مێژووی دانووستانە راستەوخۆكانی نیوان ئێران و ئەمریكا لە 46 ساڵی رابردوو
شوان عەباس بەدری
لە دوای سەركەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 و روخانی دەسەڵاتی محەمەد رەزا شای پەهلەوی، پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا گرژییەكی زۆری بە خۆوە بینی و تادواجار بە داگیركردن و دەستبەسەردا گرتنی باڵیوزخانەی ئەمریكا لە لایەن خوێندكارە تووندرەوەكانی زانكۆی تاران و دەستگیركردنی كارمەندە دیپلۆماتەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە، هەموو پەیوەندییەكی دیپلۆماسی و سەربازی و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات كۆتایی پێهات.
بەڵام سەڕەرای نەمانی پەیوەندییەكان ، هەردوو وڵات بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی رابردوو، ژمارەیەك دانیشتنی ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆیان بە مەبەستی بە دواداچوون بۆ پێشهات و رووداوەكان پێكەوە ئەنجامداوە و لە ماوەی ئەو 46 ساڵەشدا، هەر دوو وڵات چوار جار بەشێوەیەكی راستەخۆ پێكەوە دانوستانیان ئەنجامداوە.
یەكەمین دانووستانی راستەخۆی هەردوو وڵات لە ساڵی 1979 لە لایەن مەهدی بازرگان سەرۆك وەزیرانی كاتی ئێرانی دوای شۆڕش و زبینگنیۆ برزینسكی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لەو سەردەمە ئەنجامدرا.
لە دوای 28 ساڵێش، هەردوو وڵات دووبارە لە ساڵی 2007 دا بە سەرۆكایەتی حەسەن كازمی قومی باڵیۆزی ئێران لە عیراق و ڕایان كرۆكەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق لەبارەی دۆخی عیراقی دوای رووخانی سەدام كۆبوونەوە.
هەروەها لە ساڵی 2013دا، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئەو دەمەی ئێران و باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی راستەخۆدا باسیان لە چەند تەوەرێكی جیاواز كرد.
لە ساڵی 2014شدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران و جۆن كەیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كابینەكەی باراك ئۆباما پێكەوە كۆبوونەوە.
لە ئێستاشدا لەبەر پێشهات و ڕووداوە خێراكانی ناوچەكە و جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵا لەلایەك و هێرشی حوسییەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور و كەنداوی عەدەن لە یەمەن و دۆسییە ئەتۆمییەكەی ئێران و ملیشیاکانی سەر بە ئێران لە عیراق، وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێكەوە بە شێوەیەكی راستەخۆ لە مەسقەتی پایەتەختی عومان کۆدەبنەوە و شارەزایانی سیاسەتیش، ئەم دانووستانە بە دانوستانیكی یەكلاكەرەوە بۆ مانەوە یان روخانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەزانن.
AM:11:30:12/04/2025
ئهم بابهته 780
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی