی شاو پيکهاتەکانی تر بۆ ئێرانی داهاتوو ئامادە بکرێن..

ئەی ئێران چی دەکات..

*ئێران هەرچەند دۆخی خراپ بێت، بەڵام وا دیارە خاوەنی رابەرێکی خاوەن ئایدۆلۆژی بەتەمەنە، نایەوێت خۆی ڕادەست بکات و ڕەنگە بیەوێ ببێتە قارەمانێکی ئاینی و نەتەوەیی.

* ئێران خاوەنی کۆمەڵێک قیادەی گەورەیەو دوای رووخانی رژێم، ئەستەمە جێگەیان ببێتەوەو بتوانن بە ئاسانی بژین، بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت، تا پێیان بکرێ دەست بوەشێنن، وەکچۆن بەرامبەر ئیسرائیل دەیکەن…

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تا بتوانن شەڕ فراوان دەکەنەوە، بەو مانایەی گەر لە دوا قۆناغیشدا بێت وفریا بکەون، بەچوار دەوردا درێغی ناکەن.

بۆیە شەڕ بۆ ئەمەریکاو ئیسرائیل پەیوەندی بە هەیمەنەو باڵادەستییانەوە هەیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانیش پەیوەندی بەژیان و مانیانەوە هەیە…

* ئێستا ئێران جەستەیەکی شەکەتە، مل دەدەیت، بەو مانایەی نەوەوەی پیتێنراو رادەست دەکەیت، رازی دەبیت کامێرای چاودێری ناو بنکەکانت دابنرێ، دەستبەرداری ناردنە دەرەوەی شۆرش دەبیت، دێیتە میحوەری رۆژاواو زۆری تریش ، ئەمەش بەهەردوو بارەکەدا، واتە مل دان و مل نەدان بۆ ئێران قورسە..

شتی تریش هەیەو دواتر ئەنوسم…


PM:12:42:20/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی