لەم بارودۆخی شەڕەدا کورد دەبێت چی بکات ؟

‌بەختیار مستەفا

زۆرینەمان ئاگادارین لەدوای جەنگی ساردو نەمانی بلۆکی رۆژهەڵات و باڵادەست بوونی  سستمی سەرمایەداری جیهان بەرەو تاک جەمسەری هەنگاوی ناو ئەوەش دەرکەوت کەبابەتی ئایدۆلۆژیاو قسەو باس و خەڵک بەکوشتدان بەناوی کرێکاران و بەش مەینەتانی  جیهان و بەناوی دین و سستمی دیموکراسی سەرمایەداری رۆژ ئاوا لەدروشم بازی و هەڵخەڵەتاندنی گەلان و بەکوشتدانیان لەژێر ناوی جۆراوجۆردا  بەولاوە هیچی تر نەبوون ، هەمووان هەڵپەی پاوانخوازی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و تاڵانکردنی وڵاتانی تر بون و ئێستاش هەروان .

دوای دروست بوونی یەک جەمسەری دیسان هەمووان خەریکی قۆرخکاری و پاوانکاری بازاڕەکانی جیهانن لەلایەک بۆ بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی گەلانی جیهانی سێ و ساغکردنەوەی کاڵاکانیان لەبەرهەمی تەکنەلۆجی و چەک و جبەخانە سەربازیەکانیان بەتایبەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەوڵەمەند بەنەوت و غازو هتد ... بۆ ئەم مەبەستەش چەندین دەوڵەتۆکەی نەوتی کەکاتی خۆی ئەمەریکاو بەریتانیا دروستیان کردون و وابەستەی خۆیانیان کردون و دایان دەدۆشن و لەلایەکی تریش چەندین گروپی جۆراو جۆر دروستکراون بەتایبەتی هێزی ئیسلامی توند ڕەو ،  چەندین وڵاتی بەهێزی ناوچەیی وەک ئێران و حکومەتی عێراقی سەردەمی بەعس لەناوچەکە هەبوون ڕۆژئاوا چاوپۆشی لەکارو کردەوەکانیان دەکرد  بەمەبەستی بەکارهێنانی هەر هێزو لایەنێک لەو کاتەی خۆیان دەیانەوێت ... 

گەلی کوردیش لەهەموو ئەمانە بەدەر نەبووە ، هەمیشە کورد لەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەش کراون ، بەرداوام  ناوەند بەهێز بوەو وایان لەکورد کردووە بۆ پاراستی خۆی دەست بۆ هەموو شتێک ببات زۆر جار خراپ و هەندێک جار باش و لەهەموو حاڵەتەکانیش بەناچاری بووە .

وەک دەیبینین ئێستا ئەمەریکاو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیان و وڵاتانی کەنداوی سوننە مەزهەب و  ئیسرائیل لەلایەکن و روسیاو چین و کۆریاو ئێران و هاوپەیمانە بچوکەکانیان لەگروپە  چەکدارە مێلیشایاییەکانی گرێدراویان  لەلایەکی ترن ... ئەمانیش بەپێی بەرژەوەندی جۆراو جۆری ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی هەڵکشان و داکشان لەهەڵوێستەکانیان و بەرەکانیاندا ئاڵوگۆڕی بەسەر هاتووە ... 

ئەوانی تریش لەناوچەکە چ دەوڵەت و چ وەک دەستەو گروپ بەپێی بەرژەوەندیەکانیان و هەڵکەوتەی جوگرافیایان و ئەمری واقع  لێرەو لەوێ کەوتبنە ئەم بەرە یان ئەوی ترەوە بێگومان هێزە کوردیەکانیش لەم جۆرە بەرانە بەدور نین بەڵام بەشێوەی جۆراو جۆر تۆخ و کاڵیان هەیە ... لەو وڵات و هێزانەی تریش وڵاتانی کەنداو ئەردەن میسرو لوبنان سوریا دەبینرێن و لەمێلیشیاکانیش حوسیەکانی یەمەن ، حیزبوڵای لوبنان و حەماس و مێلیشیا جۆراو جۆرەکانی عێراق و مێلیشیاکانی پێش روخانی بەشار ئەسەدی سوریا و زۆرێکی تر کەبەمەنتقی دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە مامەڵەیان کردووە .

دوساڵە جەنگی روسیا  ئۆکراین دروست بوەو سەریەشەیکی زۆری بۆ روسیا و سەرقاڵکردنی ئەو وڵاتە دروست کردووە ... ئۆکراینیش شەڕی بەوەکالەتی ئەمەریکاو ئەوروپا دەکات .

هاوکات ئێران وەک وڵاتێک کەخۆی بەخاوەنی هێزی گەورەی مرۆیی و سەربازی و ئابوری دەبینێت ، دوای جەنگی هەشت ساڵەی عێراق - ئێران ، بەردەوام خەریکی ئەوە بوە جەنگ و ئاگر لەناو وڵاتەکەی دوربخاتەوەو هەناردەی هەرەشەکانی بکات بۆ دەرەوەی سنوری خۆی و لەو چوار چێوەیەشدا لەلایەک بەردەوام هانی بەرەی شیعەو بەناو مقاوەمەی داوەو بەشێوەیەکی دەست کراوەش هاکاری مادی و سەبازی و مەعنەوی حزبوڵای لوبنان و حوسیەکانی یەمەن و حکومەتی پێشوی سوریای هاوپەیمانی و حەماس و مێلیشیاکانی عێراقیان کردووە و لەلایەکی تریش وێڕای فشارو گەمارۆ ئابوریەکانی سەری  بەردەوام لەخۆ قایم کردندا بووە لەڕوی ئابوری و جبەخانەی سەربازیەوە تا بەهەوڵی جدی دەگات بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و گەیشتن بەبۆمبی ئەتۆمی ، ئەمەشی نەشاردۆتەوەو بەردەوامیش ئەم وڵاتە دروشمی مەرگ بەر ئەمەریکاو مەرگ بەر ئیسرائیلی بەرز کرۆتەوە .

لەو چوار چێوەیەشدا ئێران تا ڕادەیەکی باش ئەم شتانەی بۆ چووبوە سەر ، وەسەریەشەیەکی زۆری بۆ ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو هاپەیمانانی  ئەوروپا دروست کردوە لەلوبنانەوە بۆ ئیسرائیل و لەیەمەنەوە لەلایەک بۆ ناو ئیسرائیل و لەلایەکی ترەوە لەدەریای سورو  بابولمەندەب  بۆ کەشتی گەل و هاتوچۆی بازرگانی ئەمەریکاو ئەوروپاو هاوکات ئیسرائیل هتد دروست کردوەو هێشاش بەردەوامی هەیە ، لەلایەکی ترەوە لەسوریاوە بۆ ئیرائیل و لەعێراقەوە بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان ... لەبەحرەین هاندانی شیعەکان لەدژی ئەو حکومەتەو ... چەندین سەریەشەی تر لەچەندین جێگای تری جیهان ... تا کار بەوە گەیشتبوو کە سەرۆکی حەماس و حزبوڵاو مێلیشیاکانی عێراق ،   ئیسماعیل هەنیەو حەسەن نەسروڵا  زۆر بەلەخۆبایی بوون و زمانی زبرو هەڕەشەوە قسە بکەن و پەنجە ڕاوەشێنن و دەست بوەشێنن و بەراست و چەپدا  بەسەرکێشانە لەبەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل و دۆستەکانیان بدەن .. 

هاوکات نوێنەری ئێران لەناوچەکە کەخۆی لەقاسم سولێمانیدا دەبینیەوە لەهەموو لەهەموو ئەو وڵاتانەدا هاتوچۆی دەکردو ئەمری بەسەردا دەکردن وەکو ئەوەی لەوڵاتی خۆیدا بێت و بڕوات و ئەمر بەسەر سەربازانی خۆیدا بکات ..

چەندینجار لێرەو لەوێ سەریەشەیان بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو  ئیسرائیل و دۆستەکانیان دروست کرد ... هەمووان بینیومانە لەکوێ و کوێ ئەم کارو کردەوانە ئەنجام دراون و پێویست بەئاماژە ناکەن ...

تاوای لێهات ئەمەریکیەکان و ئیسرائیلیەکان گەیشتە سەر کونە لوتیان ... سەرەتای هەنگاوی بەرپەرچدانەوە و سنوردانانیان بۆ ئێران و بارودۆخەکە بەلێدانی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس و هاوڕێکانیان دەستیان  پێکرد ... دواتر لەئیسماعیل هەنیە درا لەناو جەرگەی تاران و لەباوەشی خۆیاندا .. دوای ئەو لێدانی حەماس و سەرکردەکانی تری حەماس لەناو فەلەستین و قەتەر ئەنجامدراو هێشتاش بەردەوامی هەیە ... دوای ئەوان کەوتنە لێدانی حزبوڵاو تەقاندنەوەی پەیجەرەکان  و کوشتنی خودی سەرۆکی ئەو حزبەی بەدوادا هات و جێگرەوکانیشان یەک بەدوای یەک  لێیان کوژرا و ئەمیش دیسان بەردەوامی هەیە ... لەهەموو ئەوانەشدا وێرانکردنی ژێر خانی ئابوری لوبنان و غەزەو دوای ئەوانیش حوسیەکان و یەمەنی بەدوادا هاتوەو هێشتاش بەردەوامەو تەنانەت لەکاتی ئەم نوسینەمدا حوسیەکان و یەمەنیان کردە ئامانج .

هاوکات بەردەوام ئسیرائیل و ئەمەریکا لەسوریاو عێراق چەندین جێگایان کردۆتە ئامانج کەبەهەرەشەی سەرخۆیانی دەزانن ... چەند جارێک ئیسرائیل سەربازگەو مۆڵکەی تورکیاشیان لەسوریا کردە ئامانج . 

بێگومان ئەو گروپ و هێزانەش کەناویان هاتووە ئەوەی پێیان کرابێت لەبەرانبەر ئیسرائیل و ئەمەریکاو هاوپەیمانان دەستیان نەپاراستوەو درێغیشیان نەکردوە و لەهیچ نەگەڕاونەتەوە .

بەڵام بەپێی ئەنجامەکان دەتوانین بڵێین بەرەی بەناو مقاوەمە شکستی خواردو غەزەو لوبنان و یەمەن وێران کراون و زیاتر لەدوسەد هەزار کەس کوژراوو برینداریان داوە بێجگە لەوێران بوونی ژێر خانی ئەو وڵاتانە کە بە 20 ساڵی تر وەک خۆیان لێنایەتەوە .. هەموو ئەمانە وای لەئیسرائیل کرد بەلوت بەرزیەوە خۆی بەسەرکەوتوو ببینێت و هەست بەشانازی بکات و بیر لەوەش بکاتەوە هەنگاوی زیاتر هەڵبگرێت و کاربکات بۆ لوتشکاندنی زیاتری دوژمنەکانیان و بەتایبەتیش ئێران کەبەدوژمنی یەکەم و سەرسەختی خۆی دەزانێت .

بەڵام هۆکاری سەرەکی بۆ لێدانی ئێران وەک ئەوەی ئیسرائیلیەکان و بەتایبەتیش ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە ئێران چەند هەنگاوێکی کەم و ماوەیەکی کورتیان ماوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و ئەمەش بەمانای لەناوبردن و سرینەوەی ئیسائیل دێت .. هەربۆیە کاتێک ئەمەریکیەکان و تیمی دانوستاندنی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی خەریکی دانیشتن و گفتوگۆ بوون ئیسرائیلیەکان هاواریان لێهەستابوو کەئەوان لەلایەک متمانەیان بەئێرانیەکان نیە و لەلایەکی ترەوە پێیان وابوو کە ئێرانیەکان کات دەکوژن و دەستی دەستی بەتیمەکان دەکەن تا ئەو کاتەی دەستیان دەگات بەبۆمبی ئەتۆمی ئەمەش وای کردبوو ئیسائیلیەکان ئۆقرەیان لێببڕێت و لەئاکامیشدا هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران و سەرکردە سەربازیەکان و زانا ئەتۆمیەکان و سەکۆکانی موشەک و وێرانکردنی ژێر خانی ئابوری ئەو وڵاتە و هەرچی کێڵەگەکانی نەوت و  غازو وێستگەی کارەباو ئاوو شوێنە زیندوەکانی ئەو وڵاتە هەیە بیکەنە ئامانج ، بەو هیوایەی بتوانن ئەو وڵاتە لەهەموو رویەکەوە زەلیل و ئیفلیج بکەن و هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆم سفر بکەنەوەو بەدەست بەتاڵی بیانهێڵنەوەو 20 بۆ 30 ساڵ ئەو وڵاتە ببەنەوە پاش .

ئالێرەدا دەبێت باس لەوە بکەین کورد دبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بارو دۆخەکەدا بکات ؟

جارێ نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت جەنگ کاولکاری و ماڵوێرانی گەلان و کوشت و بڕی تێدایە و ئەم جەنگانە جەنگی تەماع و چاوچنۆکی هەڵگیرسێنەرەکانیانن ، جیاوازیش لەنێوان باڵەکانی شەڕدا نیەو هەمووان بەیەک مەنتق و دور لەمرۆڤ دۆستی شەڕ دەکەن بۆ نیشاندانی باڵادەستی و پاوانخوازی ، هاوکات ئەوەی تێبینی دەکرێت کورد تا ڕادەیەکی باش ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە ، هەرچی کوردی باکورو رۆژئاوان لەلایەک دورن ، لەلایەکی تر هەر پارچەیەو بێ لایەنن و سەرقاڵی پرۆسەو هەنگاوەکانی ئاشتین ..

هەرچی باشوری کوردستانە نزیکن لەئاگرەکەوە ، بەڵام بێ لایەنیان هەڵبژاردەوە ئەمە کارێکی باشە ، چوونکە بەکۆی گشتی جەنگ لەبەرژەوەندی کەس نیەو کوشت و بڕو ماڵوێرانی لێدەکەوێتەوە ..  لەگەڵ ئەوەش لەماوەی ڕابردودا و بەفشاری ئەمەریکا هەرێم رێککەوتنی غازی و نەوتی لەگەڵ ئەمەریکا واژۆ کرد و ئەمەش نارەزایەتی ناراستەوخۆی تاران و راستەوخۆی بەغدای لێکەوتەوەو لەیەکەم هەنگاودا موچەی هاوڵاتیانی هەرێم وەستێنرا یاخود بڕدرا ،  چوونکە ئەو کارە زیانی گەورە بەئابوری ئێران دەگەیەنێت هەرزوش  بەغدا وتی ئەمە پێلشێلکاری سەروەری عێراقەو هتد .. ئەمەریکا وتی ئەو رێککەوتنانە دەستورین و عەیبیان نیەو پێویستە بەغداو هەرێم رێکبکەون و غازی هەرێم بکرێتە جێگرەوەی غازی ئێران بۆ دابینکردنی سوتەمەنی و کارەبای عێراق و پێشتریش ئەمەریکا مۆڵەتی بۆ عێراق نوێنەکردەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەکڕینی غازی ئێرانی بۆ دابینکردنی کارەباو سوتەمەنی ... 

هەرچۆنێک بێت وەک بینیومانە ئەمەریکا بەئارەزوی خۆی هەڵسوکەوت دەکات هەرچی بوێت یاساییە و هەرچی ئارەزو لێنەبوو نایاساییە ، لەگەڵ نزیکترین دۆستەکانی بە کاتژمێر گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێستەکانیدا دێت ... پرس بەکەس ناکات بەتایبەتی ترەمپ و کابینەکەی ... هاتە کەنداوو دو تریلۆن دۆلاریان راکێشا بۆ وڵاتەکەیان ، لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش گرێبەستیان واژۆ کردووە ، ئەوەی بەخەیاڵیدا بێت دەیکات ، باج لەسەر وڵاتان دادەنێت و دوای چەند کاتژمێرو رۆژێک بریارەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە ، بۆیە لەو نێوەندەدا دەتوانین بڵین شتێکی ئەوتۆ لەدەسەڵاتی کوردو حکومەتی هەرێمدا نیە بەقەدەر ئەوەی ئەمڕۆ لەبەرژەوەندی ئەمەریکاو سستمی سەرمایەداری بووە ئەو رێکەوتنانە بکرێت و هیچی تر . 

ئەو گرێبەستانە بۆ ئەمەریکا دولایەنە بوو ، لەلایەک گرێبەستێکی زەبەلاحەو لەلایەکی تر فشارو زیان گەیاندن بوو بە ئابوری ئێران ... ئەمەش لەسینارۆکەی ساڵی 990 ی عێراق و کوێت دەچێت ... 

لەم بابەتەشدا هێشتا هەرێم پێویستە لەلایەک دان بەخۆیدا بگرێت ، لەلایەک نەبێتە لایەنی ئەم شەڕو ململانێیانە .. 

هاوکات هەوڵ بدات لەرێگای دەستورو دادگای فیدراڵیەوە قەیرانی مووچە چارەسەر بکات و هەرچۆنێک بۆی دەلوێت لەرێگای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ناوەندەکانی ناوەو  دەرەوەی عێراقەوە فشار دروست بکەن لەلایەک بۆ پابەند کردنی عێراق بۆ مافەدەستوریەکانی کورد لەبابەتی ناوچە دابڕێنراوەکان و پێشمەرگەو مووچەکانیان و پێدانی بەشی پێشمەرگە لە هاوکاریە سەربازیەکانی سوپای عێراقی و   لەلایەکی ترەوە بۆ پابەندبوون بەمسۆگەر کردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم و پارەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێم دور لەفشارو ململانێ و مزایەدەی سیاسی ، ئەگەر ئەوانە سودی نەبوو ، ئەو کات پەنا بردن بۆ دۆستەکان ، چۆن دروزەکان بۆ بەهاناوە هاتنیان پەنایان بۆ ئیسرائیلیەکان برد ، کوردیش بۆ ئیسرائیل نا بەڵام پەنا بەرێت بۆ ئەمەریکاو فەرەنساو بەریتانیاو وڵاتانی تری ئەوروپی ، بەتایبەتیش کەهەرێم رێککەوتنی لەگەڵ ئەمەریکا کردوەو ئەمەریکا دەڵێت ئەو کارە یاساییە ،  داوایان  لێبکەن لەلایەک کورد بپارێزن و لەلایەکی تر لەبەشی ئەو گرێبەستانە بەشی هەرێم بەجیا بدەن بەکورد ... ئەوەش بەبەرانبەر نەک بەخۆڕایی ، چوونکە دەزانین ئەمەریکاو سستمی سەرمایەداری تەنها بەرژەوەندیەکانی خۆیان  دەبینن وهیچ شتێک لەڕای خودادا بۆ کەس ناکەن ..

هەرچی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە پێویستە بۆخۆیان سەیری بارودۆخەکە بکەن و پەلەنەکەن و خۆیان بەگورگان خواردوو نەدەن چونکە ئەمەریکاو هەموو ئەوانەی باسمان کردون بەروسیاو چینیشەوە جێگای متمانە نین و بەلایانەوە گرنگ نیە کوێ کاول دەبێت ؟ کێ دەکوژرێت ؟ سفیل و چەکدارو ئەو شتانە لای ئەوان بوونی نیەو  ناخوات ، زۆر جاریش کەقسە دەکەن ئەوەیە لەبەردەم ڕای گشتی شەرمەزار دەبن و پێشێلکاریەکان زۆر زەقن ، هەمووان دەزانین چۆن ستەم لەگەلی کوردو گەلانی تری ئێران دەکرێت بەڵام 

دەبێت ئەزمونەکانی پێشو لەبیر نەکەین و هەموو روداوەکانی رابردو ئەم قسەیە دەسەلمێنن .. دیقەت بدەن چۆن حەفتاو چوار کورد فرۆشرا ؟ چۆن بەگەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی سەرکردەکانمان فڕێندراون ، چۆن تیرۆری چەندین سەرکردەی کورد تەنانەت لەکاتی دانوستاندن کراوە ، کەسیش خۆی نەکردۆتە خاوەنمان ! 

دیقەت بدەن و بیرتان بێت چۆن کاتی خۆی سوڤیەت پشتی کردە ئەفغانیەکان ؟ چۆن چەپ و شیوعیەکانی عێراقیان بەجێهێشت و رێگایان دا بەعس کوشتوبڕیان بکات ! چۆن ئەمەریکا ئەفغانی جێهێشت ؟ چۆن روسیا دەسبەرداری سەدام و رژێمەکەی بوو ؟ چۆن روسیا وازی لەبەشار ئەسەد هێنا ؟ چۆن ئەمەریکا کاتی خۆی پشتی لەشای دۆستی خۆی کرد ؟ چۆن دوای ماوەیەکی کەم میسر داوا لەشای ئێرانی دۆستی نزیکی خۆی دەکات وڵاتەکەی بەجێبێڵێت ؟ 

لەسوریا ئەمەریکیەکان چۆن بەپێی بەرژەوەندیەکانیان مامەڵەیان دەکرد ؟ رۆژێک دەیانوت سوریا  بەجێ دێڵین ! رۆژی دواتر پەشیمان دەبوونەوە ، دەبێت بیرمان بێت جۆلانی رۆژێک لەبەرەی تیرۆرو رۆژێک پیاوی زەرورو باشە .... 

لەگەڵ ئەوانەشدا هێزەکانی رۆژهەڵات خۆیان لەهەمووان باشتر بارودۆخی ئێران و رۆژهەڵات دەزانن ، کاری خۆیانە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆزەکەدا دەکەن ، بریاڕ لای خۆیانە ئەوەی گرنگە پێویستە کورد یەکریز بێت و یەک بەرنامەو یەک نەخشەو هاو ئاواز بن ...  ئەوەش لەسەر پارچەکانی ترە پشتیوانیکردنە لەیەکتری ... 

چوونکە هەموو جیهان دۆستمان بێت ناکاتە یەکریزی گەلەکەمان و تەبایی کە تاکە رێگای گەیشتنە بەئاواتەکانی گەلە ستەمدیدەکەمان ...


PM:01:53:16/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 1588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی