یادکردنەوەی زمانی کوردی له ئامەد

‌د. سه‌ڵاح عزیز

رۆژانی ١٠ و ١١ ی ئایاری ٢٠٢٥ لە ناوجەرگەی ئامەد (دیاربەکر) و لە کەشێکی ئاهەنگیدا کە ڕەنگدانەوەی قووڵی سۆزی نەتەوەیی و کوردایەتی بوو، نوێنەرانی شارە دێرینەکانی کوردستان کۆبونەوە هەر لە شارەکانی سلێمانی وهەولێرەوە تا دەگاتە دیاربەکر ، ماردین ، هەکاری ، ورمێ ، مەهاباد ، خۆراسان وکرماشان، بۆنەکە بۆ ئاهەنگگێڕانی زمانی کوردی بوو، لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەی کە ئیلهام لە بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی "مانفێستی گیرونا"وەرگیراون، و داوای ڕێزگرتن و بەکارهێنانی "زمانی دایک" دەکات بۆ هەموو گەلانی جیهان، وکورد لەپێشەوەی هەموویانەوە

.

ئەم کۆبونەوە تایبەتە بە هەوڵی هاوبەشی نێوان ڕێکخراوی "پێنی " کورد (کە خۆی بە لقی رێکخراوی "پێنی" نێودەوڵەتیی دەزانێت) و شارەوانی ئامەد رێکخرا بوو. کەشوهەوای ئازادی ڕادەربڕین لە گفتوگۆ و بەشداربوواندا سەرنجڕاکێش بوو، بەشێوەیەک قسەکەران بە ئاسودەییەوە باسیان لە پرسە ڕۆشنبیری و سیاسی و زمانەوانییەکان دەکرد. ئەم بەشداربوونە فەرمیی و کراوەییە بەرچاوە شایەنی پێزانینە، و دەشێت ڕەنگدانەوەی گۆڕانێک بێت لە "کراوەیی تورکیا" بەرامبەر پرسەکانی پەیوەندیدارە بە هاووڵاتییانی کوردەوە.

مێژوویەک لە بێبەشی و دەروازەیەک لە هیوا


نزیکەی سەدەیەکی تەواوە، کورد لە تورکیا دەیان ساڵە لە بێبەشیی زمانەوانیدا ژیاوە، بەڵام لە دوو زانکۆی شکۆداردا کە بریتین لە زانکۆی دیجلە و زانکۆی ماردین، تروسکەیەکی ئۆمێد لە بایەخدان بە زمانی کوردی دەردەکەوێت. لەم دوو دامەزراوەیەدا زمانی کوردی بە دوو شێوەزاری سەرەکی، کرمانجی وزازایی دەخوێندرێت لەسەر دەستی دەیان مامۆستای لێهاتوو بۆ سەدان خوێندکاری بەپەرۆش.

لەو کاتەی یەکێک لە مامۆستایانی بەشی زمانی کوردی کۆپیەکی پەرتووکی خوێندنی زمانی کردە دیاری بۆم ، درکم بەو خولیایە کرد، وەلە ماوەی ئەم سەردانە کەلتوورییە دەوڵەمەندەدا، چەندین تێبینی و تێڕوانینم پەرەیسەند کە دەمەوێت هاوبەشتانی پێبکەم بەمەبەستی سوودمەندی

:

کێشەی ئەلفوبێی کوردی


گرتنەخۆی ئەلفوبێی لاتینی تورکی یان عەرەبی فارسی بژاردەیەکی تایبەت نییە بۆ کوردەکان. ئەزموونی تورکی لەگەڵ ئەلفوبێی لاتینی بە بڕیارێکی سیاسی دامەزرێنەری کۆمار لە ساڵی ١٩٢٨دەستیپێکرد، بەڵام فارسی، پێش ئیسلام بە چەند قۆناغێکی نووسیندا تێپەڕی، و لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا چوار پیت خرایە سەر ئەلفوبێی عەرەبی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دەنگە فارسییەکان. وبەهەمان شێوە، ئەلفوبێی کوردی لە عێراق لە دوای چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەوە زیادبوونی بەخۆوە بینی

.

ڕاستییەکە ئەوەیە "رێنووسی کوردی" نییە کە تەواو سەربەخۆ بێت، و ئەمەش مەرج نییە دەرئەنجامی نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ بێت، بەڵکو بەشێکە لە گەشەی کەلتووری مرۆڤایەتی. وە ووڵاتانی سەربەخۆی وەک ئێران، پاکستان، ئەفغانستان و ئەوانیتر لە ئەفریقا هێشتا ئەلفوبێی بە ڕەچەڵەک عەرەب بەکاردەهێنن

.

لە غیابی دەوڵەتێکی یەکگرتووی کوردیدا، بژاردەی کردەیی بۆ کورد ئەوەیە کە ئەلفوبێی فەرمی ئەو ووڵاتە بگرێتەبەر کە تێیدا دەژین: لاتینی لە تورکیا، وعەرەبی لە عێراق و ئێران. وتەنانەت ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆی خوازراویش بەدیبێت، دوور نییە بەشێوەیەکی بنەڕەتی ئەم واقعە زمانەوانییە بگۆڕێت

.

هۆشداری لە دابەشبوونی زمانەوانی


کوردی سلێمانی لەسەرەتای داگیرکردنی بەریتانیاوە شێوەزاری کوردی سۆرانییان گرتۆتەبەر ،و ئەمەش لەڕێی ناساندنی مەنهەجی خوێندنگە بە زمانی کوردی هاندراوە. ئەم رێبازە لە دوای رێکەوتنی ئازار (١٩٧٠) و ڕاپەڕینی کوردستان (١٩٩١) و دواتر بە پاڵپشتی کۆڕبەندی زانستی کوردیی بەردەوام بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵەڕاوکێیە پەیڕەوکردنی شێوەزاری کرمانجی ئەلفوبێی عەرەبییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراقەوە لە ناوچەکانی دهۆکدا، کە نەوەیەکی نوێی بەرهەمهێناوە قورسایی بەدیدەکەن لە پەیوەندی کولتووریان لەگەڵ قسەکردنی سۆرانیدا . وە بەشداربووان لە ئامەد بەتایبەت ئەکادمییەکان، هۆشدارییاندا لە تێوەگلان لەو هەڵەیە ،چونکە بناغەی دابەشبوونێکی زمانەوانی دادەنێت کە دەشێت درێژەبکێشێت و لە داهاتوودا ببێتەهۆی دابەشبوونی جوگرافی و سیاسی

.

جێی ئاماژەیە کە سەرژمێری کورد و دابەشبوونیان له ویلایەتەکانی تورکیا چوار ئەوەنده زیاتره وەک له هەرێمی کوردستانی عێراق بۆیە، داوام لەکوردەکان کرد هەر لەسەرەتاوە ووریا بن و پرۆگرامێکی زمانی کوردی لەسەر بنەمای توێژینەوەی ئەکادیمی دابمەزرێنن و سوود لەئەزموونی کوردستانی عێراق وەربگرن.


دیموکراسی زمانەوانی


پەیڕەوکردنی دیموکراسی لەمامەڵەکردن لەگەڵ لایەن کوردییەکان لەبەشەکانی دیکەی کوردستان، ودوورکەوتنەوە لەسەپاندنی سیاسەتی زمان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای دیاریکراو یان زۆرینەی ژمارەیی، مەسەلەیەکی زۆر گرنگە. وەئەزموونی زمانی کوردی لە تورکیا هێشتا لە قۆناغی پێکهێناندایە، لەکاتێکدا ئەم زمانە لە کوردستانی عێراق ماوەی سەدەیەکە گەشەیکردوە ،و لە ئێران ساڵی ١٩٧٩ ، ودواجار لە سوریادا کە تەمەنی ئەزموونەکە نزیکەی دە ساڵە. (لێرەدا ئاماژە بە بەکارهێنانی زمانی کوردی ناکەم لە ئەرمینیا، چونکە ئەزموونێکی سنووردارە سەرەڕای تەمەنی درێژیی، و لە سنوورەکانی خۆیدا فراوان نەبووە )


بۆ نموونە، پێشنیازکردنی ١٥ی ئایار وەک ڕۆژی جیهانی زمانی کوردی کێشەیەکی گەورە بەخۆوە دەبینێت. بیرۆکەی تەرخانکردنی ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی زمانی کوردی زۆر باشە، بەڵام هەڵبژاردنی ڕۆژێکی دیاریکراو تاکلایەنە مەسەلەیەکە پێشوازی لێناکرێت لەبەر چەند هۆکارێک:

  • جگە لە کوردستانی عێراق کە پەرلەمان دەتوانێت ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ زمانی کوردی دیاری بکات، نە کوردەکانی ئێران و نە سوریا ناتوانن ئەو کارە بکەن، چونکە هیچ دامەزراوەیەکی کوردی بەفەرمیی دانپێدانراوی نییە. بۆیه، پێویسته میکانیزمێک بدۆزرێتەوه بۆ بەدیهێنانی گونجاندنی زۆرینەی کورد له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
  • هەڵبژاردنی ڕۆژێکی دیاریکراو دەبێت بە ڕەچاوکردنی ئەکادیمی قووڵ بێت کە پەیوەندیدار بێت بە مێژوو و جوگرافیای بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە.
  • هەڵبژاردنی ڕۆژێکی دیاریکراو دەبێت ئامانجێکی ڕوونی هەبێت که کورد له ناوچه جیاجیاکانی کوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی بدات.

دەرئەنجام

پێزانینی زۆرم هەیە بۆ هەوڵەکانی ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوە کلتورییە گرنگە . لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا زۆر شت فێربووم لەبارەی ئازاره زمانەوانییەکانەوە له ناوچه جیاجیاکانی کوردستاندا ،و سوپاسگوزارم بۆ ئەو میواندارییه بەخشندەییە، به تایبەتی بۆ ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی ئامەد وئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی.


بەڕاستی گەشتێکی کلتوری دەوڵەمەند وئیلهام بەخش بوو. لەئایندەیەکی نزیکدا پێشبینی فرەچالاکی ڕۆشنبیری وبەرهەمدار دەکەم ،و داوا لەهەموو کوردەکان دەکەم هاوکاری کوردەکانی تورکیا بکەن بۆ ئەوەی ئەزموونی زمانی داهاتوویان سەرکەوتوو بێت.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵا


AM:12:03:13/05/2025

ئه‌م بابه‌ته 1100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی