لاوازەکان لە جیهانی هێزدا: ئایا دەربازبوون هەیە؟

‌د. سەڵاح عەزیز

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، پرسیارلە سەرکردەی کۆچکردووی هیندستان ئەندیرا غاندی کرا کە رای لەبارەی جیهانەوە چییە کاتێک شەڕی دوو زلهێزەکەی یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا دەبینێت، ئەویش وەڵامێکی دایەوە کە تا ئەمڕۆ لە مێشکمدا ماوەتەوە: "کاتێک دوو فیل شەڕ یان زاووزێ دەکەن، گژوگیاکانی ژێر پێیان لەناودەچن" ئەگەر جەنگی ساردی نێوان ئەو دوو سەربازگەیە دەیان ملیۆن قوربانی بەجێهێشت لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە تا ئەمریکای باشوور، ئەی سەبارەت قوربانیانی "زاووزێ" یان هاوپەیمانییە ستراتیژییەکانی نێوان زلهێزەکانی ئەمڕۆ چی، بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی ئامرازەکانی وێرانکردن وکوشتن بە دەیان جار بەراوورد بە سەردەمی جەنگی سارد؟ بەڕاستی جیهانێکی ترسناکە کە "مافی هێز" چارەنووسی خەڵکە لاوازەکان بەڕێوە دەبات.

بزووتنەوەی بێ لایەن ساڵی ١٩٥٥ بە دەستپێشخەری سەرکردەکانی وەک جەوهەر لال نەهرۆ (هیندستان)، وجەمال عەبدولناسر (میسر) وجۆزێف تیتۆ (یوغسلاڤیا) دامەزرا ،وەک هاوپەیمانێتییەکی سەربەخۆ لە هەردووسەربازگەی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا ورۆژهەڵات بە سەرکردایەتی یەکێتی سۆڤیەت. بزووتنەوەکە سەرکەوتوو بوو لە ڕاکێشانی زیاتر لە ١٢٠ ووڵات وەک ئەندامان و چاودێران. بەڵام لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکان و گەندەڵی کارگێڕییەوە لاوازی رۆچووە ناو جەستەی یەکێتی سۆڤیەتەوە، لەکاتێکدا ئەمریکا شانازی بە سەرکەوتنی تەکنەلۆژیا وگەشەی ئابوورییەوە دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەندە هەردوولا لە ترسی لەناوچوونی یەکتر خۆیان بەدوورگرت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی و پەنایان بردە بەر "جەنگی بەوەکالەت " لە ئاسیا، ئەفریقیا و ئەمریکای لاتینی، و سوودیان لە دروشمەکانی وەک سۆسیالیزم و نەتەوەیی و دیموکراسی وەرگرت.

لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا ساڵی ١٩٨٢، کە ئەو کات فێرخوازی ماستەر بووم لە زانکۆی ئیندیانا، بە بایەخەوە بەدواداچوونم بۆ ووتارەکانی ئەندیرا غاندی کرد، کە لە دڵی پایتەختی ئەمریکا نوێنەرایەتی دەنگی راستگۆی جیهانی سێیەم دەکرد . لە چاوپێکەوتنێکدا، جیهانی شوبهاند بە " ژوورێکی پڕ لە بەنزین ،کە دوو کەس پیایدا دەڕۆن وهەریەکەیان دەنکە شقارتەیان هەڵگرتووە ، ترس لەوەدایە کە پریشکێکی بکەوێت وهەموو ژوورەکە بسووتێت". هەروەها ووڵاتانی جیهانی سێیەمی بەراوورد کرد "بەو گژوگیایانەی کە لە ژێر پێی فیلەکاندا لەناودەچن گەر شەڕ یان زاووزێ بکەن" .بە هەموو مانای ووشەکە دیدێکی پەیامبەرانە بوو.

لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ووڵاتانی جیهان ناڵاندیان بە دەرئەنجامەکانی ململانێی نێوان سەربازگەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە. لە ئەوروپادا، ووڵاتان بە زۆرەملێ لە نێوان ئەو دوو سەربازگەدا دابەشکران ، ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کەوتنە ژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت، لە کاتێکدا ووڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا چوونە ناو سەربازگەی ئەمەریکاوە. بەڵام لە ئەفریقیا، وئاسیا و ئەمریکای لاتین، ئەم ناوچانە گۆڕان بە گۆڕەپانی شەڕی بەوەکالەت ،بەشێوەیەک ئەنغۆلا، مۆزەمبیق، نیکاراغوا و ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕی خوێناوییان بەخۆوە بینی کە تەنها ئامرازێک بوون لە ململانێی هێزە گەورەکان لەسەر دەسەڵات.

بەڵام لەمڕۆدا، وپاش سێ دەیە لە هەژموونی تاکلایەنەی ئەمەریکا، سستەمی جیهان گۆڕانێکی ڕیشەیی بەخۆوە دەبینێت. لە لایەکەوە، ڕووسیا بە داگیرکردنی ئۆکرانیا ئامادەیی نێودەوڵەتی خۆی دووپات کردەوە، لەلایەکی تریشەوە کێبڕکێی چین لە بوارەکانی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا رووی لەزیادبوون کرد. وەلەژێر سێبەری داواکارییەکان بۆ سستەمێکی جیهانی فرە جەمسەر، پرسیارێکی چارەنووسساز دێتە ئاراوە: ئایا ئەم سستمە دادپەروەرانەتر دەبێت؟

بەداخەوە، ڕاستییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هەر نزیکبوونەوەیەکی ئەمەریکا - ڕوسیا (یان دواتر چین) لەسەر حسابی گەلانی لاواز دەبێت. قوربانییەکانی  ئۆکرانیا و فەلەستین لەمڕۆدا تەنها نموونەن لەم ئاڕاستەیەدا. هەروەها ووڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا خۆیان بە ناچار دەبینن بۆ گۆڕینی سەرچاوەکانیان لە پەرەپێدانی زانستییەوە بۆ چەکی سەربازی. بەو شێوەیە، هەر "زاووزێیەک" ی نێوان زلهێزەکان، وەک غاندی پێش چوار دەیە لەمەوبەر هۆشداریدا، دەوڵەتە لاوازەکان زیاتر پەراوێز دەخات و هەڕەشە لە سەربەخۆییان دەکات.

لە ناوەڕاستی ئەم ململانێ جیهانییەدا، پرسیارێکی چارەنووسساز دێتە کایەوە: ئایا ووڵاتانی جیهانی سێیەم دەبێت تەنها بە "گژوگیا" بمێنێتەوە لە ژێر پێی فیلەکاندا؟ وەڵامەکە لە هەڵبژاردە ستراتیجییەکانی ئەم ووڵاتانەدا خۆی دەبینێتەوە. لەجیاتی چاوەڕوانیکردنی دادپەروەرییەک کە لە سیستەمێکی ژێر دەسەڵاتی زلهێزەکانەوە نایەت ،یان تێوەگلان لە ململانێکان بەوەکالەت کە سەرچاوەکانیان بەکاردەهێنێت، پێویستە لەسەر ئەم ووڵاتانە کە وەبەرهێنان بکەن لە بونیادنانی تواناکانی خۆیاندا، وەک پەروەردە و توێژینەوەی زانستی وەک بنەمایەک بۆ سەروەری تەکنەلۆژیا؛ ئابووری بەرهەمهێنان لە جیاتی پشتبەستن بە هاوردە و قەرزەکان؛ یەکێتی هەرێمی بۆ بەهێزکردنی توانای دانوستانی بەکۆمەڵ؛ و دیپلۆماسی زیرەکانە کە خۆی لە هاوئاهەنگی لە ململانێی بێسووددا بەدوور بگرێت. وەک ئەندێرا غاندی رۆژێک ووتی، "هێزی ڕاستەقینە لە لایەنگری بەهێزەکانەوە بەدی نایەت، بەڵکو لە بونیادنانی خودەوە دێت بۆ ئەوەی کەسانیتر ناچاربن بە ڕێزەوە مامەڵەت لەگەڵدا بکەن" . جیهان بەزەیی بە لاوازەکان نایەت ، بەڵام ناچارە ڕێز لەو کەسانە بگرێت کە ئیرادەی پشتبەستنیان بە خۆیان هەیە.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: 
کنێر عەبدوڵا


PM:09:35:11/04/2025

ئه‌م بابه‌ته 940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی