جەنگ و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و مەترسییە تەندروستییەکان
ئاوات عەلی
جەنگ و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و مەترسییە تەندروستییەکان
زۆر بە سادەیی دەمانەوێت ڕونیبکەینەوە کە ئایا لێدانی سەربازی لەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کاریگەری لەسەر ژینگە و تەندروستی هاوڵاتیانی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو هەیە! بۆیە نامەوێت نوسینکە ڕۆبچێتە نێو زانستی فیزیای کوانتەمی و باس سیزیۆم١٣٧ و سترۆنیۆم ٩٠ و تیشکەکانی ئەلفا و گاما و بێتا بکەین، بەڵکو تەنها بەزمانێکی سادە ئەگەرەکان و مەترسییەکان ڕونیدەکەینەوە.
هەرچەندە پسپۆرییەکەی من و پرۆژەی دکتۆراکەم لە زانستی کیمیای شیکاریی دورە لە زانستی کوانتەم، بەڵام بە وەرگرتنی چەند کۆرسێکی کوانتەم لەڕابردوودا و خوێندنەوەی چەند ئارتیکڵێک هەندێک زانیاریی کۆبکەمەوە و بەسادەیی دایبڕێژمەوە.
جیاوازی نێوان دامەزراوە ئەتۆمییەکان چییە؟
سێ دامەزراوەی ئەتۆمی گرنگی ئێرانی کە لەم جەنگەدا زۆر ناویان دێت بریتین لە بوشەهر و ناتانز و فۆردۆ. دامەزراوەی بوشەهر بریتییە لەتاکە وێستگەی وزەی ئەتۆمی ئێران کە بۆ بەرهەمێهنانی وزە و کارەبا سودی لێ وەردەگیرێت و بەرکارهێنانی مەدەنیانەیە و سەربازی نییە و یۆرانیۆمی تیادا ناپیتێندرێت، بۆیە نە تا ئێستا هێرشی کراوەتە سەر و نە لەپلانی هێرشەکانیشدا باسدەکرێت، چونکە هێرشکردنە سەر ئەم وێستگەیە، کاریگەرییەکانی وەک بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەبێت دژى وڵاتی ئێران.
بەڵام ناتانز و فۆردۆ بریتین لە بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆم، کە باس لە گەیشتن بە پیتاندنی تا ڕێژەی ٦٠% دەکرێت، لەکاتێکدا بۆمبی ئەتۆمی پێویستی بەپیتاندنی ڕێژەی ٩٠% هەیە.
چێرنۆبڵ هاوشێوەی کام لەم دامەزراوانە بوو؟
چێرنۆبڵ وێستگەی وزەی ئەتۆمی بوو هاوشێوەی بوشەهر، واتە ئەگەر هێرشبکرێتە سەر بوشەهر کە ئەگەرێکی زۆر زۆر لاوازە و تا ڕادەیەک مەحاڵە، هاوشێوەی ڕوداوەکەی چێرنۆبڵ ڕوودەدات. کە ئەو هاوڵاتیانەی بە دوری بازنەیی تا ٥٠ کیلۆمەتر نیشتەجێن کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەریان و ئەو ناوچانە دەبێت چۆڵبکرێن و بۆ ژیان ناگونجێن، بۆ مەودا دورەکانیش لە سەروو ١٠٠ کیلۆمەترەوە کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبێت و لەمەودای دوردا دەردەکەوێت بەڵام کەمتر دەبێتەوە، هەروەها کاریگەرییە سروشتییەکانی وەک باو و باران دەکرێت مەترسیی و لێکەوتەکانی بگەیەنێتە عێراق و وڵاتانی کەنداو یان بەپێچەوانەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئێران و نیوخۆی وڵاتەکە.
بۆ نمونە لە ڕوداوەکەی چێرنۆبڵ بێجگە لەوەی کاریگەرییەکان گەیشتە وڵاتانی ئەوروپا، عێراقیش بێبەشنەبوو لە کاریگەریی و لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە و مادە زیانبەخشەکان گەیشتە عێراقیش.
بەڵام وەک ئاماژەمان پێکرد، ئەگەری لێدان لە بوشەهر هەر وەک ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی یە لەم جەنگەدا بان لەهەر جەنگ و کاتێکی تردا.
ئەی لێدان لە ناتانز و فۆردۆ چی زیانێکی دەبێت؟
مەترسییەکانی بڵاوبونەوەی مادە تیشکدەرەکان لەم دوو دامەزراوەیە کەمترن بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی کەوتونەتە دووری ٥٠ بۆ ١٠٠ کیلۆمەتر لەم بنکانەوە.
باس لەوەدەکرێت کە ئەم بنکانە بە تایبەتی فۆردۆ لە قوڵایی ٨٠ یان زیاتر لە ژێر زەویدان، بۆیە لەکاتی لێدان و دزەکردنی مادە ئەتۆمییەکان ئەگەر لەو بنکانە هەڵگیرابن، ئەوا زیانەکان بۆ ناوچە نزیکەکانی خۆی دەبن بەنیوەتیرەی ٥٠ بۆ ١٠٠ کیلۆمەتر و مەترسییەکانی وەک مەترسی لێدان لە بوشەهر یان تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی نییە.
لەمکاتەشدا با و باران کاریگەریی لەسەر زۆری و کەمی ئەو سنورانە دەبێت کە ئەم ڕووداوە مەترسییان لەسەر دروستدەکات، بەڵام کاریگەریی و مەترسییەکان بۆ دەرەوەی سنورەکانی ئێران زۆر زۆر کەمن یان هەر بونیان نییە.
جیاوازی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی و لێدان لە بوشەهر چییە؟
تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی بێجگە لە کاریگەرییە تەندروستی و ژینگەییەکانی کە لە شوێنی تەقینەوەکە و ناوچەکانی چوار دەوری دروستیدەکات بۆ دەیان و سەدان ساڵی داهاتوو، لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەو وزە و گەرمی و شەپۆلەی دروستیدەکات بەپێی گەورەیی و قەبارەی بۆمبەکە لەچرکەیەکدا ژیان لەبونەوەرەکانی ناوچەیەکی فراوان وەردەگرێت. بەڵام لێدان لە بوشەهر کە وەک وتمان ئەگەرێکی زۆر زۆر لاوازە و باسنەکراوە تەقینەوەو ئەو گەرمی وزە و شەپۆلە گەورەیە دروستناکات و تەنها کاریگەرییە تیشکدەرەکانی لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی نزیکی دەکات و بۆ ژیان ناگونجێت.
بەهیوای ئاشتییەکی گشتگیر و سەلامەتی تەندروستی بۆ هەموو لایەک
ئاوات عەلی
PM:03:57:18/06/2025
ئهم بابهته 1120
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی