نوگره سه‌لمان ئه‌مه‌یه
عەلی مەحمود محەمەد
عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د
به‌خێر بێن بۆ جهه‌نه‌م, دروشمێك له‌سه‌ر ده‌رگای هاتنه ژوره‌وه بۆ سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان به خه‌تێكی گه‌وره نووسرابوو, باشترین ده‌ربڕین بووه بۆی, بۆ ژیانی ئه‌وانه‌ی له نێوان 2 بۆ 8 مانگه‌ی تێیدا ژیان, هاتنه ژوره‌وه هه‌بوو, ده‌رچوون ته‌نها به‌هۆی عاره‌بانه یه‌ك تایه بچوكه‌كانه‌وه بوو, ئه‌ویش بۆ گۆڕستانه‌كه‌ی, بۆ ناشتنی مردووان و مردووه‌كانی ناو عاره‌بانه‌كه, له‌و زیندانه بێبایه‌خترین پێداویستی ژیان نه‌بووه, ئه‌وه‌ی ده‌هات بۆ ئێره كه‌مێك خوێنده‌واری بزانیایه ده‌بوایه بیزانیایه بۆ جهه‌نه‌م هێنراوه.
قه‌ڵای نگره سه‌لمان سه‌ربازگه‌یه‌كه له سنووری نێوان هه‌ردوو وڵاتی عێراق و مه‌مله‌كه‌تی عه‌ره‌بی سعودیه له پارێزگای سه‌ماوه, له ناو بیابانێكی پان و به‌رینی كاكی به كاكی وشك و برینگی گه‌رمی ژینگه دۆزه‌خی, به هۆی شه‌پۆڵی گه‌رماو شه‌پۆڵی لمه‌كه‌یه‌وه, به تایبه‌تیش له‌و وه‌رزه‌ی ئه‌نفالكراوان تێیدا ژیان له ترۆپكی دۆزه‌خی خۆیدایه, به تایبه‌تیش بۆ هاووڵاتیانی كوردستان كه ئاووهه‌وای ناوچه‌كانیان فێنك و وڵاتی سه‌وزاییه, ئه‌وێ بۆیان جهه‌نه‌مه راسته‌قینه‌كه‌یه.
لێره له ده‌رگای سه‌ره‌كییه‌وه هه‌ر ده‌هاتیته ژوره‌وه, له گۆڕه‌پانی گه‌راجه‌كه جوت ده‌كران, به‌خێرایی ناو، پیشه و شوێنی نیشته‌جێ بوونی رابردوو تۆمار ده‌كرا, فڕێ ده‌درایته‌وه ناو هۆڵێكی گه‌وره له ژوره‌وه, ئیتر مه‌گه‌ر له په‌نجه‌ره بچووكه قایمكراو به شیشه ئه‌ستوره‌كانه‌وه ده‌ره‌وه‌ت ببینیایه, ئه‌ویش گڕه‌ی گه‌رماییه‌كه‌ی وه‌ك تارمایی نیشانی ده‌داو شارۆچكه تۆزاوییه‌كی نگره سه‌لمان له‌ناو گڕه‌و گه‌رده‌لولی لمدا زۆرجار شوێنه‌واره‌كه‌ی به چاو نابینرا.
ئه‌و خه‌ڵكه‌ی لێره بوون له مرۆڤایه‌تی خرابوون, ڕێگه به حه‌جاج و داروده‌سته‌كه‌ی درابوو دیله‌كانی ئه‌نفال وا لێبكه‌ن له بارودۆخێكی زۆر نامرۆڤانه‌دا بژین, له جێگای زۆر قه‌ره‌باڵغدا، به‌بێ سه‌رچاوه و ئاوی خواردنه‌وه و له ژێر بارودۆخی برسێتیدا, نه‌بوونی چاره‌سه‌ری پزیشكی و رایه‌خی خه‌و بان و بن و ده‌ستشۆر حه‌مام و فێنككه‌ره‌وه‌و گه‌رمای به‌تین و ته‌نانه‌ت بێ ئۆكسجینی و ..... درێژه به ژیان بده‌ن ئه‌گه‌ر شانسی مانیان هه‌بووبێت.
قه‌لای نگره سه‌لمان
زیندانی نگره سه‌لمان, كه پێشتر یه‌كێك بووه له‌و سه‌ربازگه قه‌ڵاییانه‌ی له زۆر ناوچه‌ی كوردستان وه‌ك سوسێ, حه‌سار, قه‌ره‌به‌گ, چه‌مچه‌ماڵ, قۆڕه‌توو, ئاكرێ, نزاركێ....هه‌ن. له كۆتایی ساڵی ( 1976 ) ه‌وه له سه‌رتاسه‌ری عێراق ده‌ست به دروست كردنیان كراوه, له ماوه‌ی 5 ساڵ ته‌واو كراوه, له‌سه‌ر رووبه‌ری 15000 مه‌تر چوار گۆشه, له‌سه‌ر دیزاینی سۆڤییه‌تی, كه له هه‌ر چوار لاواوه دژه فڕۆكه پاراستوونی, شێوه‌ی لاكێشه‌ییه, درێژییه‌كه‌ی كه‌متره له دووجاری پانییه‌كه‌ی درێژی 192 شه‌قاو پانییه‌كه‌ی 118 شه‌قاو.
به‌شێك له‌مانه بۆ زیندانی دیله‌كانی ئێران به‌كار هێنراون, جگه له زیندانی نگره سه‌لمان, سه‌ربازگه‌ی قه‌ڵاكانی سوسێ و قۆڕه‌توو و ئاكرێ و نزاركێش كرانه ناوه‌ندی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌نفالكراوان و زۆر به‌سه‌رهات و چیرۆكی ره‌شیان هه‌یه, به‌تایبه‌ت قه‌ڵای نزاركێ و قه‌ڵای نگره سه‌لمان.
زیندانی قه‌ڵای سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان 144 كم له شاری سه‌ماوه‌وه دووره, كه‌متر له 2 كیلۆمه‌تر له شاری سه‌لمان, له باشووری رۆژئاوای قه‌زای سه‌لمانه‌وه‌یه, هه‌ر به ناوی قه‌زای سه‌لمانیشه‌وه ناو نراوه, كه‌وتۆته ناوچه‌یه‌كی كه‌م دانیشتووانی پان و به‌رینی خێڵه‌كییه‌وه, سه‌لمان به خۆی و هه‌ر 16 ناحیه‌كه‌یه‌وه ژماره‌ی دانیشتووانی ناگاته 10هه‌زار كه‌س, به‌ڵام پانتایی خاكه‌كه‌ی 46928 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه.
ئه‌م سه‌ربازگه‌یه, زیندانی به‌ناو بانگی كۆنی نگره سه‌لمان نییه وه‌ك هه‌ندێك وا ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ن, كه ئینگلیزه‌كان له ساڵی 1928 له سه‌رده‌ستی كلوب باشا دروست كراوه, ئه‌مه 73 ساڵ دواتر به‌عس بۆ سه‌ربازگه دروستی كردووه.
هێنانی ئه‌نفالكراوان
زیندانه‌كانی ناو قه‌ڵای سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان له 3 جێگاوه هێنران بۆی, به‌ڵام به چه‌ندین كاروان.
1-له سه‌ربازگه‌ی تۆبزاوه‌وه: سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان له تۆبزاوه‌وه نزیك به 674 كیلۆمه‌تر دووره, ئه‌مانه ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی قۆناغه‌كانی 7 پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌كانن جگه له كۆتا ئه‌نفال, كه ته‌مه‌نیان له سه‌روی په‌نجا ساڵه‌وه بووه, له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و زیندانیانه‌ی ئه‌نفالی هه‌ڵه‌بچه كه پێش لێبوردنه گشتییه‌كه‌ی 6-9-1988خۆیان ته‌سلیم كردۆته‌وه پێكه‌وه بێ جیاكردنه‌وه بردراون بۆ ئه‌و زیندانه.
سه‌فه‌ره شومه‌كه له گوندی تۆبزاوه‌ی 10 كیلۆمه‌تری باشووری كه‌ركووكه‌وه بۆ سه‌ربازگه‌ی قه‌ڵای نوگره سه‌لمان، نێوان 14 بۆ 17 كاتژمێری خایاندووه، هه‌ندێك جاریش تا شه‌و و رۆژێك, ئۆتۆمبیلی ئه‌من و ئیستیخباراتیش كه‌وتبوونه پێش و پاشی كاروانه‌كان به بێته‌له‌وه, به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیدا بوونه له‌گه‌ڵ سه‌ره‌وه‌ی خۆیان.
له ڕێگا له هیچ جێگایه‌ك وه‌ستان نه‌بووه, هیچ سه‌رئاوییه‌ك نه‌بووه, هیچ نان و ئاوێكیان به گیراوه‌كان نه‌داوه‌و بۆیان دابین نه‌كردوون, به ته‌نگه نه‌فه‌سی و ته‌نگاوی و تێنوێتی و برسێتی ئه‌و سه‌فه‌ره‌یان بردۆته سه‌ر, تا ئاستی مندالڵان ناو ئۆتۆمۆبیله سه‌ربازییه‌كان بێ مامان له دایك بوونه, بوورانه‌وه‌و له هۆش خۆ چوون و پیسایی كردنه خۆ به‌ربڵاو بووه ته‌نانه‌ت له بردنیان بۆ زیندانی نگره سه‌لمان منداڵ له دایك بووه به‌ر بۆته‌وه هه‌ڵیان نه‌گرتۆته‌وه.
2-به‌شێك له‌و ژن و منداڵانه‌ی له زیندانی دوبس بوون, دوو كاروانیان له ناوه‌ڕاستی مانگی شه‌ش نێردران بۆ زیندانی سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان, له ناوه‌ڕاستی یۆنی بۆ ناوه‌ڕاستی یۆلی, دوای ئه‌م دوو كاروانه ناردن بۆ نگره سه‌لمان راوه‌ستا, ناردنه‌كان له‌وێوه بۆ گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان گواسترانه‌وه له رێگای ناردنیان بۆ سه‌ربازگه‌ی تكریت.
" لێره هه‌ر ماوه نا ماوه‌یه‌ك و به پێی وه‌ختێكی دیاریكراو كۆمه‌ڵه پاسێكی داخراو خۆیان ده‌كرد به بنكه‌كه‌ی دووبزدا و ژماره‌یه‌كی زۆریان له گیراوه‌كان بارده‌كرد. لایكه‌مه‌كه‌ی دوو جاریان ئه‌و كۆمه‌ڵه خه‌ڵكه‌ی ناوچه‌ی كه‌لاری باشووری گه‌رمیان بوون، كه به پێی مه‌زه‌نده‌یه‌ك تێكڕا نزیكه‌ی پێنج سه‌د ژن و منداڵ ده‌بوون و گوێزراونه‌ته‌وه بۆ به‌ندیخانه‌ی نوگره سه‌لمان ".
3-ئه‌و ژن و پیاوه پیرانه‌ی زیندانی تكریت ته‌مه‌نیان له سه‌روی 50ساڵییه‌وه بووه, ژن و منداڵیان له‌م زیندانه‌وه به‌هه‌مان پێوه‌ری تۆبزاوه‌و دووبز نه‌هیناوه بۆ زیندانی نگره سه‌لمان.
واتا زیندانیه‌كانی تۆبزاوه‌ی قۆناغه‌كانی ئه‌نفال و سه‌ربازگه‌ی تكریت بژارده كراون, پیره‌كانیان راگواستووه بۆ سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان, به‌شێكی تۆبزاوه نێردراون بۆ دووبز, له تكریتیش پیره‌كان بۆ نگره سه‌لمان بوونه, گه‌نجه‌كانیش بۆ گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان, به‌ڵام له قۆناغی ئه‌نفالكراوانی هه‌ڵه‌بجه‌دا كه له مانگی ئابی 1988 پێش لێبوردنه گشتییه‌كه‌ی بڕیاری 736 ته‌سلیم ببوونه‌ته‌وه, هه‌موویان پێكه‌وه هێنراون بۆ سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان. به پێی نامه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ماوه, له ناو مردووه‌كاندا زیندانی 110 ساڵانه هه‌بووه.
یه‌كه‌م زیندانه‌كانی نگره سه‌لمان كه‌ی هێنران و كێ بوون؟
به پێی گێڕانه‌وه‌ی زیندانیان, رۆژی گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی ئه‌نفالكراوان بۆ سه‌ربازگه‌ی تۆبزاوه دیاری ده‌كرێت, چونكه به‌ڵگه‌نامه‌ی وامان له‌به‌رده‌ستدا نییه سه‌ڵمێنه‌ری ئه‌وه بێت كه‌ی یه‌كه‌م زیندانی بۆ قه‌ڵای نگگره سه‌لمان نێردراوه.
پیاوێكی خه‌ڵكی گوندی ته‌په سوره له دایك بووی ساڵی 1931 ده‌گێڕێته‌وه, دوای ده‌ستگیركردنه‌كه‌یان دوو رۆژ له ته‌واری سلێمانی ماونه‌ته‌وه, دوو رۆژیش له سه‌ربازگه‌ی تۆبزاوه, بۆ سێیه‌م رۆژ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان, كه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وێ چۆڵ بووه, به‌ڵام خه‌ڵك پێشتر له‌وێ بوونه شوێنه‌واریان دیار بووه, به پێی لێدوانی ئه‌و بێت, ئه‌وان ئێواره‌ی پێش یه‌كه‌م رۆژی ره‌مه‌زان گه‌یشتونه‌ته نگره سه‌لمان, واتا رۆژی شه‌ممه رێكه‌وتی 16-4-1988 بۆ شه‌وه‌كه‌ی گه‌یشتونه‌ته سه‌ربازگه‌ی قه‌ڵای نگره سه‌لمان.
جه‌بار محه‌مه‌د ساڵه‌ح خه‌ڵكی گوندی چیمه‌نی جه‌باری ده‌ڵێت "دوای گرتنیان براونه‌ته قه‌ره تاموور, له‌وێوه بۆ چه‌مچه‌ماڵ و دواتر بۆ سه‌ربازگه‌ی تۆبزاوه, ئه‌وان یه‌كه‌م گروپ بوونه براونه‌ته سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان, كه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وێ, كراونه‌ته دوو هۆڵه‌وه, یه‌ك بۆ ژنان یه‌كیش بۆ پیاوان, دوای دوو شه‌و كاروانی دیكه هێنراوه بۆ زیندانه‌كه. ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه ده‌ڵێت كه گه‌یشتوونه‌ته سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان, به پێی شوێنه‌واره‌كانیان پێشتر خه‌ڵكی لێبووه, هه‌موو پیاو بوونه, ئه‌مانیان بردۆته جێگای ئه‌وان, به پێی وته‌ی ناوبراو خواردنه باشه‌كه‌ی مانگی ره‌مه‌زان كه داویانه پێیان, پێشبینی ده‌كرێت بۆ زیندانه‌كان پێشوو بوو بێت, به‌ڵێنده‌ر گرتبێتی بۆ ئه‌وان, له سه‌ره‌تا تا كۆتایی مانگی ره‌مه‌زان خواردنیان باش بووه. به پێی وته‌ی ئه‌و سه‌ره‌تا سه‌ربازگه‌كه موبه‌ریده‌و ئاویشی لێبووه, هی زیندانه‌كان پێشوو بوون به‌جێ مابوو, ته‌نانه‌ت ئه‌وان كشتوكاڵیشیان بۆ خۆیان كردووه ... ئه‌ویش به هه‌مان شێوه ده‌ڵێت پێش ره‌مه‌زان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وێ.
سه‌بری عومه‌ر ئیسماعیل له‌و زیندانیانه بووه كه براونه‌ته قه‌ره‌تامور ده‌ڵێت" ئێمه یه‌كه‌م كه‌س بووین چوینه نگره سه‌لمان, سه‌ره‌تا ژوره‌كه هه‌موو شتی تێدابوو, له جلوبه‌رگه‌وه بۆ دۆڵمه‌و كه‌ره‌وس و ...." , هه‌روه‌ها خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش له مانگی ره‌مه‌زان شوتی و نانیان بۆیان بردووه. ئه‌و ده‌ڵێت"زیندانی دیكه پێشتر له نگره سه‌لمان بووه, ئه‌گه‌ر هه‌یه دیلی ئێرانی بووبێتن, نگره سه‌لمان دوو رۆژ پێشتر بۆ ئێمه چۆڵكراوه؟؟؟".
كه‌چی هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ - له په‌رتووكه به‌ناو بانگه‌كه‌ی به ناوی "جینۆساید له عێراقدا ..په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر كورد" به پێَچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی كه یه‌كه‌مجار له ناوه‌ڕاستی نیساندا له تۆپزاواوه گه‌یشتبوون ته‌ماشایان كردبوو نوگره سه‌لمان تاریك و چۆڵه", هه‌روه‌ها ده‌نووسێت "چه‌ند ساڵ بوو به چۆڵی مابووه‌وه و كۆچه‌ره عه‌ره‌به‌كان مه‌ڕوماڵاتیان تێده‌كرد. سه‌ر دیواره ڕووته‌كانیش تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ یاداشتنامه‌ی زیندانییه سیاسییه‌كانی لێنووسرابوو". به‌لام پێی ده‌چیت پێش زیندانییه ئه‌نفاله‌كان زیندانی یان دیلی ئێران یان سه‌ربازی عێراقی تێدا بووبێت, ئه‌و زیندانه جیایه له زیندانی زیندانییه سیاسییه‌كان وه‌ك به‌ناو بانگه.
ژماره‌ی زیندانیان
تا ئێستا ئامارێكی ورد نه‌كراوه بۆ ژماره‌ی ئه‌و زیندانیانه‌ی له قه‌ڵای نگره سه‌لمان و زیندانه‌كانی دیكه‌دا بوونه, ئه‌مه‌ش خه‌مساردییه‌كی گه‌وره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌خات.
هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ له په‌رتووكی جینۆساید له عێراقدا .. په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر كورد پێی وایه ( به‌ندییه‌كان به چوار كاروانی سه‌ره‌كی گه‌یشتن. سه‌رجه‌م گیراوه‌كانی نوگره سه‌لمان له سه‌رده‌می ئه‌نفالدا پێده‌چێت 6 تا 8 هه‌زار بووبێتن", هه‌رچه‌نده ئه‌و زانیارییه‌ی كه ئه‌نفالكراوان به چوار كاروان گه‌یشتبێتنه نگره سه‌لمان زۆر هه‌ڵه‌یه, راستییه‌كه‌ی ئه‌وان 4 گروپن" تۆبزاوه, دووبز, تكریت, هه‌ڵه‌بجه, نه‌ك چوار كاروان, چونكه ژماره‌ی كاروانه‌كان زۆر له‌وه زیاترن, ته‌نانه‌ت روونیش نییه به چه‌ند كاروان گه‌یشتبێتن".
یه‌كێ له زیندانیكراوان خه‌ڵكی گوندی گۆپته‌په, ساڵی له دایك بوونی 1935 ه, له رێكه‌وتی 2-1-2005 له وته‌ی بۆ دادگای باڵای تاوانه‌كان داوه ده‌ڵێت " ئێمه هه‌موو 10 بۆ 12 رۆژ جارێك ئامار كراوین, به پێی ئه‌و زانیارییه‌ی وه‌رم گرتووه له سه‌ربازه‌كانه‌وه , ئێمه ئه‌نفالكراوان ژماره‌مان ( 8706 ) كه‌س بووه له زیندانی نگره سه‌لمان".
ئه‌و زیندانیانه‌ی هه‌ڵه‌بجه كه بردراون بۆ نگره سه‌لمان ژماره‌یان 1205 كه‌س بوونه, ئه‌وان زیندانیانی ئه‌نفالی خۆیان به رێكوپێكی ئامار كردووه.
پێی ده‌چێت ژماره‌ی زیندانیانی نگره سه‌لمان له نێوان 8000 بۆ 9000 هه‌ندێكیش به 11000كه‌سی ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م, زیندانیان ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوونه له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك دیاریكراو كۆك نین.
سه‌ربازگه‌كه چۆن بوو؟
نه‌خشه‌ی ئه‌م سه‌ربازگه‌یه وه‌ك له ئاسمانه‌وه دیاره, ته‌لارێكی دوو نهۆمی لاكێشه‌ییه, باكوور‌و باشووری كه‌متر له دووجاری رۆژهه‌لات و رۆژئاواكه‌یه‌تی, وا ده‌رده‌كه‌وێت نزیك به ئه‌ندازه‌ی یاریگایه‌كی تۆپی پێ بێت, به جێگای سه‌یركه‌رانه‌وه, چه‌ند هۆڵ له سه‌ره‌وه بووبێت, هه‌مان ژماره‌ی هۆڵیش له خواره‌وه هه‌بووه, هه‌رچه‌نده له‌مه‌شدا هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه كه ده‌ڵێت " پاسه‌كان له یه‌كێك له دوو ده‌روازه گه‌وره‌كه‌وه چوونه ژووره‌وه و له ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌یه‌كی پان و پۆڕدا وه‌ستان كه "سێ ئه‌وه‌نده‌ی یاریگاكه‌ی تۆپی پێی سلێمانی بوو", هه‌موو زیندانییه‌كانیشیان له ده‌روازه‌ی پێشه‌وه بردۆته ژوره‌وه, لایه‌نه فه‌رمییه‌كانی ژماردن, ناو نووسین و وه‌رگرتن له‌وێ بوونه.
بۆ ژماره‌و قه‌باره‌ی هۆڵه‌كان ژماره‌ی جۆراو جۆر ده‌وترێت به پێی وته‌ی گیراوه‌كان, كه هه‌ر یه‌كه‌ی ژماره‌یه‌ك ده‌ده‌ن" 34 هۆڵ, 24 هۆڵ, 48 هۆڵ,56 هۆڵ......", به‌پێی دیزاینی وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌ش بێت 24 هۆڵ و 4 كۆمه‌ڵ ته‌والێتی 3 ژوری و حه‌مام و ده‌ستشۆری.... هه‌بووه, له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ژوور بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و كاره كارگێڕییه‌كان.
هۆڵه ڕه‌قوته‌قه‌كان هه‌ر یه‌كه‌ی چه‌ند په‌نجه‌ره‌یه‌ك بچووكی تێدا بوو, له قه‌باره‌دا جیاواز بوون، بۆ قه‌باره‌ی هۆڵه‌كانیش كۆمه‌ڵێك ژماره له لایه‌ن زیندانییه‌كانه‌وه ده‌وترێن له‌وانه " بردینیان بۆ نهۆمی دووه‌م و له‌وێ شه‌ست و چوار كه‌سیان لێمان خسته ژوورێكه‌وه كه به ئه‌ندازه‌ی نزیكه‌ی 8 × 6 مه‌تر ده‌بوو - هیومان".
یه‌كێكه دیكه ده‌ڵێت "هۆڵه‌كان قه‌باره‌یان 12 به 24 مه‌تر بوو", یه‌كی دی ده‌ڵێت 10 به 12 مه‌تر بوو.
هۆڵه‌كان هه‌موو وه‌ك یه‌ك نه‌بوونه, هه‌بووه گه‌وره‌تر بوو له‌وه‌ی دی....زیندانییه‌ك دیكه ده‌ڵێت "له هۆڵه‌كه‌ی ئێمه 448 كه‌سی تێدا بوو", به‌ڵام پێی ده‌چێت به‌شێك له جیاوازی ژماره‌ی زیندانییه‌كان ناو هۆڵه‌كان په‌یوه‌ندی به خودی پێكهاته‌ی زیندانییه‌كان و ئه‌و جێگایه‌ی لێوه هاتوون بووبێت, نموونه زیندانییه‌كان هه‌ڵه‌بجه هه‌موو به‌شی سه‌ره‌وه‌یان بۆ ته‌رخان كراوه خۆشیان 1205 زیندانی بوونه, زیندانییه‌كان قۆناغه‌كانی ئه‌نفال زیاتر له پێنج جاری ئه‌وان بوونه خراونه‌ته خواره‌وه.
له هه‌موو سووچێكی زیندانه‌كه‌شه‌وه قوله‌ی چاودێریی پاسكردنی خڕی هه‌بووه بۆ دژه فڕۆكه, كه خواره‌وه‌ی وه‌ك گۆڕه‌پانێكی بچووك وابوو, جارێكیان حه‌جاج منداڵه‌كانی له خواره‌وه‌ی ئه‌و قولانه زیندانی كردووه وه‌ك سزادان.
زیندانه‌كه دوو حه‌وشه‌ی هه‌بووه, حه‌وشه گه‌وره‌كه گۆڕه‌پانی دوو گۆڵی تێدابووه, شیشی گۆڵه‌كه‌یان بۆ ئه‌شكه‌نجه‌و به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌نفالكراوان به‌كار هێناوه, حه‌وشه بچوكه‌كه كه له لای ده‌رگا سه‌ره‌كییه‌كه‌وه بوو, پێی ده‌وترا ساحه‌ی گه‌راجه‌كه. له دیوای گۆڕه‌پانی گه‌راجه‌كه له رۆژهه‌ڵاتی ئیستخبارات, له رۆژئاوا هۆبه‌ی پۆلیس هه‌بووه, هه‌روه‌ها چوارده‌وری زیندانه‌كه په‌رژینی ته‌لدڕك بووه.
گه‌یشتن و دابه‌ش كردن به‌سه‌ر هۆڵه‌كاندا
وه‌ك وتمان یه‌كه‌م گروپ ئه‌نفالكراونی گه‌رمیان له رێكه‌وتی 16-4-1988 گه‌یشتنه نگره سه‌لمان, دوا گروپیش هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان له رێكه‌وتی 10 یان 12ی ئۆگه‌ست گه‌یشتونه‌ته سه‌ربازگه‌كه, واتا 4 مانگ دواتر.
سه‌ره‌تا ژن و پیاو له نگره سه‌لمان هه‌یوان و حه‌وشه‌كانیان تێكه‌ڵ بووه, ته‌نها هۆڵه‌كانیان جیا بووه, دوای مانگی ره‌مه‌زان هه‌یوان و حه‌وشه‌كانیان جیاكراوه‌ته‌وه, به به‌رمیل دیوارێكیان له نێوان هه‌یوانی به‌رده‌م هۆڵه‌كانیان دروست كردووه, دوای هاتنی دوو كاروانه‌كه‌ی زیندانی دووبز, ئه‌و منداڵ و ژنانه‌یان لێك جیا نه‌كردۆته‌وه, به‌ڵكه ئه‌وانیان پێكه‌وه بردۆته به‌شی سه‌ره‌وه, به‌ڵام به هاتنی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان كچ و ژنه گه‌نجه‌كان كه خرابوونه به‌شی سه‌ره‌وه, هێنایاننه خواره‌وه بۆ لای ژنه پیره‌كان, ئیتر ئه‌نفالكراوان له خواره‌وه‌و ئه‌نفالكراوه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانیش له سه‌ره‌وه.
ده‌رگاكان له كاتژمێر 10ی شه‌وه‌وه بۆ 7ی به‌یانی داده‌خران، له وه‌ختی تردا گیراوه‌كان به سه‌ربه‌ستی له هۆڵ و به‌رهه‌یوانه‌كان ده‌سووڕانه‌وه.
لێ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان كوڕ‌و كچی گه‌نجیشیان له گه‌ڵدا بوو, هه‌موو پێكه‌وه بوونه, ژن و پیاو, گه‌نج و پیر و منداڵ له یه‌كتر جیا نه‌كراونه‌ته‌وه, خۆشبه‌ختانه ئه‌وان گه‌نجه‌كانیان نه‌بردراوون بۆ گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان سزاكه‌یان سوكتر بووه.
كه‌م ئه‌ندامه‌كان
له پۆلێنكاری ئه‌نفالكراوان له سه‌ربازگاكانی تۆبزاوه‌و تكریت, ته‌نها له‌سه‌ر بنچینه‌ی ته‌مه‌ن زیندانییه‌كان له یه‌كتر جیاكراونه‌ته‌وه, ئه‌وانه‌ی له په‌نجا ساڵ به سه‌ره‌وه بوونه نێردراون بۆ سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان, جگه له دوو كاروانی زیندانی دووبز كه نێردراون بۆ نگره سه‌لمان كه نزیك 1000 زیندانییه‌ك بوونه, له گه‌ڵ به‌شێك له‌وانه‌ی تا لێبوردنه گشتییه‌كه له دووبز ماونه‌ته‌وه, ئه‌وانی دی بۆ گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان نێردراون, خوارو سه‌روی 15 ساڵ نێر و مێ پێكه‌وه كۆمه‌ڵكوژ كراون, واتا جیاوازی زۆر نه‌بووه له نێوان ئه‌و منداڵه‌ی به 15 ساڵ یان كه‌متر دراونه‌ته قه‌ڵه‌م, له پۆلێنكردنی تۆبزاوه‌و تكریت, كه‌م ئه‌ندامیش مامه‌ڵه‌ی مرۆڤی ساغیان بۆ كراوه‌و گه‌نجه‌كانیان به ناوی پێشمه‌رگه‌وه كۆمه‌ڵكوژ كراون, پیره‌كانیش نێردراون بۆ نگره سه‌لمان.
نگره سه‌لمان زیندانی كوێر و شه‌ل و شێت و سه‌قه‌تی تێدا بووه, نزیك 50 كوێری تێدا بووه, له پێشدا كوێره‌كان كه‌وتوونه‌ته مردن به هۆی برسێتی و نه‌توانینی خزمه‌تكردنی خۆیان, چاویان نه‌یبینیوه خۆیان له ئه‌سپێ و پیسی پاك بكه‌نه‌وه, تا گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی كرم لێیانی داوه, نه‌شیان توانیوه له به‌ر قه‌ره‌باڵغی و پاڵه په‌ستۆ و نه‌بوونی بینایی ئاو و خۆراك بۆ خۆیان وه‌ربگرن به‌رده‌وام تێنوو برسییان بووه, زۆریشیان كه‌سی خۆیان له‌گه‌ڵ نه‌بووه خزمه‌تیان بكه‌ن.
كێشه‌ی ئاو
ئه‌نفالكراوان بۆ دواجار هه‌ر له ماڵ خۆیان ده‌رچونه, كێشه‌ی تێنویه‌تیان هه‌بووه, له هه‌موو قۆناغه‌كانی زیندانیدا وه‌ك سزا تێنوو كراون.
له ناوه‌ڕاستی مانگی یۆنی به دواوه, به دوو كاروان ئه‌نفالكراوانی ژن و منداڵی دووبزیان كه هێناوه بۆ نگره سه‌لمان, به پێی وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان له رێگا منداڵ له تێنوه‌تیدا مردووه.
له سه‌ره‌تا ئاوی بۆڕی له‌ناو سه‌ربازگاكه هه‌بووه, ده‌ڵێن كاتێك ئاوی بیره‌كه‌مان ده‌خوارده‌وه, لێومان سپییه‌وه ده‌بوو, به‌هۆی زۆری خوێی ئاوه‌كه‌وه, ئاوێكی گه‌رم و شوێر و تاڵ وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه وه‌ك ژه‌هری مار بووه.
ئه‌م ئاوه نه بۆ خواردنه‌وه‌و نه بۆ خۆشوشتن و جل شوشتن به‌كار نایات, ته‌نها بۆ ئاوڕشێنی زه‌وی به‌كار هاتووه, وه‌لێ ئه‌م ئاوه بۆ ئه‌نفالكراوان نیعمه‌ت بووه.
له پێش مانگی ته‌موزه‌وه ئاوه‌كه‌یان گرتۆته‌وه, ئیتر به ته‌نكه‌ر ئاویان له شاری سه‌ماوه‌وه بۆیان هێناوه, ده‌گێڕنه‌وه كه ئاوی ته‌نكه‌ره‌كه خراپتر بووه له ئاوی بۆڕییه‌كه. ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن له جه‌ژنی قوربان تكێ ئاوی شۆریشیان پێمان نه‌داوه.
رۆژانه دوو جار ئاو هاتووه, ئاوه‌كه له به‌ر پیسی و شوێری تاڵ بووه, ده‌ڵێن كه ده‌ڕشا زوو ده‌بووه قه‌وزه, پڕی كرم بووه, به جه‌مه‌دانی و قوماش پاڵیویانه, له به‌ر گه‌رمی به كارتۆن باوه‌شێنیان ده‌كرد تا سارد بێته‌وه ئه‌وجا بیخۆنه‌وه.
كه ئاو هاتووه سه‌جانه‌كان " هه‌ر هۆڵێك دوو نوێنه‌ری هه‌بووه, بۆ وه‌رگرتن و دابه‌شكردنی خۆراك" و زیندانییه به‌هێزه‌كان زۆربه‌یان بۆ خۆیان بردووه, لاوازه‌كان زۆرجار ده‌ستیان نه‌كه‌وتووه, زیندانییه‌كان هه‌نندێك جار له‌سه‌ر ئاو له یه‌كترییان داوه.
وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه جاری وا هه‌بوو ئاویان له دۆلكه‌و سه‌تڵدا ده‌هێنا له یه‌ك كاتدا چه‌ندین كه‌س سه‌ریان ده‌خسته ناو سه‌تڵه‌كه‌وه بۆ ئاو خواردنه‌وه، ده‌بووه راكێش راكێش ئاوه‌كه له‌و نێوه‌دا ده‌ڕشا. ئه‌م ئاوه پیسه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی به‌شێك له نه‌خۆشییه‌كان بوو له زیندانه‌كه. له هه‌مان كاتدا ئاو فرۆشیش په‌یدا بووه, شۆفێری ته‌نكه‌ره‌كان ئاویان به زیندانه‌كان فرۆشتووه, سه‌تڵی تا چوار دینار فرۆشراوه.
ئه‌ی خواردن چۆن بووه؟
وه‌ك وتمان سه‌ره‌تا له مانگی ره‌مه‌زان خواردنیان داوه به ئه‌نفالكراوان زیندانی سه‌ربازگه‌ی قه‌ڵای نگره سه‌لمان , هه‌رچه‌نده یه‌كه‌م رۆژی ره‌مه‌زان بۆ پارشیو هیچیان نه‌داوه پێیان بیخۆن, به‌ڵام ئه‌و مانگه سه‌رتاپا تاكو ره‌مه‌زان ته‌واو بووه خواردنیان باش بووه, ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش له مانگی ره‌مه‌زان شوتی و نانیان بۆیان بردووه, له‌و ماوه‌یه‌دا برنج و شله‌و جارجاره گۆشت و میوه‌ش دراوه پێیان.
كاروانێكی ئه‌نفالكراوانی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالی چوار, كه خه‌ڵكی بناری خاڵخالان و شێخ بزێنی سه‌رو و كۆیه‌و ناوچه‌كانی ئه‌نفالی چوار بوونه, 3 رۆژ پێش جه‌ژن ره‌مه‌زان گه‌یشتۆته نگره سه‌لمان, ئه‌و ژنه‌ی له ته‌ق ته‌ق كه منداڵه‌كه‌ی گریاوه به‌هۆیه‌وه دۆزراوه‌ته‌وه, له گه‌ڵ ئه‌و كاروانه بووه ده‌ڵێت ئه‌و 3 رۆژه ته‌ماته‌و باینجان و برنجی وه‌رگرتووه و لێی ناوه, دواتر خواردن گۆڕاوه بۆ سه‌مونی وشك و ئاوی سوێر.
كه ره‌مه‌زان ته‌واو بوو, شله‌و برنج و خۆراكیش ته‌واو بوو, ئه‌مه وای كرد دوای ره‌مه‌زان, زیندانییه‌كان له برسان بكه‌ونه ده‌رهێنانی كۆنه نانی به كه‌ڕه شیفه‌و پیسی ناو به‌رمیلی پاشماوه‌كان پێشووتری خۆیان.
رۆژانه هه‌ر یه‌كه‌ی نیوه‌ڕوان دوو بۆ سێ سه‌مونی بچووكی بێ خوێی بۆری ره‌ق و ئاوی خوێیاویان داوه پێیان بۆ ته‌واوی رۆژه‌كه, له‌به‌ر بێ خوێیی سه‌مونه‌كانیان به خوێوه خواردووه, یان به‌هۆی ره‌قی كوتاویانه ئه‌وجا خواردوویانه, یاخود دواتر كه ئاوته‌ماته په‌یدا بووه, به ئاو ته‌ماته‌وه خواردوویانه, ئاو ته‌ماته و پیاز به له‌زه‌تترین خۆراكیان بووه, ته‌نانه‌ت له جه‌ژن خواردنیان نه‌داوه پێیان, ئه‌مه وایكردووه سكی خۆیان توند له برسان بگوشن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ویان لێبكه‌وێت.
به‌هۆی خراپی خواردن و كه‌می ئاوه‌وه ژنان شیریان نه‌بووه, شیری قوتوش نه‌بووه, داوای شیریان بۆ منداڵه ساواكانیان كردووه نه‌یان داوه پێیان, بۆیه منداڵان له برسان زۆریان مردوونه.
حه‌نیفه فه‌تاح عومه‌ر به ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب ئه‌نفالكراوی گه‌رمیان , منداڵی كچی بووه, خۆی ناوكی بڕیووه له ئاو ده‌ست, منداڵه‌كه‌ی داوه‌ته سه‌گ بیخوات له نگره سه‌لمان, له‌به‌ر برسێتی و نه‌بوونی شیر.
فرۆشتنی خۆراك
سه‌ره‌تا شت فرۆشتن نه‌بووه له سه‌ربازگه‌كه, نه‌نها ئه‌و خواردنه‌ی دراوه به زیندانییه‌كان هه‌بووه, فرۆشتنی خۆراك دوای نزیك 3 مانگ په‌یدا بوو, واتا له ناوه‌ڕاستی یۆلییه‌وه, دوای هاتنی ژن و منداڵه‌كان دووبز به ماوه‌یه‌ك پاسه‌وان و شۆفێری ته‌نكه‌ره‌كان بۆ قازانجی خۆیان كه‌وتوونه‌ته هێنانی شت و مه‌ك و خۆراك به پاره‌یه‌كی زۆر, نزیك به 10 جار زیاتری نرخی بازاڕ.
خزمێكی حه‌جاجیش یه‌كێك بوو له ئه‌وان, تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی له‌ناو سه‌ربازگه‌كه چه‌ندین ورده به‌قاڵیش په‌یدا ببوون, به كۆ خواردن و پاكه‌ته‌كه‌یان لێیان ده‌كڕییه‌وه و به قازانج ده‌یان فرۆشته‌وه به زیندانییه‌كان دیكه.
نرخی شت و مه‌كه‌كان زیاتر له 10 جار قیمه‌تی بازاڕ بووه, كیلۆی رۆن له 3 په‌نجاییه‌وه فرۆشراوه به دینار‌و نیوێك تا دوو دینار, پیاز سه‌لكی به دینارێك و زیاتریش, ئاوی ته‌ماته به زیاتر, برنج كیلۆی له 125 فلسه‌وه بۆ 2 دینار‌و به‌ره‌و بان, شیری قوتوو پاكه‌تی جگه‌ره‌و شه‌ربه‌تی وشك و ته‌نانه‌ت برنج و شه‌كریش به فه‌رده فرۆشراوه.
برنج و ئاته‌ماته و جار جاره گۆشتیش هه‌بووه بۆ فرشتن, به‌لڵام كێشه‌ی لێنانیش هه‌بووه, نه‌بوونی ئاگر كێشه‌ی سه‌ره‌كی بووه, بایی كوڵاندن نه‌بووه ته‌نها بایی گه‌رم كردن هه‌ندێك جار هه‌بووه, ئه‌ویش به پارچه په‌ڕۆی دامێن كراس و كه‌واو جلی ژێره‌وه و خواره‌وه‌ی قاچ ده‌ست و ملیوانی جل و به‌رگه‌كانیان ئه‌نجامیان داوه, یان له ده‌ره‌وه پوش په‌ڵاشیان كۆكردۆته‌وه, هه‌ندێكیش باس له بوونی ته‌باخێكی غازی یه‌كچاو ده‌كه‌ن له‌ناو قه‌ڵاكه.
ئه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌بوایه له نگره سه‌لمان وه‌زعی خراپ بوو, نایتوانی شت بكڕێت, كه‌س قه‌رزی به كه‌س ناداوه‌و هه‌شبووبێت زۆر كه‌م بووه, هه‌ندێك له زیندانییه‌كان ناچار بوونه جل و به‌رگی به‌ری خۆیان بفرۆشن بۆ كڕینی خۆراك, زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كه مردوونه, ئه‌وانه بوونه پاره‌یان پێ نه‌بووه.
هه‌ندێك له زیندانه‌كان پاره‌یان پێ بووه, چونكه له هه‌موو قۆناغه‌كان گیرفانیان گه‌ڕاون و ئه‌وه‌ی پێیان بووه لێیانیان سه‌ندووه, به‌ڵام له سه‌ربازگه‌ی تۆبزاوه, به‌ڵگه‌نامه‌و پاره‌كانیان له پیره‌كان نه‌سه‌ندووه, بۆیه به‌شێكیان پاره‌یان پێ مابوو له نگره سه‌لمان.
ئه‌شكه‌نجه‌دان
ئه‌شكه‌نجه‌دان له هۆڵی گه‌راجه‌وه كه تازه ئه‌نفالكراوانیان بۆی هێناوه, تا رۆژی گه‌ڕانه‌وه له‌و زیندانه به‌رده‌وام بووه, چه‌ندین كه‌س به لێدان مردوونه ناویان ئاشكرایه.
پیاوێك خه‌ڵكی كه‌ریم باسان بووه, عه‌بدی ناو بووه, نه‌خۆش بووه, له كاتی ناو خوێندنه‌وه, ناوی باوكی نه‌وتووه, به دار كوشتویانه, كه‌ڕێكی هاواری لای هه‌ڵه‌بجه‌ش گوێی لێ نه‌بووه ناوی خوێنراوه‌ته‌وه, به هه‌مان ده‌رد براوه.
شێخ ساڵه‌ح شێخ نه‌سره‌دین هاوولاتی گوندی سماقه‌ی سه‌ر به قه‌زای ته‌ق ته‌ق به لێدان مردووه له نگره سه‌لمان, لێدان به كێبڵ دیارده بووه رۆژانه, ته‌نانه‌ت وه‌ك زیندانییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه منداڵی 4 ساڵان به لێدان كوژراوه.
له مانگی ته‌موز, ته‌موزی سه‌لمان, زه‌لامیان به عامودی دوو گۆڵییه‌كه‌وه له‌به‌ر خۆره‌تاو به‌ستاوه‌ته‌وه, پێست به گیانییه‌وه داماڵاوه له‌به‌ر گه‌رما.
كێبڵ وه‌شاندن و فه‌لاقه كردنی زه‌لامی به ته‌مه‌ن, شێت, منداڵ, ژنان رۆژانه به‌رده‌وام بووه تا مردن.
حه‌جاج به گه‌رمای مانگی ته‌موز له كاژێر یه‌كی نیوه‌ڕۆوه تا چواری عه‌سر خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌هێنایه به‌ر خۆره‌تاوه‌كه وه‌ك شێوازێك له ئه‌شكه‌نجه دان.
له‌و زیندانه زۆر شێوازی ئه‌شكه‌نجه‌و سوكایه‌تی به پیاوه‌كان كراوه, كه خێزانه‌كان له یه‌ك جیا كراونه‌ته‌وه, به به‌رمیل و سیم به‌ین كراون, له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پیاوه‌كه چۆته لای خێزانه‌كه‌ی بۆ بینینی چه‌ند خوله‌كی له پیسایی ئاو ده‌سته‌كانیان وه‌رداوه, له كاتێك ئاو و به‌رگی زیاده‌ی نه‌بووه. ئه‌شكه‌نجه‌دانی جه‌سته‌یی و ئه‌شكه‌نجه‌دانی كه‌رامه‌ت شكاندنی زیندانیان به‌رده‌وام بووه.
پیسی و ئه‌سپێ
به‌هۆی پیسی ژوره‌كان و نه‌بوونی پاككه‌ره‌وه و ئاو و قه‌ره‌باڵغی زۆر, نه‌هاتنه ژوره‌وه‌ی خۆره‌تاو, نه شوشتنی خۆیان و جل و به‌رگه‌كانیان و نه‌گۆڕینی, بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌سپێ له‌ناو زیندانه‌كه په‌یدا ببێت, به ئاستێك جگه له‌وه‌ی له زیندانییه‌كانی دابوو و هه‌راسانی كردبوون, وه‌ك ده‌گێرنه‌وه له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه رێی ده‌كرد, به گسك رایان ده‌ماڵی, ئه‌سپێ جگه له‌وه‌ی مرۆڤ هه‌راسان ده‌كات, هاوكات هۆكاریشه بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی.
هه‌روه‌ها ته‌واڵێته‌كانیش زۆر پیس بوونه, پیسایی تیایدا په‌نگی خواردۆته‌وه, له ناوی به‌سه‌ر به‌رددا رۆیشتوونه, دوای چوونه سه‌ر ئاو ده‌ست شوشتنیش نه‌بووه, جار جاره ئه‌وانه‌ی پاره‌یان نه‌بوووه له به‌رامبه‌ر پاره‌یه‌كی كه‌م پاكیان كردۆته‌وه.
رۆژه ترسناكه‌كه
به‌رده‌وام ده‌ردو نه‌خۆشی ئاسایی له سه‌ربازگه‌كه هه‌بووه, وه پزیشك و داوده‌رمانی چاره‌سه‌ری نه‌بووه, چونكه خه‌ڵكانێكی لاواز و به ته‌مه‌ن لێره كۆكرابوونه‌وه, وێڕای پیسی و خراپی خواردن و خواردنه‌وه‌و نه‌بوونی چاره‌سه‌ر له دا‌و ده‌رمان, بۆیه به‌رده‌وام نه‌خۆشی و مردن رۆژانه هه‌بووه, به‌هۆی خراپی خۆراكه‌وه شه‌و كوێری زۆر بووه, به‌هۆی كه‌م ئاوییه‌وه پێست وشك بۆته‌وه, تیفۆئید و حومه ماڵتا‌و كولێراش بڵاو بۆته‌وه, كوێره‌كان به‌هۆی نه‌بوونی بینایی و نه‌توانینی خزمه‌تكردنی خۆیانه‌وه سه‌ره‌تا ئه‌سپێ و كرم له‌وانی داوه.
هه‌روه‌ها له زۆر حاڵه‌تدا دژه چاره‌سه‌ری كراون, نموونه ژنێك ده‌گێڕێته‌وه كه ده‌رزیان له منداڵه‌كه‌ی داوه, ناو ده‌می ره‌ش بۆته‌وه‌و به هۆیه‌وه مردووه.
دوای هاتنی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان به تایبه‌ت له نامه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ماوه تایبه‌ت به مردنه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت, رێكه‌وتی 19-9-1988 ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتی مردوونه.
ئه‌وان ده‌ڵێن, له‌و رۆژه‌دا به‌هۆی ئاوه‌كه‌وه هه‌موو توشی رشانه‌وه‌و سك چوون بووین چاومان چوو بوو به قوڵا, ده‌رده‌كه وابوو ته‌راِیی له جه‌سته‌دا ناما, نه‌خۆشییه‌كه بتیگرتایه به بیست خوله‌ك ده‌تیكوشت, له رۆژی مردنه زۆره‌كه كه‌س نه‌یوێراوه بچێ به لای ته‌رمه‌كاندا, كه له‌ناو سه‌ربازگه‌كه له هه‌موو كونج و لایه‌كی سه‌ربازگه‌كه ته‌رمه‌كان وه‌ك تارماییه‌كی ترسناك كه‌وتبوون, ئه‌و رۆژه ترسناك بوو, مه‌رگ باڵی به‌سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌دا كێشابوو, راكردن له‌و رۆژه ئه‌سته‌م بووه.
ئه‌و رۆژه دوای هاتنی تیمی ته‌ندروستی له شاری سه‌ماوه‌وه, هه‌ر یه‌كه له نه‌خۆشه‌كان یه‌كی دوو حه‌بی زكچوویان داوه پێیان, سه‌ره‌تا زۆریان ترساون نه‌یان خواردووه, وایان زانیوه ده‌رمان خواردیان ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده له‌و كاته نزیك دوو هه‌فته بوو لێبوردنه گشتییه‌كه‌ش درابوو, ئه‌و رۆژه تاك تاكه خه‌ڵكیان بردووه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ماوه, وه هۆڵێكیشیان له نهۆمی سه‌ره‌وه له ناو هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان چۆڵكردووه‌و ته‌رخانیان كردووه بۆ چاره‌سه‌ری به په‌له, موغه‌زیان بۆ هه‌ندێك نه‌خۆشی مه‌ترسیدار به‌ستاوه, كه هه‌موو وشكه‌وه بوبوون, ترساون ده‌رده‌كه بگوازرێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه, تیمێكی پزیشكی‌یان له سه‌ماوه‌وه هێناوه بۆ چاره‌سه‌ركردن, یه‌كێك له‌وان كه‌سێك بووه به ناوی سادات محه‌مه‌د سه‌رحان عه‌بدالموته‌لیب ... یاریده‌دری پزیشك خه‌ڵكی دومیاتی میسر بووه, له گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كان مامه‌ڵه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ی كردووه.
ده‌ستدرێژی سێكسی
یه‌كێك له‌و زیندانیانه‌ی كه كاری ئاشپه‌زخانه‌ی بۆ حه‌جاج و شه‌مخی ملازم ئه‌من و هاوه‌ڵانی كردووه, ژووری حه‌جاجیش له سه‌ره‌وه بووه, خۆی له ئه‌نفالكراوانی هه‌ڵه‌بجه بووه, ده‌ڵێت چه‌ند كچه گه‌نجێكی ئه‌نفاله‌كانیان جیاكردبوه‌وه, ده‌ستدرێژییان لێیان ده‌كرد, هه‌روه‌ها چه‌ند ژن و پیاوێكیان بۆ كاری سوخرا دانابوو بۆ خزمه‌تی خۆیان, خواردنیان پێ لێ ده‌نان و خزمه‌تی تایبه‌تی خۆیانیان پێ ده‌كردن. وێڕای ئه‌وه كاریان به منداڵه‌كانیش كردووه. هه‌روه‌ها زیندانییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه كچی سك پڕی بچووك له نگره سه‌لمان هه‌بووه.
مه‌راسیمه ئاینییه‌كان
حكومه‌ت له كاتی ره‌شبگیری ئه‌نفال, ده‌ستی نه پاراست له گرتنی پیاوانی ئاینی, بۆیه ژماره‌یه‌ك مه‌لا كه‌وتنه سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمانه‌وه, فه‌قێكانیش له تۆبزاوه‌و تكریته‌وه نێردران بۆ مه‌رگ, له هۆڵه‌كان مه‌لا هه‌بووه به‌یانیان بانگی داوه‌و پێش نوێژی بۆ زیندانییه‌كان به بێ ده‌ست نوێژ‌و به‌رماڵ كردووه, ته‌نانه‌ت نوێژی جه‌ژن و هه‌ینیشیان به جه‌ماعه‌ت كردووه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رماڵ و ئاویان بۆ ده‌ست نوێژ ده‌ست نه‌كه‌وتووه, بۆیه زۆربه‌ی جاره‌كان ته‌یه‌مومیان كردووه‌و نوێژیان له بان جل و به‌رگ و جه‌مه‌دانی و پشدێنه‌كانیان ئه‌نجام داوه, ته‌نانه‌ت له بۆنه ئاینییه‌كان له بری قوربانی هه‌ندێكیان له‌و برسێتی و نه‌بوونییه شه‌كرو برنجیان كردۆته خێر به‌سه‌ر زیندانییه‌كان دابه‌شیان كردووه.
مردن دێوه‌زمه‌كه‌ی نگره سه‌لمان
مردن دێوه‌زمه‌ی ئه‌نفالكراوان بوو له زیندانی نگره سه‌لمان, هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان كه ده‌گه‌نه زیندانه‌كه, ده‌گێڕننه‌وه ئه‌نفالكراوانان هه‌موو ره‌نگی مردوویان گرتبوو, دیمه‌نیان ترسناك بووه, هه‌موو پێستیان ژه‌نگاوی و وشك ببوه‌وه, نه‌خۆشی پێستیان گرتبوو, لاواز‌و لات, كه‌مخۆری و نه‌خۆشی و گڕه‌ی گه‌رما بڕستی لێ بڕیبوون, گه‌رمای ئه‌و بیابانه, مانه‌وه‌ی شه‌و رۆژله‌و هۆڵه گه‌رمانه بێ ئامێری فێنك كه‌ره‌وه‌و ئاو, نه‌بوونی كزه‌یه‌كی با وێرانی كردبوون, له به‌ر گه‌رما یه‌كپارچه هاوار و زریكه‌و گریان بوو له هۆڵه‌كان. له‌و زیندانه ترسناكه له ئاوده‌ست منداڵ بووه, ژن له‌سه‌ر منداڵ مردووه منداڵه‌كه ماوه.
هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ له په‌رتوكه‌كه‌یان ده‌نووسێت:" عه‌بدولقادر كارێكی زۆر باشی كردووه كه ژماره‌ی مردووه‌كانی تۆماركردووه و تا سه‌ره‌تای ئه‌یلوول كاتێ كه له به‌ندیخانه به‌ردرا، 517 قوربانیی بارودۆخی نامرۆڤانه‌ی نوگره سه‌لمانی ژمێره كردبوو" , له راستیدا زانیارییه‌كه به‌شێكی هه‌ڵه‌یه, سه‌ره‌تای ئه‌یلول هیچ زیندانییه‌ك له سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان به‌ر نه‌دراوه, له رێكه‌وتی 19-9 ه‌وه بڕیاری لێبوردنه‌كه له رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی عێراقی بڵاو كراوه‌ته‌وه, دوای ئه‌وه ده‌ست كراوه به به‌ردانی زیندانیان, ئه‌وانیش دوای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌كه هه‌فته‌یه‌ك بۆ زیاتریش له سه‌ماوه ماونه‌ته‌وه, هیچ كاروانێكیش له سه‌ماوه نه‌كوتونه‌ته یه‌ك, وه شه‌وێكی دیش له تۆبزاوه ماونه‌ته‌وه, واتا ئازادكردنییان یه‌كه‌م كاروانی ئه‌نفالكراوان له سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان كه‌وتۆته كۆتایی سه‌پته‌مبه‌ر و سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ره‌وه, زیاتر ئه‌گه‌ری مانگی ئۆكتۆبه‌ری هه‌یه.
هه‌روه‌ها شێخ عه‌بدالقادر زیندانی پرۆسه‌ی ئه‌نفالی چوار بووه, ئه‌وان نزیك مانگێك دوای ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان گه‌یشتونه‌ته ئه‌وێ, بۆیه ئاماره‌كه‌ی ئه‌و كه‌ماسی تێدایه.
شایه‌دحاڵێك دیكه ده‌ڵێت "فه‌قێ عه‌لی خه‌ڵكی گوندی چه‌وری یاداشتی 850 كه‌سی كردووه له نگره سه‌لمان مردوونه", یه‌كێكی دیكه شایه‌دحاڵی ناو نگره سه‌لمانه ژماره‌ی مردووه‌كان به 779 داوه‌ته قه‌ڵه‌م.
زیدانییه‌كی جه‌له‌مۆردی ده‌ڵێت: له نگره سه‌لمان رۆژێك به‌هۆی ئاوه‌وه 18 كه‌س مردن, فازڵ حه‌مه مه‌ولود جه‌له‌مۆرد و غه‌فور خه‌ڵكی گونده‌كه‌یان له‌و مردووانه بوونه, ده‌ڵێت كۆی گشتی تا ئیمه له‌وێ بووین 770 كه‌س مردن.
شایه‌دحاڵێكی دیكه ده‌ڵێت 355كه‌س له نگره سه‌لمان مردووه, یه‌كێك دی ده‌ڵێت 360 كه‌س, بۆیه ژماره‌یه‌ك دیاریكراو نییه, به‌لام هه‌ژمار كردنی مردووان ئاماركردنی قورس نییه, ده‌بوایا بكرابایا.
خۆشبه‌ختانه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ئاماری مردووه‌كانی خۆیان كردووه له زیندانی نگره سه‌لمان, ژماره‌یان 71 كه‌س بووه, 61یان ناویان زانراوه.
نه‌خۆشخانه‌ی نگره سه‌لمانیش لیستی ناوی 93 كه‌سی لابووه له مردووان, ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه یاداشتیانی كردووه, ته‌مه‌نیان له چوار مانگه‌وه بۆ 110 ساڵ بووه, 40 كه‌سیان ته‌نها له رێكه‌وتی 19-9-1988 مردوونه, ئه‌وانی دیكه‌ش مردووی 14 رۆژی جیای دیكه‌ن له 14-6-1988 بۆ 19-9-1988ه .
ناشتنی مردووه‌كان و مه‌راسیمی ئاینی
مردن له‌سه‌ره‌تای هێنانی زیندانییه‌كانه‌وه بۆ نگره سه‌لمان هه‌ر له رێگاوه هه‌بووه, به‌ڵام دوای هاتنی گه‌رما له كۆتایی مایسه‌وه بووه به دیارده, له گه‌ڵ هاتنی ژن و منداڵه‌كان له دووبزه‌وه زیادی كردووه, به هاتنی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی تیفۆید و گرانه‌تاو حومه ماڵتا و شه‌و كوێری یه‌كجاری چۆته سه‌ر.
مردنی ژنان له‌سه‌ر منداڵ بوون چه‌ندین جار هه‌بووه, به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری پزیشكییه‌وه, نموونه دانای بابا عه‌لی منداڵێك بوو, بیست رۆژ ژیا, دایكی به‌سه‌ر له دایك بوونی ئه‌وه‌وه مرد. كوشتن به لێدانیش نموونه‌ی زۆره له منداڵی به‌رباوه‌شه‌وه تا پیری به ته‌مه‌ن.
له نگره سه‌لمان مه‌راسیمی پرسه‌و شیوه‌نكردن بۆ مردووان قه‌ده‌غه بووه, كه شیوه‌نیان كردووه چونه‌ته گیانیان, كفن نه‌بووه سه‌ره‌تا, رزگار نه‌جمه‌دین ته‌مه‌ن 12 ساڵانه مردووه كه‌شیده‌ی حاجییه‌كیان لێ ئاڵاندووه له جیاتی كفن, زۆر جاران مردووه‌كان كه مردوونه به‌تانی و پارچه قوماشی مردووه‌كه‌یان لێیان ئاڵاندووه له بری كفنكردن.
بۆ مردوو شوشتن ئاویان له زیندانییه‌كان كۆكردۆته‌وه, به قوتی ئاوته‌ماته‌و ....دواتر كه شت فرۆشتن په‌یدا بووه, له دوای جه‌ژنی قوربانه‌وه, كفن په‌یدا بووه, ئیتر كفنێكی كه‌م بۆ زۆربه‌ی مردووه‌كان دابین كراوه, كفن فرۆشیش له‌ناو زیندانه‌كه په‌یدا بووه‌و هه‌ندێك له زیندانییه‌كانیش كفنیان كڕیووه‌و له به‌ریان كردووه, ئاماده بوونه بۆ مردن.
مردووه‌كان كفن ده‌كران و ده‌شۆردران, سوچێك له ناو سه‌ربازگه‌كه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ته‌رمی مردووه‌كان داندرابوو, هه‌فتانه ته‌نها شه‌مووان مردووه‌كانیان به عاره‌بانه‌یه‌كی بچووكی یه‌ك تایه‌یی ده‌بردرایه ده‌ره‌وه بۆ ناشتن, هه‌ر جاره‌ی چه‌ند ته‌رمێكیان ناوه‌ته بان یه‌كه‌وه, هه‌ندێكیش ده‌ڵێن رۆژانه بردراون.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌نفاله‌كان بێ هێز بوون, زۆر جار هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان مردووه‌كانیان ده‌نایه قه‌بر, ئه‌وان هه‌م تازه هاتبوون, هه‌م كوڕی گه‌نجیان له گه‌ڵدا بوو, وه پاره‌و خۆراك و شتومه‌كیانیشیان له گه‌ڵ خۆیان هێنابووه ناو زیندانه‌كه , كه‌متر برسێتی و نه‌خۆشی و گه‌رما په‌ی پێیان بردبوو.
زه‌وییه‌كه ره‌ق بوو ناتوانرا به ده‌ست زۆر قول بكرێت بۆ لێدانی گۆڕ, شاخی ره‌قه‌ن بووه, بۆیه سه‌گه‌كان دواتر ته‌رمه‌كانیان ده‌رده‌هێناو ده‌یان خوارد, دایك منداڵی خۆی ده‌بینی به ده‌م سه‌گه‌وه.
بۆیه دواتر هه‌فته‌ی جارێك شۆفه‌ڵ هاتووه له سه‌ماوه‌وه گۆڕه‌كانیان به قوڵایی نزیك مه‌تریك وه‌ك خه‌تێكی درێژ هه‌ڵكه‌ندووه, دوای ئه‌وه‌ی پڕ كراون له ته‌رم خۆڵی كردووه به بان مه‌یته‌كانا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌گه‌كان روفاته‌كان ده‌رنه‌هێنن, هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر داوای زیندانیان سه‌گه ره‌شه‌كه كوژراوه, ئه‌وجا شۆفه‌ڵه‌كان خه‌تێكی دیكه‌یان لێداوه بۆ گۆڕی نوێ, گۆڕستانی ئه‌نفالكراوان له رۆژهه‌ڵاتی سه‌ربازگه‌كه‌وه بوو به دووری چه‌ند سه‌ت مه‌ترێك له سه‌ربازگه‌كه‌وه, گۆڕه‌كان هیچ شوێنه‌وارێكی ده‌ستنیشان كراویان نه‌بووه تا له ئێستادا بناسرێنه‌وه.
هه‌رچه‌نده مه‌لای زیندانی هه‌بووه له نگره سه‌لمان, به‌لام رێگای ته‌ڵقین خوێندن و نوێژی مردوو خوێندن و پرسه نه‌دراوه, مه‌گه‌ر به نهێنی, ته‌نها چه‌ند كه‌سێك له گه‌ڵ مردووه‌كان چوونه بۆ ناشتنیان, به خێرایی گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
لێبوردنی گشتی
دوا نیوه‌ڕۆی رۆژی سێشه‌ممه رێكه‌وتی 6-9-1988 بڕیاری لێبوردنی گشتی به ژماره 736 ده‌رچوو, به‌ڵام بڕیاره‌كه نه‌چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه بۆ زیندانیانی نگره سه‌لمان تاكو له رۆژنامه‌ی وه‌قائعی عێراقی ژماره 3220 له رۆژی 19-9-1988 بڵاو نه‌كرایه‌وه, بۆیه له دیدار له گه‌ڵ زیندانییه‌كان هه‌موو باس له‌وه ده‌كه‌ن له رێكه‌وتی 20-9-1988 هه‌واڵی لێبووردنه گشتییه‌كه ده‌گاته ناو زیندان.
به‌رتیل دان بۆ به‌ربوون
له دوای رۆژی سێشه‌ممه 20 سه‌پته‌مبه‌ره‌وه, دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری لێبوردنی گشتی ژماره 736 چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه, هه‌فته‌ی كاروانێك له زیندانییه‌كان ئازادكراون, هه‌ر كاروانه‌ی 400 بۆ 500 كه‌س بوونه, بۆ پێشخستنی ناو بۆ ده‌رچوون ئه‌وانه‌ی پاره یان زێڕیان پێ بووه به‌رتیلیان داوه, به تایبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان وه‌زعیان باشتر بووه له ئه‌نفاله‌كان, زێڕ و پاره به‌خشراوه به حه‌جاج بۆ پێش خستنی كه‌سه‌كان.
یه‌كه‌مجار زیندانی ناو ئه‌و هۆڵانه‌ی له پێشه‌وه بوونه له گه‌ڵ كوێر و شه‌ل و نه‌خۆش و منداڵه نه‌خۆشه‌كانیان ئازاد كردووه.
بۆ كاروانی یه‌كه‌م به‌شێك زۆر له زیندانییه‌كان نه‌یان وێراوه ناوی خۆیان بنووسن بۆ ئازادكردن, ترساون له مه‌رگ به تایبه‌ت فڕێیان ده‌نه ده‌ریاوه, به پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێكی دیكه دڵیان خۆش بووه له نگره سه‌لمان بیان به‌ن ئه‌گه‌ر بۆ زینده به‌چاڵكردنیش بووبێت, هه‌رچه‌ندو پیاوانی به‌عس وتوویانه ده‌رده‌چن و ده‌چنه‌وه لای كوڕ‌و پیاوه‌كانتان, ئه‌وان خانوویان بۆتان ئاماده كردووه‌و چاوه‌ڕێی ئێوه‌یانه.
قادر سدیق هاووڵاتی ناوچه‌ی ئه‌نفالی یه‌ك, كه یه‌كه‌م كاروان به‌ر كه‌وتووه, به‌هۆی ئه‌وه‌ی له هۆڵه‌كانی پێشه‌وه بووه, ده‌ڵێت رێكه‌وته‌كه‌ی له 20-9-1988 بوو بردیانین بۆ ئازادكردن.
ئه‌نفالكراوان دووای بردنیان له سه‌ربازگه‌ی نگره سه‌لمان, دوو سێ رۆژ, به‌شێك هه‌فته‌یه‌ك, هه‌ندێكیش ده‌ڵێن دوو هه‌فته له ناو شاری سه‌ماوه ماونه‌ته‌وه, ئه‌و ماوه‌یه خواردنی باش و خۆشوشتنیان هه‌بووه, پشكنینی پزشكییان بۆ كراوه, له بازاڕیش نوێنه‌ره‌كانیان شتیان بۆیان كریووه, هه‌ر 100 كه‌س نوێنه‌رێكیان هه‌بووه, ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌واری ئه‌و مه‌رگه ساته به سیمایانه‌وه نه‌مێنێت, كه‌ڵكی بردنه‌وه‌یان بۆ ناو خه‌ڵك هه‌بێت.
هه‌موو رۆژێك كاروانی به‌ردان نه‌بووه, هه‌فتانه بووه یان زیاتر, هیچ كات دوو كاروان له شاری سه‌ماوه و سه‌رباگه‌ی تۆبزاوا تێكه‌ڵ نه‌بوونه‌و پێی ناچێت رۆژێكی دیاریكراو هه‌بووبێت بۆ ئازادكردن, یه‌كێك ده‌ڵێت 27-10 به‌ردراوین كه ده‌كاته رۆژی پێنج شه‌ممه, یه‌كی دیكه ده‌ڵێت 19-12 كه ده‌كاته دووشه‌ممه, یه‌كێكی دی وتی سێشه‌ممه 20-9-1988.
دووشه‌مه 19-12-1988 كاروانی پێش كۆتایی ده‌هێنرێنه ناو شاری سه‌ماوه, دوو هه‌فته له‌وێ ده‌مێننه‌وه, رۆژێكیش له رێگا‌و رۆژێكیش له سه‌ربازگه‌ی تۆبزاوه, كه‌واته به‌ربوونیان كه‌وتۆته سه‌ره‌تای ساڵی 1989, زیندانیان له‌سه‌ر ئه‌م زانیاریانه كۆك نین.
ئه‌گه‌ر له چوون بۆ نگره سه‌لمان منداڵ له دایك بووه, كه به‌ر بۆته‌وه هه‌ڵیان نه‌گرتۆته‌وه‌و له ڕێگا به‌جێیان هێشتووه, له ئازاد بوونیش له كاتی هاتنه‌وه له نگره سه‌لمان, پیاوێك له رێگا مردووه له ئۆتۆمۆبیله‌كه به‌ریان داوه‌ته‌وه, وتویانه له سه‌ر شاره‌وانییه بینێژن ئێمه نایبه‌ینه‌وه ئه‌وان ده‌ینێژن, له رێگای به‌ربوون ژماره‌یه‌كیان لێ مردووه, مردووش هه‌بووه, خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌نگی نه‌كردووه تا گه‌یشتۆته‌وه كوردستان له‌وێ رایگه‌یاندووه مردووه, بۆ ئه‌وه‌ی روفاته‌كه‌ی ببه‌نه‌وه.
چه‌ند كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه
ئاماركردنی گه‌ڕاوه‌كان و مردووه‌كان نگره سه‌لمان سانا بوو, ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بیكردبایا, وه‌ك به نافه‌رمی بڵاو كراوه‌ته‌وه به گشتی نزیك 6400 كه‌سیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه له ئه‌نفال رزگاریان بووه" له ئۆردوگاكانی عه‌ربه‌ت, كه‌لار, شۆڕش, باینجان نیشته‌جێكران" جگه له ئه‌نفالكراوانی بادینان, یاخود رزگاربووانی ناو مه‌ڵبه‌ندی لاوان له دوز" نزیك 2000 زیندانی تێدا بووه" و یان ته‌ق ته‌ق هه‌ندێك هه‌ڵاتوون یان به‌ر لێبوردن كه‌وتن "له دوزو ته‌قته‌ق هه‌ندێك جاش خه‌ڵكیان رزگار كردووه", یاخود ئه‌وانه‌ی له دووبز به‌ر لێبوردنه‌كه كه‌وتن.
هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان 1152 كه‌سیان نێردراوه بۆ نگره سه‌لمان, له‌و ژماره‌یه 71 یان له‌وێ مردوونه, ئه‌وی دیكه گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
گه‌ڕاوه‌كانی ئه‌نفال سێیه‌كیان پیاون و زیاتر له 80%یان ته‌مه‌نیان له 10 ساڵ كه‌متر یان له شه‌ست ساڵ زیاتر بووه, زیاتر 10%یان له نگره سه‌لمان گیانیان به‌ختكرد به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دان و كه‌مخۆراكی و نه‌خۆشییه‌وه.
حوسێن ره‌شید و سه‌دام حوسێن له‌كاتی دادگاییكردنیان باسی ئه‌وه‌یان كردووه, ئه‌م حه‌جاجه هه‌ر ناوی دووباره ده‌بێته‌وه, مه‌عقوله به‌م هه‌موو پاره و ئه‌م كات و ده‌سه‌ڵاته نه‌زانرا كێیه‌و نه‌دۆزرایه‌وه؟
مه‌عقوله به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ردوو سه‌ربازگه‌ی تۆبزاوه‌و نگره سه‌لمان نه‌دۆزرانه‌وه؟, پرسیاره‌كانیان له جێی خۆیه‌تی, مه‌عقوڵه نه‌تان دۆزینه‌وه؟.
سه‌رچاوه‌كان
1-جینۆساید له عێراقدا ..په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر كورد - هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ
2-هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانیش ئه‌نفالكران - گوڵاڵه‌ی گه‌رمیان - چاپخانه‌ی كارۆ 2024
3- جینۆسایدی باشووری كوردستان: پرۆسه‌ی ئه‌نفالی یه‌ك به نموونه 21-2-1988 - 19-3-1988
جه‌ماڵ مه‌جید فه‌ره‌ج
4-سی دی دۆسیه‌ی ئاماده‌كراوی ئه‌نفال له لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانه‌وه.
5-محكمه الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعده محامی ایاد كاكه‌یی
6-به‌رنامه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یی خۆم له‌وێ بووم , ته‌له‌فزیۆنی ئازادی,كه‌ناڵی گه‌رمیان
7-پێوانی پانی و درێژی سه‌ربازگه‌كه له لایه‌ن نووسه‌ری بواری جینۆساید دلێر كه‌ریم.
AM:10:05:07/05/2025
ئه‌م بابه‌ته 900
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی