مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵەیەکی هەڵکەوتوی نێو ژانەکانی گەل بوو
بارزان شيخ عوسمان
ئەمڕۆ هەشتی ئاپریل/نیسان ،بیست و پێنج ساڵە رابەر و سەرکردە و روناکبیری بلیمەت، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد مێژویەکی پڕ لە سەروەریی جێهێشتوە بۆ گەل و کوردستانەکەی.
راستە مامۆستای مەزن بیست و پێنج ساڵە بە جەستە لە نێوماندا نییە ،بەڵام گەنجینە بە نرخ و دەوڵەمەندە فیکریی ، سیاسیی، ئەدەبیی و قانونییەکانی هەمیشە لە هزری رۆڵەکانی گەلەکەیدایە.
مامۆستای مەزن ناوبانگە پایەدارەکەی لە ئەنجامی ئەو خەبات و تێکۆشانە نەبڕاوەیەیدا رەگی داکوتاوە کە لە هەڕەتی جەوانییەوە خۆی بۆ تەرخانکرد تا دواماڵئاوایش درێژەی پێدا، ئیبراهیم ئەحمەد لە هەلومەرجێکدا شانی بەردایە بەر خەبات کە گەل و نەتەوەکەی لە ژان و ئازار و بەش مەینەتییەکی ئاڵۆزدا بو ، ئەویش کە رێبواری نێو ئەو دژوارییە بو ، لە نێو تولە رێ و لێورەوار و تەنگەکاندا شارەزاییەکی پڕ ئەزمونی وەرگرت لە دۆزینەوەی رێگای راست و بووە رابەرێکی گەورە بۆ شاڕێی خەبات بەرەو سەرکەوتن.
لە نێو کوێرەوەرییەکان، لەو ساتانەی کە رۆژگارەکانی ئەنگوستە چاو بون ،مامۆستا برایم ئەحمەد، رێگاکەی هەر بە روناکیی دەبینی و گەلەکەی بە گیانی نوچ نەدان هان دەدا لە سەختی رێگا نەترسن و لە سامی تاریکیی سڵ نەکەنەوە، بەڕێزیان کە قاڵبوی شێوازەکانی خەبات بوو، رێکخەر و بەشدارێکی کارای خۆپیشاندانە ئاشتیخوازییە جەماوەرییەکەی شەشی ئەیلولی ١٩٣٠ ی شاری سلێمانی بوو، کە هێزەکانی رژێمی ئەو کاتە بە گوللە وەڵامی داواکاریی رەوای کۆمەڵانی خەڵکیان دایەوە، ئەوەش یەکەمین شێوازی خەباتی شار و جەماوەریی بوو کە سەرکردەی مەزن کاك نەوشیروان ی خوێندکاری خوێندنگەکەی مامۆستا برایم ئەحمەد بە سەردەمی قەڵەم و موراجەعات ناوی بردوە.
ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان، دە ساڵی تەواو لەرێی گۆڤاری گەلاوێژەوە تەواوی تواناکانی خۆی تەرخانکرد بۆ رۆشنبیرکردنی رۆڵەکانی وڵات تا خەبات بە چەکی هوشیاریی سیاسیی و روناکبیریی بکات.
ئەم رابەرە مەزنەی گەلەکەمان کە موڵکی نەتەوەیی کوردە دور لە هەمو ئایدۆلۆژیایەك ، خەباتی چڕ کردوەتەوە بۆ سەرخستنی مافی رەوای کورد لە هەر بەشێك بێت .لەو روەشەوە هەمیشە هەوڵی داوە کە لە نوسینە سیاسیی ،ئەدەبیی و روناکبیرییەکانیدا ماناو و واتایەکی مرۆڤ دۆستانە بدات بە خەباتی کوردایەتی ، دور لەو تۆمەتانەی کە شۆڤێنییەکان دەیدەنە پاڵ کورد ،هەوڵیشی داوە کە نەتەوەی سەردەست هێندە باغر نەبێت بەوەی کورد دەچەوسێنێتەوە.
نامیلکەی العرب و الاکراد چاپی ١٩٣٧ کە سەرچاوەیەکی زۆر بەهادارە و بۆ ئەم سەردەمەشمان نرخ و بەهای مەزنی هەیە و بەناوی دەستەیەك لە جەوانانی کورد بڵاوکراوەتەوە ، لە نوسینی ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی کوردە ، تیایدا نەخشەیەکی رێگای زۆر تۆکمە و زانستیی داڕشتوە ، بۆ پێکەوە ژیانی کورد و عەرەب لە عێراق و بەشەکانی تریشدا .
وەك سەرۆك مامجەلالی مەزن لە پێشەکی چاپی دوەمی کتێبەکەدا دەفەرموێت "ئەم کتێبە بەڵگە نامەیەکی مێژویی گرنگە بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ کورد و خەبایە رزگاریخوازە کەی ،چونکە ئەو راستییە دەخاتە رو کە پێشکەوتنخوازانی کورد پەی دەبەن بەوەی کە پەیوەندییەکی دێرینی خەبات کورد و عەرەب پێکەوە دەبەستێت ، ئەوەش بنەمایەکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەی دیموکراتیکی رزگاریخوازی کورد و گەیشتن بە مافە رەواکانی ، بەڵگە نامەیەکی گرنگە چونکە هێڵە گشتییەکانی خەباتی هاوبەشی رونکردوەتەوە ،ئەو راستیەشی بەرجەستە کردوە کە کورد ئاما().
مامۆستا برایم ئەحمەد وەك چۆن لە نوسینە سیاسییەکاندا هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی چینی کرێکار و جوتیاران بوە و خانەکانی خوارەوەی کوردەواریی کردوەتە ئیلهامی نوسینە بە پێزەکانی بۆ خستنە روی ویست داوا رەواکانی گەلەکەی ، لە بەرهەم و شاکارە ئەدەبییەکانیشیدا هەر ئەوانن پاڵەوانی چیرۆك و شیعرەکانی ،هانی داون بۆ بەردەوامیی خەبات و کۆڵنەدان چونکە دوا رۆژ و ئایندە بۆ ئەوانە نەك چەوسێنەرەکان .
ئێستاش بەرهەمەکانی ئەم رابەرە روناکبیرە خۆنەویستە نرخ و بەهای گەورەیان هەیە بۆ خەبات و داواکارییە رەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەر بەشێکدا بن، راستە بیرو تێزە کانی مامۆستا برایم ئەحمەد بۆ رزگار بونی نەتەوەکەی بە ئامانجی سەربەخۆییە ،بەڵام ئەوە رێگر نەبوە لەوەی داوای پێکەوە ژیانی بە ئاشتیی و ئارەزومەندانەی کورد بکات لەو بەشانەی بەسەریدا دابەشکراوە.
مامۆستای مەزن وەك لە شیعری (هەر کورد دەبین )دا راستیی و واقیعی بارودۆخەکەی خستوەتە رو ،هەمیشە وەك سیمبولێکی ئاشتیخوازی نەتەوەیی و جەماهیریی ، پێداگر لەسەر پێویستیی و حەتمەیەتی شاد بونی کورد بە مافی رەوای ئازادیی و دیموکراسیی دەمێنێتەوە.
درود و نەمریی بۆ ئەم رابەرە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان کە تەواوی تەمەنی بەخشی بۆ ئەوەی نەتەوەکەی بە سەرفرازیی بژیت.
AM:09:57:08/04/2025
ئهم بابهته 460
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی