جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن

‌حسێن مەحموود

جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن، ڕەوتێکی تیۆری و فکرییە لەناو زانستی جوگرافیادا لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم سەریهەڵدا، لەژێر کاریگەری بزاوتی پۆستمۆدێرنیزم لەفەلسەفەوزانستەکۆمەڵایەتییەکاندا،جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن گۆڕانێکی ڕیشەییە لە تێگەیشتن لە نێوان شوێن و دەسەڵاتدا، ئەم ڕەوتە تێگەیشتنێکی نوێی بۆ "جیۆ دەسەڵات " هەیە لەژێر ڕۆشنایی تێزی فەیلەسوفە پۆستمۆدێرنیستەکانی وەک (میشێل فۆکۆ، جان بۆدریار،جان فرانسوا لیۆتار) . لەدیدی جیۆگرافەرە پۆستمۆدێرنەکاندا شوێن چیدی پێدراوێکی سروشتی نیە، بەڵکو فەزایەکە بۆ کۆنتڕۆڵ وهەژمون، بۆ بەرواڵابونی چەمکی گوتاروکردە مرۆییەکانی تر. بەکورتی شوێن چەندە سروشتییە، ئەوەندەش ئینسانکردوو سیاسەتکردە.جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن کاردانەوەیەکە بەرامبەر جوگرافیای سیاسی تەقلیدی وتایبەتمەندیەکانی بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

1-گومانی لەچەمکەکانی ( دەوڵەتی نەتەوە، سنور، سەروەریەتی) هەیەو وایدەبینێ کەئەمانە ئەزەلی و ئەبەدی نین، بەڵکو لەڕێگای مێژوو، گوتارو هێزەوە دروستکراون ولەم نێوەشدا جەخت دەکاتەوە کە هەریەک لەم چەمکانە پابەستی ئایدیۆلۆجیاو دەسەڵاتن.

2-گوتار ئامرازەولەڕێگای دەسەڵاتی زمانەوە، نەخشەی وڵاتان بەرهەم دێت.

3-شوناس وشوێن
شوێن چیدی پێگەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو فەزایەکە ئەزمون وشوناسی نوێ دێنێتەئارا

4-هەڵوەشانەوەی حیکایەتە گەورەکان
فرەحەقیقەت جێگای تاکە حەقیقەت دەگرێتەوەوسەرلەنوێ پێناسەی سنور دەکاتەوە.

5-لەجەنگی دژبە تیرۆریزمدا جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن تەنیا سەیری نەخشەو هاوپەیمانیەتییەکان ناکات، بەڵکو لەوە دەکۆڵێتەوە کەئاخۆ گوتاری دوالیزمی چاکەو خراپە لەچییەوە سەرچاوەی گرتوە.

6-جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن شێوازێکی ڕەخنەگرانەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن جوگرافیای سیاسی خۆی بنیات دەنێ لەڕێگای دەسەڵات و مەعریفەو گوتارەوە.

7-جوگرافیای سیاسی بێ لایەن نییەو بەرهەمی گوتارو دەسەڵاتە.

8-دەوڵەت بەتەنیا سنورو نەخشە نییە، بەڵکو بەرهەمی کارلێکی کولتوری و کۆمەڵایەتییە.

9-فەزاو دەسەڵات
پیادەکردنی فکری میشێل فۆکۆ دەربارەی جیۆدەسەڵات کەچۆن دەسەڵات پیادەی دەسەڵاتگەری خۆی دەکات لە شارە زیرەکەکان وشوێنی پەنابەران.

10-جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن ئەوە بەحەرفی گەورە بەیان دەکات کە سیاسەت لەڕێگەی دەسەڵات و هەژمونەوە خۆی دەردەخات نەک لەڕێگەی کۆمەڵێک بنەمای جێگیری جوگرافییەوە.

لێرەوە جیاوازی جوگرافیای سیاسی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن لەم چەندخاڵەداچڕدەکەینەوە

1-جوگرافیای سیاسی مۆدێرن کارلەسەر شیکردنەوە دەکات،بۆنمونە دابەشبونی دانیشتوانی شارێک و چۆنیەتی ڕێکخستنی هاتووچۆ تێیدا، بەبەکارهێنانی GIS، بەڵام جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن جەخت لەوەدەکاتەوە کەلەم شارەدا،پەنابەران وخەڵکی پەراوێزخراو چۆن دەژین، لەمیانی تێگەیشتن لەچۆنیەتی کۆژانی ئەو خەڵکەوکاریگەرییان لەسەرفەزای شارستانی و بەشاربووندا.

2-جوگرافیای سیاسی مۆدێرن جەختدەکاتەوە لەسەرنەخشەکێشانی سنورودیاریکردنی بکەرو سەنتەری هێزەسیاسیەکان، بەڵام پۆستمۆدێرن باس لەوە دەکات کەنەخشەکان چۆن بەرهەمدێن دەخرێنەخزمەت دەسەڵات،هاوکات شیکردنەوە بۆ گوتاری پەیوەندیداربە شوناس وسنور دەکات.

3-جوگرافیای سیاسی مۆدێرن هەرێمە کەلتورییەکان بەپێی ترادیشناڵ واتا داب نەریت پۆلێن دەکات، بەڵام جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کەچۆن مانای شوێن گۆڕانی بەسەردادێت،بەگوێرەی زمان و کەڵچەرە جیاوازەکان. بەکورتی جوگرافیای سیاسی مۆدێرن دەرخستن وخستنەڕوی شوێنە وەک کارلێکی نێوان مرۆڤ لەگەڵیدا، بەڵام جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، مرۆڤ لەم شوێنەدا بۆ بەم شێوەیە دەژی و دەیەوێ ڕەهەندێکی هیومانیستی و ئینسانیترویەکسانیتر بەشوێن ببەخشێ، شوێن لە جوگرافیای سیاسی مۆدێرندا تەنیا شیکردنەوەو خستنە ڕووە، بەڵام جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن پرسیار لەسەر نایەکسانی وکوێرەوەریەکانی مرۆڤ دادەنێ کەلەشوێندا ڕوبەڕوی دەبێتەوەوخوازیارە دەستکاری ڕادیکاڵیان بکات. جوگرافیای سیاسی مۆدێرن شوێن وەک جەبرێکی مێژویی دەبینێ ،کەچی جوگرافیای سیاسی پۆستمۆدێرن دەڵێ دەبێ چەکوچکاری لەهەندەسەی شوێندا بکرێ.


PM:01:31:27/05/2025

ئه‌م بابه‌ته 2904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی