ئەبێت خاوەندارێتی لە قوربانیدانی گەل بکرێت!
د. ئیدریس عەبدول کاکە
ئەگەر بگەرێینەوە بۆ مێژوو دەبینین گەلی کورد لە باشوری کوردستان قوربانی گەورەو زۆری داوە بۆ ئەوەی بە ئازادی و سەرفرازی بژێت.
کاتێک نوخبەی کۆمەڵگا جاری شۆرش ئەدات بۆ رزگار کردنی خاک و میللەت ، ئەوە میللەتە بە گیان، بە ماڵ پشتیوانی لێ دەکات، کورد لەم بەشەی کوردستان دۆخەکەی بەشێوەیەک بووە کە بەشێکی خەڵک پشتیوانی شۆرشی کردووەو لەو پێناوەشدا بە ماڵ و گیان بووە بە سوتەمەنی شۆرش، لەبەرامبەریشدا بەشێکی تر هەمیشە لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی شۆرش دەرفەتیان بۆ رەخساوەو تێروپڕ لەسەر سفرەی نەیارانی شۆرشەکان کەیف و سەفایان کردووەو شاهانە ژیاون لەسەنگەری خیانەتدا، لەو نێوەندەشدا بەشێکی تری خەڵک نەچوونەتە بەرەی دژ بەشۆرشەوە بەڵام لەگەڵ شۆرشەکەشدا نەبوون بە شێوەی کرداری ، ئەمانەش لە راستیدا هەر لە بەرەی شۆرش هەژمار ئەکرێن چونکە هەر هیچ نەبێت خیانەتکار نەبوون و ملیان بۆ بەیاران کەچ نەکردووەو خۆیان نەفرۆشت .
نامانەوێت لاپەرەکانی فیداکاری و قوربانیدان و خۆنەویستی خەڵک هەڵبدەینەوە چونکە هەزاران لاپەرەش ناتوانێت پڕیان بکاتەوە .
کورد لە پاش راپەرینی بەهاری ١٩٩١ چاوەروانی ئەوەی ئەکرد بە ئازادی و بەکەرامەتەوە لەسەر خاکەکەی خۆی بژی و حوکمرانیەکی دادپەروەرانەی خۆیی دابمەزرێنێت ، ئەمە کرا ، بەڵام بەداخەوە ململانێ و شەری برا کوژی و قات و قڕی و ئابڵوقەی ئابووری خەونەکانی ئەو قۆناعەشی کرد بەسەراب و بوار نەدرا گەل چێژ لە بەرئەنجامەکانی ڕاپەرین وەربگرێت.
دواجار پرۆسەی ئازادی عێراق و روخاندنی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ موژدەی هەڵهاتنی خۆری هیوای بەهەمووان بەخشی و کورد لە ساڵی ( ٢٠٠٤-٢٠١٤) واتا ماوەی دەساڵ لەژیانێکی تارادەیەک ئارام و بەختەوەردا گوزەرانی کرد و ژیانی خەڵک بەگشتی بەرەو باشتر و گەشەکردن و شارستانی بوون هەنگاوی نا، هەرچەندە لەو قۆناغەشدا ئاستەنگ و ئاڵەنگاریەکان کەم نەبوون وەکو جەنگی تیرۆر و دیاردەی تەقینەوە بەڵام هیواکان زیاتر نزیک ئەبوونەوە لە خەونەکان بۆیە سەرەرای بەخشینی قوربانی و فیداکاری ئاسودەیی و گەشبینی زۆر زۆر زیاتر هەستیان پێ ئەکرا.
خەڵکی باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە توشی نەهامەتی و قەیرانی گەورەبوون ، هەر لە مەترسیەکانی شەری داعش و بەخشینی قوربانی زۆر لەو جەنگە مەترسیدارە تاکو بێ مووچەیی و نەمانی هەلی کار و دامەزراندن و کاریگەریە خراپەکانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و ململانێ درێژخایەنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵی لەبەغدا . ئەم ئالەنگاری و قەیرانانە لەسەر شانی هاوڵاتیانی کوردستان بەرێوەچوون.
بەداخەوە دواجار و لە تازەترین رووداودا دیسان حکومەتی عێراقی مووچەی مانگی پێنجی ٢٠٢٥ راگرت و ئاماژەی مەترسیداری پیشاندا بۆ مانگەکانی تری ئەمساڵیش، ئاشکرایە مووچەی مانگی پێنج کەوتۆتە رۆژانی بەرەجەژنی قوربانەوەو لە عێراق سەرجەم مووچەخۆران مووچە و شایستەکانی خۆیان وەرگرتووە ئەوەی کە جیا کراوەتەوە مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانە کە ئەمەش بە جۆرێک لە جیاکاری ( التمییز العنصری) هەژمار ئەکرێت کە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر کردۆتەوەو لەو پێناوەشدا پەیماننامەی (International Convention on the Elimination of All Forms of Racial Discrimination, 1965 -ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی، ساڵ١٩٦٥)خستۆتە واری جێ بەجێ کردنەوە.
هەروەها دادگای تاوانی نێودەوڵەتییش بەپێی پەیماننامەی دامەزراندنەکەی ( Roma Statute) لایەنی رێگاپێدراوە بە سزادانی تاوانەکانی ( جێنۆساید ، تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ ، تاوانەکانی دەستدرێژیکارانە).
ئەگەر بەوردی لە تاوانەکانی جێنۆساید و دژبەمرۆڤایەتی بکۆڵینەوە ئەبینین برسی کردن و دروست کردنی فشار بەهۆی هەر جۆرە جیاوازییەک یان بۆ ئامانجی سیاسی بەتاوانی نێودەوڵەتی هەژمار ئەکرێت.
بەهەرحاڵ لێرەدا نامانەوێت ئاراستەی بابەتەکە فراوانتر بکەین ، ئەوەی مەبەستمانە ، ئەم گەلە فیداکاری کردووەو ئەیکات ، فشاری ئەخرێتە سەر و خۆی رائەگرێت، هێرشی ئەکەنە سەرو بەرگری ئەکات، برسی ئەکرێت و کۆڵنادات و ملکەچ نابێت، بێ بەش ئەکرێت و ناکەوێت، جەژنی لێ تاڵ ئەکرێت و هەڵئەپەرێت و ……هتد.
ئایا ئەم خەڵکە ئەکرێت هەر بەم شێوەیە بێت؟
ئایا پاداشتی ئەم هەموو قوربانیدان و خۆراگریە ئەکرێت؟
ئایا ئەم میللەتە هیچ تاوانێکی کردووە کە بەم شێوەیە سزا بدرێت؟
ئایا کێ خۆی بەقەرزارباری ئەو میللەتە ئەزانێت و ئەیەوێت قەرەبوی بکاتەوە؟
لە کۆتاییدا ئەم جەژنەش مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بێ هیواو دڵتەنگ کران و خۆشی جەژنیان لێ کرا بەخەم ، بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتەش تێئەپەرێت و ئەگات بە جۆرێک لە چارەسەر، بەڵام ئەوەی گرنگە لەیاد نەکرێت و پێزانینی کرداری بۆ پیشان بدرێت بەرخودانی خەڵکە، بۆیە هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئەبێت دورکەونەوە لە ململانێیەک کە زیان و فشاری بۆسەر خەڵک هەبێت، لە کۆتاییدا ئەوە میللەتە سەرچاوەی دەسەلات و شەرعیەتەو هەر ئەشبێت بگات بەکەناری ئارام، بۆیە ئەبێت هێزە سیاسیەکانی هەرێم بێ جیاوازی خاوەندارێتی لە قوربانیدانی خەڵک بکەن و بۆ بەختەوەری هاوڵاتیان تێبکۆشن.
PM:05:42:04/06/2025
ئهم بابهته 1000
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی