بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە نێوان فتوای خومەینی و خامنەییدا
شوان عەباس بەدری
بیگومان دۆسییەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە گرنگترین و گەرمترین دۆسییە سیاسی و ئابوورییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و بگرە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەرنامە چەکسازی و ئابوورییەکەی چینیش بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئسرائیل گرنگترە.
هەرچەندە ئەو بەرنامەیە، بەرنامەیەکی تازە نییە و میژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی محەمەد رەزا شای پەهلەوی و بە دیاریکراویش دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1950، بەڵام لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە فتوای خۆمەینی کار لەو کەرتەدا ڕاگیرا و محەمەد عەباس خەلعەتبەری وەزیری دەرەوەی سەردەمی شا بە هۆی ئەو ڕۆڵەی کە گێرا بووی بۆ ڕێککەوتننامەی دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی بوشهر، بە تاوانی بە هەدەردانی موڵکی گشتی و پارەی وڵات، لەلایەن سادق خەلخاڵی حاکمی شەرعی دادگای شۆڕش لە سێدارە درا.
ئەگەر چاوێکی مێژووییانە بە ڕێڕەوی دۆسییەی ئەتۆمی ئێراندا بخشێنین، ئەوا دەبینین، لە دوای مەرگی خومەینی لە ساڵی 1989 و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ڕەفسەنجانی و خامنەییەوە، کەم کەم سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرەو زیندووکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە هەنگاوی نا و لە ساڵی 2002ەوە تاوەکوو ئێستا، ئەو بەرنامەیە بووە بە بۆمبێکی تەوقیتکراو لە ناوچەکەدا و بە تایبەتیش لەگەڵ هاتنی دوبارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و سەرۆکایەتی ئەمریکا، زمانی هەڕەشە و هێرش بۆ سەر ئێران و وێستگە ئەتۆمییەکانی گەیشتۆتە لووتکە و لەدوای نەمانی باڵە سەرەکییەکانی ئێران لە سوریا و لوبنان و فەڵەستین، ئیسرائیل بە قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژووییە، چاوەڕێی ئەنجامی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات، بۆ یەکلایی کردنەوەی خۆی بۆ وێرانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.
وەک لەسەرەتا باسمان کرد بەرنامەی ئەتۆمی لە ئێراندا مێژوویەکی دەیان ساڵەی هەیە و ئێران لە ساڵی 1958 ئەندامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وەزەی ئەتۆمە و لە ساڵی 1968 یشەوە بەشدارە لە پەیماننامەی ڕێگری کردن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر ئایدۆلۆژیای ئایینی دەوڵەت و حکومەتی ئێران لەلایەک و ترسی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل و زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ئەگەری دروستکردن و بەکارهێنانی ئەو چەکە لەلایەن ئێرانەوە یان بە کارهێنانی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی خۆی و جیهان لەلایەکی ترەوە، پاڵی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نا کە بە شێوەیەکی جدیتر لە جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەوە هەنگاو بنێت و بە ناردنی ژمارەیەکی بەرچاو فرۆکەی جەنگی و کەشتی فرۆکە هەڵگر و زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران ناچار بە دانووستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و داهاتووی ئەو بەرنامەیە بکات و عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی باڵای ئێران لەبەر هەستکردن بە مەترسی دۆخەکە و جدی بوونی ترەمپ لە لێدوان و هەڕەشە تووندەکانی، ڕێگەی بە تیمی دانووستکاری ئێراندا لەگەڵ ئەمریکا کۆببنەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە.
هەرچەندە تاوەکوو ئێستا و لە دوای پێنج خوولی کۆبوونەوەکانی نێوان تیمی ئێران و ئەمریکا هەردوو دانیشتنەکانیان بە ئەرێنی وەسف کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەردوولا بە گومانەوە لە یەکتر دەڕوانن و تیمی ئەمریکی پێی وایە ئێران تەنها کات دەکوژێت و تیمی ئێرانیش پێی وایە لایەنی ئەمریکی لە گفتۆگۆکاندا وەک پێویست جدی نییە!
جگە لە دۆسییە ئەتۆمییەکەی ئێران، جبەخانەی مووشەکی و درونی ئەو وڵاتە پرسێکی گەرمی ترە لە سەر مێزی لێپرسراوە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران پێی وایە گەر بێتوو نەرمی بنوێنێت، ئەوا هاوشێوەی ڕژێمەکەی سەدام و قەزافی، بە تەواوی لە چەکی دادەماڵن و توانا سەربازی و بەرگرییەکانی تا ئاستی ژێر سفر دادەبەزێنن و ئەو کات لەهەر ئان و ساتێکدا ئامادەیە بۆ بە قوربانی کردن لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی تری ناوچەکەوە.
نابێت ئەوەش لە یاد بکەین، لە نێوان فتواکەی خومەینی و حەرامکردنی سوود وەرگرتن لە وزەی ئەتۆم و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و قسەکانی خامنەیی کە وەک فتوا وان لە ناو وڵاتێکی سیۆکراسی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرژەوەندی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران و پاوانخوازییەکانی سعودیە و تورکیا، ناوچەکە لە چاوەروانی جەنگێکی وێرانکەر و ئاشتییەکی کاتی لەناو گێژاوی ساتژمێرەکانی یەکلاکردنەوەی دۆخەکە دەخولێتەوە!
دیارنییە لە کۆتاییدا ئێران بە وەربەرهێنانی ملیارها دۆلار لە ئەمریکا و کردنەوەی دەرگا بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لەناو ئێران، مانۆرێکی دیپلۆماسی ئەنجام دەدات یان خود بەردەوام دەبێت لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم و هەروەک سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەرگای جەهەنەم بە ڕووی خۆیدا دەکاتەوە؟!
AM:10:25:25/05/2025
ئهم بابهته 1068
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی