وێنە یاداشت.. وێنەی سێ یەم: ئاڵای کوردستان لەنەورۆزی کەرکوک

‌بەختیار شاوەیس

نیوەرۆیەکی درەنگ، بەرلەوادەی کردنەوەی ئاگرەکە گەشتینە کەرکوک. کۆتارۆژی زستان و سەرەتای بەهارێکی جوان و پرلەسەوزایی بوو، ئاخر ئەو ساڵە کەمەبەستم ساڵی ٢٠١٩ یە،  بەهۆی زۆری باران بارینەوە تەواوی کانیاوەکان تەقیبوەن، سەدەکان لێیان دەرژا، دەریاچەکان توانای ڕاگرتنی ئەو هەموو ئاوەیان نەبوو، بیل ماوسەکەی دووکانیش سەر رێژ بوو بوو ، رۆژانە خەڵکيکی زۆر لەناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە بۆدیتنی ئەو دیمەنە دڵڕفێنە و گرتنی وێنەی یادگاری سەردانیان دەکرد.

لەوێنەکەوە: ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقین جگەلەنوێنەرانی خودی کەرکوک.

بەشێکی زۆرمان لەسلێمانی و هەولێرەوە رۆشتین و لەبارەگای کۆمیتەی پێنج ی ئیمام قاسم ، لەبەردەم فولکەی ئیخوان بەرامبەر قەڵا یەکمانگرت بەمەبەستی بەشداریکردن لەکردنەوەی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکوک وە هەڵکردنی ئاڵایەکی قەبارە گەورەی کوررستان بەپۆشینی ملپێچی ئاڵای کوردستان. لەیادمە لەکاتی کردنەوەی ئاگرەکە بەدەم وتنەوەی  سرودی ئەی رەقیب ئاڵا بەرزکرایەوە. لەولایشەوە ئامادەبوونی رێژەیەکی زۆر لەچین و توێژەکانی خەڵکی شارەکە و جۆش و خرۆشی هاوڵاتیان بەجل و بەرگی رەسەنی کوردی هێندەی دیکە جوانی و مانای زیاتری دەدا بەرۆژەکە.

سەردانی ئێمە ، زیاد لەهەرشتێک مەغزای سیاسی هەبوو، چونکە لەوکاتەدا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەستکەوتێکی گەورەی نەتەوەیی بوو، وە ئەوەیش بەوەرگرتنی موافەقەتی پارێزگاری بەوەکالەت راکان جبووری کرابوو تەنها بۆ چەند کاتژمێرێک لەو ئێوارەیەدا. 

مەغزا سیاسیەکەیشی لەوەدا خۆی دەبینیەوە کە ماوەیەک پێشتر رووداوی  ناخۆش سەبارەت بەئاڵای کوردستان روویدابوو، چەند جارێک خۆپیشاندان و گردبوونەوەی نارەزایەتی لەلایەن هاوڵاتیانی کوردەوە دژی مامەڵەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆن و سوپای عیراق ئەنجامدرابوو، بۆ نەگبەتی کوردیش پارتی وەک لەهەولێرەوە رێگەی نەدەدا کە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای لیستەکەی خۆی بگەرێنەوە شارەکە و هەڵبژاردن بکەن بۆدانانی پارێزگارێکی کورد، لەهەمانکاتدا ئەم مەسەلەی هەڵنەکردنی ئاڵایەی کردبوە خاڵی لاوازی یەکێتیی و استفزازی ئەندامانی یەکێتیان دەکرد. هەربۆیە ئامادەبوونی ئێمە وەک پەرلەمانتارانی عیراق بۆ پشتیوانی لەئاڵا و شکاندنی ئەو ترس و نەنگیە بوو کەلێرەو لەوێ لەسەر ئەوبابەتە لای هەندێک دروست بوو. ئاخر هەمووی دوو مانگ پێشتر ئێمە (رێبوار تەها، جەمال شوکر، بێستون زەنگەنە ، مەریوان نادر، ئەڵماس فازڵ، بەندە لەگەڵ دوو پارێزەری خەڵکی کەرکوک) لەدادگای باڵای ئیتحادی دەعوامان بەرزکردبویەوە دژی راکان جبووری و بریارە نادەستووریەکانی و نەهێشتنی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان. 

لەم روانگەوە هەر لەپەیوەندیدا بەم مەسەلەوە ، ئەگەر کەمێک تیشک بخەینە سەر ئەوێ رۆژگار، ئەوا دۆخی کەرکوک شلۆق و ناساز بوو ، هەروەک لەدیدێکی ترەوە لەبەردەم راچەنینی هاتنەوە سەرپێی خۆی بوو.

شلۆق و ناساز بوو بەوپێیەی رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەری بەسەر هاتبوو واتە بەشێوەیەکی فعلی لەدوای سیانزە ساڵ ، دەسەڵاتی کورد لەو شارە توشی ئیفلیجی بوو بوو، پارێزگارە کوردەکەی پشکی یەکێتیی بۆ هەولێر ! سەری خۆی هەڵگرتبوو نەئەهاتەوە بۆ سلێمانی. 
لای پارتی کوردایەتی ئەوەبوو کە بچیتە هەولێر نیشتەجێ بیت، لای یەکێتییش لەمانەوەی شارەکەدا دەبینرا. لەولایشەوە پارێزگارێکی بەوەکالەتی عەرەبی عەقڵ شۆڤینی نانی کەوتبوە رۆنەوە و ئەوەی کەخوا پێی ناخۆشە بەخەڵکی کوردیان دەکرد. ئەم پارێزگارە خۆسەپێنە بەقۆستنەوەی  ئەو دەرفەتەی کەلەگەڵ هاوئاوازەکانی لەبەغداد بۆی رەخسابوو لەماوەیەکی کورت قەرەبووی بەشێک لەساڵانی رابردووی بۆ عەرەب بەگشتی و ناوچەکانی حەویجە و ریاز بەتایبەتی کردەوە. هەربۆیە هێندەی نەبرد لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ساڵی ٢٠١٨ پاداشتی ئەمەی وەرگرت و بەدەنگێکی زۆر زیاتر جێگەی کورسیەکەی لەپارێزگا قایمکرد. 

لەولایشەوە تورکمان بەتایبەتی لەرێگەی بەرەی تورکمانیەوە پشتیوانی هەنگاوەکانی راکانیان دەکرد ، بەردەوام دووپاتیان دەکردەوە کە پرۆسەی سەپاندنی یاسا کەمەبەستیان شانزەی ئۆکتۆبەر و کۆنترۆڵکردنەوەی ٪٥٠ خاکی کوردستان بوو ، رۆژێکی ميژوویەو بەهیچ شێوەیەک نابێت پێشمەرگە بگەرێتەوە و ئاسایشی حیزبی کوردی دەسەڵاتی هەبێت.

بەئێستاشەوە دەڵێم: شانزەی ئۆکتۆبەر کە دەرەنجامی ریفراندۆم بوو، توندترین گورزی دوای رووخانی رژێمی سەدام بوو کەبەر کورد کەوت. سەرباری لەدەستدانی نیوەی خاک، هەیمەنەی سوپای عیراقی دروستکردەوە لەسەرمان، ماددەی ١٤٠ ی دەستووری بەفعلی کردە خەونی بەدینەهاتوو، گەرانەوەی کەرکوک و ناوچەکانی هاوشێوەی بۆ سەر نەخشەی هەرێمی کوردستان بەتەواوی لەباربرد. لایەنە رکابەرەکانی کورد واتە تورکمان و عەرەب زیاد لەیەک نزیکخستەوە و تارادەیەک رێکی خستن. 

لایەنە ئیقلیمیەکان کەهەمیشە چاویان لەسەر کەرکوکە و دژی کوردن ، سازانە مێژوویە دیفاکتۆکەیان بۆ پەرتکردنی کورد و لێدان لەهەر هەوڵێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان زیاتر ئەو سازانە پەرەی سەندەوە. درزی قوڵی خستە نێوان پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتیی بەچەشنێک جگە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و کاردانەوەی نەرێنی یەکهەڵوێستیەکانیان بەبەغدادەوە ، بەڵکو ئاسەوارەکانی ئەم لێکترازانە دوای شەش ساڵ نەک هەر سارێژ نەبوە بەڵکو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کراوە، پارێزگارێکی کورد لەپشکی یەکێتیی بەبێ دەنگی پارتی بۆ شارەکە هەڵبژێرراوەکە ئەمەش بەراستی عەیبەیەکی گەورەیە. عەیبەکەیش لەکوێ؟ لەکەرکوک. لەکام کەرکوک؟ لەدڵ و قودسی کوردستان !

د. بەختیارشاوەیس


PM:12:49:27/03/2025

ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی