ترەمپ ناچارکرا کە هەڵویست و پەیامی خۆی بگۆڕێت ..

‌د.ئاسۆ فەرەیدوون

جەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئی.سرا.ئیل دەستی پێکرد ، جەنگێک کە ماوەیەکی زۆرە ئی.سرا.ئیل پلانی بۆ دارشتبوو ، کۆماری ئیسلامیش لەو چاوەڕوانیە کتوپڕەدا نەبوو کە هێرش بکرێتە سەری بەڵکو بۆچونیان وابوو کە لەدوای دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ئەو جەنگە بکرێت . 

لەبەرەبەیانی رۆژی ١٣ی حوزەیران لەدەستپێکی جەنگەکەدا چەندین فەرماندەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی ئێران تیایدا بە  ئامانج گیران .

ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ، لەو هێرشەدا و ئەوانەی بەئامانج گیران ماڵەکانیان لە باڵاخانەو کۆڵان و گەڕەکە ئاساییەکاندا بوون لەتارانی پایتەخت ، بە بەراورد بە سەرکردە و فەرماندە و باڵادەستەکانی عێراق بەگشتی لە ڤێلاو سەرگردو گەڕەکی تایبەت و باخە گەورەکاندا گوزەران و ژیان ئەکەن .

لە رۆژی دووەمی جەنگەکەدا ئێران وەڵامی هێرشەکەی دایەوەو چەند موشەکێکی دوورهاوێژی ئاراستە بە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئی.سرا.ئیل کرد و چەند شوێنێکی هەستیاری کرد بەئامانج .

لەشەوی سێیەم و چوارەمدا  هەردوو وڵات ناوەندو کۆگاکانی پاڵاوتن و سوتەمەنی و ووزەی کارەباو فرۆکەخانەکانیان کردە ئامانجی هێرشەکانی یەکتری ، وا بەنزیکەیی بەرەو هەفتەیەک جەنگەکە لەنێوان هەردوو وڵاتدا درێژەی کێشاوە .

ئەوەی بەدی دەکرێت لەم جەنگەدا ئی.سرا.ئیل گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئەم جەنگە جەنگێکی درێژخایەنە ، کە ئەمەش لەبەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا نیە ، چونکە هاوڵاتیانی ئی.سرا.ئیل توانای بەرگەگرتنی بەو شێوازە چڕە موشەک بارانگرتنەیان نیە ، ئەمەش پێچەوانەی هاوڵاتیانی ئێرانە کە ساڵانێکی زۆرە ئەزموونیان لەگەڵ جەنگی مەیدانی و درێژخایانی وەک شەڕی هەشت ساڵەی ئێران عێراق و ڕاهاتنی خەڵکەکەی بەرانبەر بەسزای چەند ساڵەی ئابڵوقەی ئابوری ئەو وڵاتە هەیە .

هەروەها ئی.سرا.ئیل هەستی بەوەکرد چەکی پێویست و بەردەستی نیە کە بەتەنها توانای بە ئامانجگرتنی وێستگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی (نەتەنز و فۆردۆ)ی هەبێت ، بەتایبەتی وێستگەی فۆردۆ ژێرخانێکی قوڵی بە دەیان مەتر لەژێر زەوی ، بۆ ئەمەش پێویستی بە چەک و موشەکی تایبەت بەو ئامانجانە هەیە کە تەنها سوپای ئەمریکا خاوەندارێتی ئەکات ئەویش موشەکی (تێکشکێنەری حەشارگە)یە  هەر لەبەرئەوەش ئی.سرا.ئیل کەوتە داوای هاوکاری و یارمەتی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەو وێستگانە بکرێنە ئامانج و (ترەمپ)یان ناچار بەوەکرد کە هەڵویست و پەیامی خۆی بگۆڕێت وە (ترەمپ)  بەفەرمی پەیامی خۆی ڕاگەیاند و داوای (خۆ بەدەستەوەدانی بێ مەرج) لە ئێران بکات کە دەست لە بەرنامەی یۆرانیۆم هەڵبگرن لە پێناو کۆتایی پێ هێنانی ئەم جەنگە .

بۆ راوەستاندنی ئەم جەنگە ئەمریکاو ئی.سرا.ئیل دوو داواکاریان هەیە :

یەکەم / کە داواکاریەکی راستەوخۆیە ، بۆ خۆ بەدەستەوەدانی بێ مەرج لەلایەن  کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە وازهێنان و دەستبەرداربوونی ئێرانە بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی و فایلی هەڵوەشاندنەوەکەش پێشکەش بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکات .

دووەم/ داخوازییەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی (ولایەتی فقیە) لە ئێران و گۆڕینی بە سیستەمێک کە سەرۆکی کۆمار دەسەڵاتی باڵای تێدا هەبێت. ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی لەساڵی ١٩٧٩ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەری دامەزرا ، قبوڵکردنی ئەم داواکارییانە بە واتای دەستبەرداربوونی ئێرانە لە بەرخۆدان و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیە لە ئێرانی بەرخۆدان بۆ ئێرانی دەوڵەت . 

بە بۆچوونی ئێمە، ڕازیبوون بە هەریەکێک لەم دوو داواکارییە ، واتە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئێران ، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران لە گۆشەیەکی تەنگدایە ، هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە بەردەوامی بە جەنگ تا ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر پێوەرەر بژاردەی دیکەی دانوستان دەخاتە ڕوو وە یان یەکێک لەو دوو لایەنە  جەنگەکە ئەدۆرێنێت .

ئاسۆ فەرەیدوون
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


PM:03:12:19/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی