ڕێگە مەترسیدارەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران

‌دانا بەهادین

پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم ململانێیە تەنها ڕکابەرییەکی سەربازی نییە، بەڵکو شەڕێکی قووڵی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژییە لە نێوان دوو نەتەوەی بەهێز کە کێبڕکێ لەسەر باڵادەستی هەژموونی خۆیان دەکەن. ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەردەوام داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات، لە کاتێکدا ئیسرائیلیش کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەترسیدارترین دوژمنی خۆی دەزانێت.

ئێران پشتیوانی لە گروپە چەکدارە بەهێزەکانی وەک حزبوڵڵا لە لوبنان، حەماس لە غەززە و میلیشیا جۆراوجۆرەکانی شیعە لە عێراق و سوریا دەکات. ئەم بریکارانە چەندین هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە و زۆرجار تۆڵەسەندنەوەشیان لێکەوتووەتەوە. بۆ نموونه له  شه ڕی ساڵی (٢٠٠٦) دا، چەکدارانی حزبوڵڵا له لایه ن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوه چه ک و داراییان بۆ دابینکرا،  هه زاران موشه کیان ئاراسته ی شاره کانی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەردا ئیسرائیل بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی خاپور کرد. لەم دواییانەدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا هەوڵیان دا بنکەی هەمیشەیی لە نزیک سنووری ئیسرائیل دابمەزرێنن، ئەمەش بووە هۆی هێرشی بەردەوامی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەریان.

پرسی ئەتۆمی لەوەش تۆقینەرترە، ئەگەرچی ئێران پێداگری دەکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەرم و ئاشتیانەیە و نابێتە هەڕەشە لە سەر ئاشتەوایی جیهان، بەڵام ئیسرائیل پێیوایە ئێران بە نهێنی بۆمبی ئەتۆمی دروست کردووە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل  لە ساڵی (٢٠١٢) دا،  لە وتارێکدا چەند زانیارییەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان خستبووە روو  هۆشداریی دابوو کە ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک بۆتەوە. ئەو وتارە فشاری زۆری خستە سەر زلهێزەکانی جیهان بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر ئێراندا. خۆشکردنی نیەتی شەڕ و ناکۆکی لە بەرانبەر ئێران لێکەوتەوە تا کار گەیشت بەم جەنگە مەترسیدارەی ئێستا.

ئەگەر شەڕی نێوان ئیسرائیل - ئێران لەمەش زیاتر تەشەنە بسەنێت و بەردەوام بێت، ئەوا بێگومان هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاش دەگرێتەوە، دواتر بازاڕەکانی نەوتی جیهانی تێک دەدات و دۆخی سیاسی و ئابوری عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت بۆ ماوەی درێژخایەنتر  ناسەقامگیرتر دەکات.  ئێران دەتوانێت خاکی عێراق وەک وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنێت بۆ لێدانی ئیسرائیل، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچەکە بەرەو ئاژاوەی گەورە مل بکێشێت. هەر بۆیە پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییە  کوردییەکان بە دەستەڵات و ئوپوزسیۆنەوە لەم دۆخە ئالۆزەدا بێلایەن بمێننەوە و هاوسەنگی سیاسی درووست بکەن و هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان و ناوچەییەکان   درووست بکەن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا، ئەمە تەنها ململانێیەکی نێوان دوو وڵات نییە و بەڵکو قەیرانێکی ناوچەییە و پیویستە  فشاربخرێتە سەر هیزە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەوەی سنوور بۆ هەڵکردنی ئەم شەپۆلە مەترسیدارە دابنرێت، بەرلەوەی ناوچەکە و هەمووان بکەوینە ناو گێژەڵوکە مەترسیدارەکەی جەنگی ناوچەییەوە.


PM:09:09:16/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی