پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم سەختە!
سوبحى مەهدى
حەوت مانگ زیاترە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، ولایەنە براوەکان تەنها یەک کۆبونەوەی ڕووکەشی سوێند خواردنیان بۆ بە فەرمی بوونی ئەندامە هەڵبژێرراوەکان و دانانی بەربەست لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و پاراستنی ئیمتیازە داراییەکانی پەرلەمانتاران ئەنجامداوە.
ئەنجامەکان ئەوەیان بەهەموان ووت، کە چیتر هیچ کام لەحزب و قەوارەکان بە تەنها ناتوانن زۆرینەیەکی ئاسان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بەجێ بهێنن.
براوەی ژمارە یەک بەپێی کورسییەکان، پارتییە، هەربۆ ئەو مەبەستە لیژنەی دانوستانی پێکهێناو کەوتە سەردان وکارکردن بۆ دروستکردن زۆرینەیەکی پەرلەمانی ،تا ڕێکارە یاساییەکانی تر تەواو بکات.
هەرزوو بەشێک لە هێزە براوەکان، لە(نەوەی نوێ و یەکگرتوو وکۆمەڵ و هەڵوێست و بەرەی گەل )سەنگەری ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد.
ئەوەی مایەوە بۆ گفتوگۆ، پارتی و یەکێتی و کورسییەکانی کۆتاکانی سەر بەهەردوو حزب و تاکە کورسییەکەی سۆشیالیست لە هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەی (ح.س.ک و زەحمەتکێشان و حزبی شیوعی کوردستان) دا کە پێشتر کاکە حەمە ڕای گەیاندبوو کە (بەشداری حکومەت دەکات) ئەگەر قبوڵ بکرێت، گرفتەکە مایەوە بۆ یاریە بەهێزەکەی کۆتایی جامەکە ،کە ڕێککەوتنی نێوان (پدک و ینک)ە.
هەرلە سەرەتاوە دیاربوو، کە گفتوگۆیەکی سەخت بەڕێوەیە،چونکە پدک کورسی پێویستی جارانی بەدەست نەهێنابوو و کۆتاکانیش کەمکرابوونەوەو دابەشکراوبوون، و ینک مەرجی هاوبەشی هەبوو، لەحکومەت نەک بەشداری و کردنی بە بەشداربووی پەراوێزخراو ، سەرەڕای داواکاری لەسەر دابەشکردنی پۆستە سیادیەکانی سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان.
ئەگەرچی لە هەموو دانیشتنەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوو حزبدا بە ڕووخۆشی دەهاتنە دەرەوەو واپیشاندەدرا کە زۆری نەماوە ڕێک بکەون، بەڵام ڕاستی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکان لەووتەکەی بەڕێز مەسعود بارزانییەوە دەرکەوت، کاتێک لەووتارێکدا لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی قوتابیان ولاوانی پارتیدا ووتی: حکومەت لەسەر شێوازی پەنجا بە پەنجا پێک ناهێنن.
گفتوگۆکانی دوای ئەم ووتارە، لەجاران زیاتر دوادەکەون و کارەکە بەرەو ناکۆکی زیاتر دەبات و سەرەتاکانی تیژکردنەوەی زمانی ڕاگەیاندن دەرکەوتون، ئەگەری زۆرە پێکهاتن بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دابەشکردنی پۆست و بەرکەوتەکانی هەرێم لە عێراق، ئینجا کارکردن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، کە ئەگەری ئەو ڕێککەوتنەش لەو کاتەدا ئاسان نییەو سەختە.
PM:06:22:17/05/2025
ئهم بابهته 588
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی