لە پەراوێزی سەردانەکەی تڕامپ بۆکەنداو

‌د. ئەمیر حسێن

لە پەراوێزی سەردانەکەی تڕامپ بۆکەنداو:
ماگا – سێکوچکەی ئاین و پارەو نەوت

     ئەگەرچی سەرەتا (MAGA)وەکو دروشمێک لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا چەند جارێک بەکارهێنراوە، یەکەمجار سیناتۆر ئەلکسندر وایلی لە ساڵی( ١٩٤٠) دواتر لە ساڵی (١٩٦٤) لەلایەن سیناتۆری کۆماری باری گۆڵدواتر، تا ساڵی (١٩٨٠) لەلایەن ڕۆناڵد ڕێگن و لە (١٩٩٢) کلنتۆن جارێکی تر بەکاریهێنایەوە، بەڵام تڕامپ لە (١٦ی یۆنیۆ٢٠١٥ ) لە وتاری ڕاگەیاندنی خۆ کاندیدکردنیدا، بە کڵاوێکی سورەوە دەرکەوت لەسەری نوسرابوو ( MAGA) کە هەر زوو ئەو کڵاوەی کردە سەری هەمووهەوادارەکانی، ( MAGA)کورتکراوەی (Make America Great Again) بەواتای( با جارێکی تر ئەمریکا مەزن بکەینەوە) لەوکاتەوە تڕامپ ئەم چەمکەی لە دروشمی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە گواستەوە بۆ بزوتنەوەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی پۆپۆلستی، بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، پشت ئەستور بە گوتاری توندڕەو و ڕاستڕەوی نەتەوەپەرستی داخراو، بۆ ڕاکێشانی نەتەوەپەرستە نەریت پارێزە ئەمریکیەکان،هەمو جۆرە کاریگەری تەنانەت تێکەڵاویەکی دەرەکی ( کلتوری ، ئاینی ، ئیتنی ، ڕۆشنبیری ، کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی ) بە توندی ڕەت دەکەنەوە، بە دروشمی ( ئەمریکا تەنها هی ئەمریکیەکانە ) واتە ڕێگە نادەن لەژێر هیچ ناوێکدا کۆمەڵگەی ئەمریکی پڕیشکی هەژموون وە فشاری دەرەکی بکەوێتە سەر .

      بەلای شوێنکەوتوانی ئەم بزوتنەوەیە بانگەشەی گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی، تەنها گەڕانەوە نیە بۆ مێژوویەکی سەرڕێژ لە بەیەکدادانی ڕوداوی دینامیکی و بەریەککەوتن لەگەڵ ئەوانیتردا ، بەڵکو مەبەست جۆماڵکردنی کۆمەڵگەی ئەمریکیە لەهەر تێکەڵاوی و بارگاوی بونێک بە ئەوانیتر، بەتایبەت لە ئەنجامی جیهانگیری( العولمه‌) وکرانەوەی ئابوری لە ژێر دروشمی بازاڕی ئازاد دا، دواجار بوە هۆی کاڵبونەوەی سنورەکان وە کرانەوەی بازاڕەکان ئەمەش جیا لەوەی دەرفەتی زۆری بۆئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سەر ئاستی جیهان فەراهەمکرد، لەگەڵیدا کۆچی بە کۆمەڵ و ئاڵوگۆڕی کلتوری وە ڕۆشنبیری ڕەخساند، پێیان وایە ئەمریکا مەزنی خۆی لەدەستداوە، بەتایبەت هاتنی بەلێشاوی پەنابەران کۆمەڵگەی ئەمریکی ملکەچی هەمەچەشنی کلتوری و ڕۆشنبیری کردوە لە ناوخۆدا، ئەمەش بۆتە هۆی لە دەستدانی ڕەسەنایەتی ، بزرکردنی شوناسە ڕاستەقینەکەی ئەمریکا ، بۆیە بە توندی دژایەتی پەنابەران دەکەن ، بەتایبەت پەنابەرە موسوڵمانەکان و گەلانی تازە پێگەیشتو ،هەروەها داوادەکەن سنورێک بۆ ڕۆچونی ئەمریکا لە نێو ئابوری جیهان وە کۆمەڵەو ڕێکخراو دامودەزگا جیهانیەکان دابنرێ ، بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ( ئەمریکا یەکەمە) ، بە گرنگیدان بە شوناس و کلتوری پاکی ئەمریکا، بوژانەوەی بەرهەم و بازاڕەناوخۆییەکان ، پشتیوانی تەواوی سەرچاوە سروشتیەکان ، پێچەوانەی دیموکراتەکان تڕامپ (بەبیانوی پاراستنی ژینگە شەڕ لەگەڵ سەرچاوەکانی ووزە ناکا) بەڵکو هەموو کۆت و بەندە ژینگەییەکانی هەڵگرت بۆ برەودان بە پیشەسازی ووزە، لەژێردروشمی (هەڵکەنەو بپشکنە)،هەرزوو لە ڕێکەوتنامەی پاراستنی ژینگەی پاریس کشایەوەو ناوی لێنا( ڕێکەوتنامەی وێرانکردنی ژینگە) بەمەش پشتیوانی بەهێزی کۆمپانیا و بازرگانانی بواری وزەی مسۆگەرکرد، هەروەها بەگەڕخستنی هێزی کاری ناوخۆ ، پاراستنی خێزان و ڕەتکرنەوەی گۆڕینی ڕەگەز، متمانە گێڕانەوە بۆ سەردارێتی ڕەگەزی سپی لە ڕێگەی مەسیحیە سپی پێستەکان کە پێیان وایە بونیادی گەلی مەسیحن لە ئەمریکا، وەگەورەترین ڕێچکەی ئینجیلی پێکدەهێنن لەژێر ناوی ( زۆرینەی مۆڕاڵ خواز)، زۆر بە توندی دژی هاوسەرگیری ڕەگەز خوازەکانن، تڕامپ هەر لە وتاری دەست بەکاربونیەوە قەدەغەو تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی بەڵێننامەکانی پێشوتری ئەم دیاردەیەی ڕاگەیاند ، ئەمانە سودی زۆریان لە دابەزینی ئاستی ژیان و گوزەرانی چینی ناوەن، هەروەها نەتەوە پەرستە نەریت پارێزەکان بینی، کە زۆرینەیان سپی پێست و بەدرێژایی مێژوو پشتیوانی کۆماریەکانن.

     ئەم بزوتنەوەیە باوەڕی پتەوی بە تیۆری پلانگێڕی هەیە ، بەتایبەت تیۆری ( لە دایکبون) پێیان وایە ئۆباما ئەگەرچی لە ئەمریکا لە دایکبوە بەڵام هاوڵاتی ئەمریکی نیە ، هەروەها تیۆری( ئاڵوگۆڕ) کە دیموکراتەکانی پێ تاوانباردەکەن گوایە ئەمریکیە ڕەسەنە سپی پێستەکان دەگۆڕنەوە بەکۆچبەرە ڕەشپێستەکان ، هەروەها تیۆری( پلانگێڕی) پێیان وایە ڕاگەیاندنەکانەکان وە سیستەمی دادوەری بەکاریدەهێنرێن لە دژیان ئەمەش وادەکات پەیوەندیان بە دادگاکان و ڕاگەیاندن و میدیاکارانەوە لە ئەوپەڕی خراپیدابێت، گومان دەکەن لیژنەیەکی باڵا، دەستی بەسەر چارەنوسی گەلانداگرتوەو ئاراستەیان دەکات ، تەنانەت دیموکراتەکان تاوانباردەکەن بەوەی گوایە بازرگانی بە مرۆڤەوەدەکەن بەتایبەت منداڵان ،( بول کروگمان) لە ڕۆژنامەی نیۆرک تایمزدا دەڵێت: بزوتنەوەی ماگا لەسەر بنەمای ترس و گومان دامەزراوە و ئاراستە دەکرێ ، نەک لەسەرتێگەیشتن و زەمینەی واقعی ، ئەمەش وادەکات بۆچونی کارەساتباری لە ئایندەدا لێ ڕەچاوبکرێ.

     ( شارل کیرک) پێیوایە دەبێت دەسەڵاتی گەڵ بەدەست گەل خۆیەوەبێت ، وە سیاسەت بریتیە لە پاراستنی سەربەخۆیی لەبری ئازادی . بۆیە تڕامپیزم یەکساندەکات بە ماگا ، بەڵام ( سیلفی لۆران) پێیوایە ئەگەرچی بزوتنەوەیەکی کۆنەپارێزە بەڵام تەنها ڕەوتێکی تڕامپیستی نیە بەتەنها ، بەڵکو مەترسیە جدیەکە ئەوەیە بۆتە ڕەوتێکی ئەمریکی فراوان، چونکە تڕامپیزم تەنها بەشێکی کۆماریەکان پێکدەهێنن، بەڵام ماگا ئێستا (٥١٪) دەنگی ئەمریکیەکان پێکدەهێێت ،هەر بۆیە (شارلی کیرک) لە ساڵی (٢٠٢٠)کتێبێکی بەناونیشانی ( ماگا، تەنها ئەو بیرۆکەی لە ئایندەدا سەرکەوتودەبێت ) بڵاوکردەوە کە پێشوازیەکی زۆری لێکرا، هەروەها کۆکردنەوەی ئەو هەموو ئۆلیگارشیە لە دەەری کابینەکەی تڕامپ وادەکات ( فڕانسوا یوگن) بڵێت : هاوپەیمانی تڕامپ و بزوتنەوەی ماگا هاوپەیمانی ( ئاین و پارەو نەوتە ) .

     لەکۆتایدا سەردانەکەی تڕامپ وەکو یەکەم گەشتی سەرۆکایەتی بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ سعودیەوناوچەی کەنداو لەپاڵ بانگەشەکردن بۆ دیزاینی نوێ و نەخشەسازی ناوچەکە لە دووتوێی ئاینی( ئیبراهیمی) دا، بۆچنینەوەی سەدان ملیار دۆلارە، نەک بڵاوکردنەوەی کلتوری دیموکراسی لیبڕالی ، وە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئەحمد الشرعی کۆنە قاعیدەش ، کە هێشتا لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدایە، تەنها ڕازیبونە بە داواکاریەکی جێنشینیە ملیاردێرەکەی سعودیە محمد بن السلمان، تڕامپ سەرسامبونی خۆی بە تواناکانی نەشاردەوە ، وەک چۆن لە ڕابردودا داوایەکی ملیاردێری ئیسڕائیلی بەڕەگەز ئەمریکی ( میریام ئەدیلسۆن) بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیمەوە بۆ قودس بەهەمان شێوە ڕەت نەکردەوە .





PM:08:49:14/05/2025

ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی