سەرنجێک؛ بۆ ئەوەی بزانیت سەڵاحەددینی ئەیوبیی حەقیر بووە یان سوارچاک
یاسین عومەر
بۆ ئەوەی بزانیت سەڵاحەددینی ئەییوبیی حەقیر بووە یان سوارچاک؛ دەبێت زۆر خۆت ماندوو بکەیت، چونکە سەڵاحەدین وێنەیەکە نزیکەی تەم و غوبار و خۆڵ و قووڕ و بەرد و ئاو و گیا و قەوزەی ٩٠٠ ساڵەی مێژووی لەسەر نیشتووە، جا لە بنی دەریای ناوەڕاستی قووڵ و بەتەوژمیشدایە.
بۆ ئەوەی بزانیت ئەم پیاوە چ مەعدەنێکە؛ دەبێت مەلەوانێکی شارەزا و بەجەرگ و پشوودرێژ بیت، خوێندنەوەی دوو وتار و سێ توێژینەوە و چوار کتێب هیچ دادت نادەن..
ڕاستییەکەی سەڵاحەدین وەکو هەر مرۆڤێک؛ کاری مەزن و گرنگ و مرۆڤانەی زۆری هەبوون، لە هەمانکاتدا کاری ناشرین و بەد و نزمیشی هەبوون. لەوکاتەی بەرانبەر خاچپەروەرانی دڕ و دوژمن لەوپەڕی میهرەبانییدایە، کەچی بەرانبەر برا دینییە فاتیمییەکانی توند و ناشرین و دزێوە، لەو دەمەی پڕە لە ڕۆحی جەنگاوەرێکی مەزن و ڕۆحبڵند و خەمخۆر، بە جۆرێک (بە گێڕانەوەی ئەمین مەعلووف) لە کتێبی (الحروب الصليبية كما رآها المؤرخون العرب-١٩٨٩)؛ کاتێک دایکێک بە شین و شەپۆڕەوە هانای بۆ دەبات بۆ دۆزینەوەی کیژە ڕفێندراوەکەی لەلایەن سوپاکەیەوە؛ شەوێک نەخەوتووە هەتا کچەکەی نەدۆزیوەتەوە، ئەو جوامێرەی کە تەنانەت لەگەڵ حەششاشەکانیش جۆرێک لە چاوپۆشیی و لێبوردەیی هەبوو، سەرباری ئەوەی سێجار هەوڵی تیرۆرکردنیان دا؛ بەڵام یەک لەسەر هەزاری هەموو خەمخۆریی و لێبوردەیی و ڕۆحبڵندییەکەی لە هەمبەر شێخی هەموو سۆفییان و سەردەستەی عاریفانی کورد (شێخی سوورەبەردی) سوودێکی نەبوو و بە فیتی فەقێ شافعییە مێشکژەنگرتووەکانی خزم و خوێشی ئەو چرا ڕۆشنەی هەموو سەردەمەکانی بە مەرگێکی زاڵمانە لەبەین برد.
بە هزرێکی کراوە و حەقیقەتدۆستانە، بە فڕێدانی هەموو پێشداوەرییەکان مێژوویەکی زۆر بخوێنەوە، ئەوسا بۆت دەردەکەوێت هەر بە ڕاستیی سەڵاحەدین کێ بووە، نەک هەر سەڵاحەددین، بگرە هەر فیگەرێکی مێژوویی دیکەش کە دەتەوێت.
هەر بۆیە تەحقیر و تەقدیسی سەڵاحەددین هەردووکیان ئەگەر بەرەنجامی پەیجووریی ورد و پشوودرێژانە و سەنگین نەبن، بەهایان نییە.
ئینجا مێژوو خۆی تەڵە و قۆرت و کەندەڵانە، بە وتەی جولیان بارنز، لە ڕۆمانی هەستی بەپایانگەیشتن «The sense of an Ending»ـدا:
«مێژوو یەقینێکە لەو خاڵەدا درووست دەبێت کە عەیب و عارەکانی زاکیرە لەگەڵ نەبوونی بەڵگەی پێویست بە یەک دەگەن».
هەر بۆیە بەرانبەر ئەوانەی تەقحیر یان تەقدیس دەکەن سارد و بێهەست و پاسیڤ بە، خۆت بگەڕێ بزانە ئەو کەسایەتییە هەر بە ڕاست، حەقیرە یان پیرۆز، بێگومان هەڵوێستی هەمیشە ڕاستیش بریتییە لە تێکەڵەی هەردووکیان، مادام باسی بوونەوەرێک دەکەین کە ناوی مرۆڤە، شتێک لەمابەینی ئاژەڵ و فریشتەدا.
AM:08:36:08/04/2025
ئهم بابهته 1864
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی