لە هەژار موکریانییەوە بۆ مەستورەی ئەردەڵانی
کنێر عەبدوڵا
یەکەم جار بوو وەک نوسەر بانگێشت بکرێم بۆ چالاکییەکی رۆشنبیری لە شاری فەرهەنگ وهونەر، بۆیە خۆشحاڵبووم بە بانگێشتەکە وبەیاوەری تیمێکی هاوڕێم لە سلێمانییەوە رۆژی ٢٧/٥ بەڕێکەوتین وهەمان رۆژ گەیشتینە شوێنی مەبەست.
مەبەستی بانگێشتەکە بەشداریکردنمان بوو لە یەکەمین فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار کە لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩/ ٥/٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، مەراسیمەکە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی کوردستنناسی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رێکخرا بوو، ماوەی دوو رۆژی چڕوپڕی بەخۆوەدی، وبەرنامەکەی جگە لە پێشکەشکردنی سەدان بابەت وتوێژینەوەی جۆرابەجۆری ئەدەبی و فەرهەنگی، چەندین پەنێلی جیاوازی لەخۆگرتبوو لە دیدی کوردانی ناوچەکانی کوردستانەوە، وێڕای رازاندنەوەی فێستیڤاڵەکە بە چەندین بەرهەمی هونەری وموزیکی جۆراوجۆر بە زمانی کوردی وفارسی ولە نێوەندیاندا هونەرمەندی بەڕێز (شەهرامی نازری) بوو کە بە چەندین بەرهەمی ناوازە لەوانە (کوردستان گەر تۆ نەبیت)بەشداربوو؛ بەشێوەیەک شاری سنە بووبووە چەتری کۆکەرەوەی سەدان هاوڵاتی کوردی لە رۆژهەڵات،و رۆژئاواو تا دەگاتە باکور وباشور.
باوەڕم وایە خودی بیرۆکەو جێبەجێکردنی ئەمجۆرە چالاکییانە لەم بارودۆخەی ئێستادا و لە شاری سنە بۆخۆی روداوێکی مێژووی گرنگەو بۆ داهاتووش کاریگەری وئەرێنی دەبێت، گەر بتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت، لەو روانگەیەوە لە دیدی خۆمەوە بە پێویستی دەزانم خوێنەرانم بەشدارپێبکەم بە هەندێ زانیاری لەبارەی چالاکییەکەوە لەوانە:
١. ئەنجامدانی فێستیڤاڵێکی لەوجۆرە بۆ یەکەمین جار لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە زانکۆ و بە بەشداری پارێزگاری سنە،و نوێنەرانی دەوڵەت و هتد هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە بۆ باسکردن وکرانەوەی بەرووی کوردو مافە بنەڕەتییەکانی ونوسین وئەدەبی کوردیدا، بۆیە گرنگە وەک یەکەم ئەزموون بۆ داهاتوو سوودی لێوەربگیرێت وگەشەی پێبدرێت.
٢. پردێکی پەیوەندی بەهێز بوو لە نێوان کوردانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، جگە لە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگە، بۆیە پێویستە بەردەوام ودرێژەی هەبێت.
٣. دەرفەتێک بوو بۆ هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی لە روانگە جیاوازەکان وشیکارکردنی مەوداکانی زمان لە دیدی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە، بۆیە گرنگە هەنگاوبنرێت بۆ یەکخستنی زمانێکی یەکگرتووی ستانداردی کوردی لەپێناو خزمەت بە نەوەکان.
٤. یارمەتیدەر بوو بۆ ناساندنی بەرهەمە بژاردەکانی فێستیڤاڵ لە بوارەکانی مێژوویی، کلتوریی، کۆمەڵایەتیی،هونەریی، یاسایی،سیاسیی، ئابوریی و پەروەردەیی بەخستنەڕووی هۆنراوە، زمان، چیرۆک، بەڵگەنامە، توێژینەوە، رۆمان، مێژوو، ئاینیی وعیرفانی، هونەر، سینەما، ئەدەب ووەرگێڕان وهتد، بۆیە گرنگە بۆ داهاتوو بەرهەمی فراوانتر وسوودمەنترلەبەرچاو بگیرێت، بەڕەچاوکردنی بەرهەمی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاوتر.
٥. دەروازەیەک بوو بۆ گەشەکردن وبەرەپێشچوون وزیندووڕاگرتنی فەرهەنگ وزمانی کوردی، زانست، هزرو بیرکردنەوەی رەخنەیی ئەدەبی، بۆیە رەخساندنی کەش وژینگەی رۆشنبیری ونزیکبونەوەی رۆشنبیرانی کورد لەیەکتری گرنگێتی خۆی هەیە بە ئامانجی سوودگەیاندن بە نەوەکانی داهاتوو.
٦.هاندەرێک بوو بۆ نوسەرانی کورد لەڕێی خەڵاتکردنی بەرهەم ونوسینەکانیانەوە، جگە لەوەی گۆڕانکارییەکی مێژووی بوو لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی و رۆشنبیری، بۆیە پێویستە هەمیشە تواناکانی نوسەران بەهەند وەربگیرێت.
٧. دەرگای واڵاکرد بۆ خستنەڕووی خواست و واقعی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێی وتاری سەڵاحەدین ئاشتی کە ووتی: "من ڕوو لە دەسەڵات دەکەم ودەڵێم ئەگەر ئەو کرانەوەتان فێڵەو ئەتانەوێت لەرووی دیبلۆماسییەوە هەڵمان بخەڵەتێنن، ئەوا کورد لەبیری ناچێت ورێگە وزەبری دیکەی هەیە بەرامبەر داگیرکەران، ئەگەر فێڵیش نییە، تکایە زمانی کوردی بکەنە زمانی رەسمی وبا لە هەموو قوتابخانەکان بخوێندرێت" وتارەکەی جێی سەرسامی من و هاوەڵانم بوو وبۆیە پاش تەواوبوونی دەستخۆشیمان لێکرد و پێم ووت:
"وتارەکەت پڕ لە هەقیقەت وبوێری بوو... "
لە زاری سکرتێری رێوڕەسمەکەوە، د. یادگار کەریمی ٩٤١ بەرهەم نێردرابوون، لیژنەی دادوەران کە کۆی ژمارەیان بریتی بوو لە ٨٤ ئەندام لە ناوخۆو دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان ٦ بەرهەمیان هەڵبژارد بۆ خەڵاتی تایبەت و ٣٢ بەرهەمیش بۆ رێزلێنان، هەروەها لە زاری د.نەجمەدین جەباری سکرتێری زانستیی رێوڕەسمەکەوە ووتی: "بەشداربوانی بەرهەمی پیاوان بریتی بوو لە ٧٤٪ و بەرهەمی ژنانیش ٣٦ ٪ بەرهەمیان ناردبوو."
بێگومان هیچ کارێک بێ کەموکورتی نابێت، ودانپێدانانیش بە بوونی کەموکورتی ورەخنەلەخۆگرتن ئاماژەو بەڵگەیە بۆ باشتربوون بەرەوپێچوون، بۆیە وێڕای دەستخۆشیم بۆ سەرجەم ئەندامانی لیژنەی ئامادەکار وسەرۆک ومامۆستایان وفێرخوازانی زانکۆی کوردستان، هیوادارم ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت بۆ داهاتوو وکاری باشتر و ببێتە نەریتێکی ساڵانەی داهاتووی کارکردنیان.
ماوەتەوە بڵێم دڵخۆشبووم کاتێک لە فیشتیڤاڵەکە گوێبیستی ئەوە بووم لە پلاندایە کار بۆ خەڵاتی مەستورەی ئەردەڵانی بکرێت، ئەمە هەنگاوێکی تری گرنگە چ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و چ بۆ پرسی ژنان بەتایبەتی، بەڵام داواکارم ئەم کارە تەنها تایبەت نەکرێت بە ژنان و نەبێتە جیاکەرەوەی ئەدەبی ژنان وپیاوان، چونکە لەو کاتەدا چ لە رووی تێچوو وبودجەوە لایەنێکی نەرێنییە و چ لە رووی دابەشکردنی تواناکان وبواری ئەدەبییەوە زیانگەیاندن وپەرشوبڵاوییە کە خزمەت بە کەس ناکات، لەو روانگەیەی پرسی ژن ئاوێتەی سەرجەم بوارەکانی ژیان وپرسێکی کۆمەڵگەییەو ناکرێت جیابکرێتەوە لە رەگەزەکەی ترو کایەکانی تری کۆمەڵ لە بواری رۆشنبیریدا.
AM:11:25:02/06/2025
ئهم بابهته 2148
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی