کورد لە کوێی گرژییەکانی نێوان عوسمانی نوێ و کەمالیستەکاندایە
رێبین عومەر
ئاراستەی ململانێکان، تورکیا بەرەو دۆخی تەنگەژەی ناوخۆیی دەبات.
شەڕی راستەقینەی عوسمانی نوێ و کەمالیستەکان لەسەر کورسی سەرۆک کۆمارو گۆڕینی ریشەیی دەستورە؛ رەجەب تەیب ئەردۆگان باش تێدەگات ئەوەی ئەستەنبوڵ بباتەوە لە هەموو تورکیادا براوەی یەکەمە و خۆشی باش ئەزموونی کردووە کە لەشارەوانییەوە چۆن گەیشتۆتە دەسەڵات و ئێستا خەریکی خۆبە سیمبولکردنەو دەیەوێ کۆتایی بە هەژموونی کەمالییەکان بهێنێت.
سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئیمام ئۆغڵۆ بەربەستی بەردەم ئەردۆگانە گەنجەو لێوەشاوەیەو چاوی لە کورسییەکەی ئەردۆگانە. هەربەوهۆکارەش لە پۆست و پلەوپایە داماڵراو کەوتە سوچی زیندانەوەو بەم زوانەش قەیووم لەجێگەکەی دادەنرێت .
لە تورکیا فیلمی کردنەوەی دۆسییەی تیرۆر زۆرە ئەوەی لەدەسەڵاتبێت دەتوانێت بەدڵی خۆی دۆسییە دژی نەیارەکانی بجوڵێنێت و زیندانی بکات.
ئەردۆگان گەیشتۆتە قۆناغێک کە بەرگەی رەخنەگرتن ناگرێت و خۆشی بەخاوەنی تورکیا دەزانێت. ویستی ئەردۆگان تەنها مانەوەیە لەدەسەڵات و دەیەوێ وەک ئەتاتورکی دووەم بمرێت و خەریکی بەسیمبولکردنی خۆیەتی؛ تا ئەندازەیەکی زۆریش لەو پلانەی سەرکەوتوبووە.
کرانەوە بەڕووی کورد دا…ئەردۆگان چاوی لە پێگەی جەماوەری کوردە؛ بۆمانەوەی لەدەسەڵات دەبێت نموونەیەکی جیاواز پێشکەشبکات؛ لەنەورۆزی ئەستەنبوڵ ئەوە باش دەرکەوت کە تەوژمی نوێی ئەردۆگان لەگەڵ دەستشلکردنە لەگەڵ کورد دا؛ پرۆسەی ئاشتیشی لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەستپیکردووە.
بۆ کورد گرنگە لەم قۆناغەی تورکیای تێکەوتووە
لەو گرژیانەی لەنێوان ئەکەپە و جەهەپە دروستبوون؛ واخەریکە سەردەکێشێت.
گرنگە کورد وەک هێزێکی رێکخراو تەرەفداری لەو کێشانە نەکات و سەربەخۆیی خۆی بپاریزێت .
بەتایبەت کە لە ئێستادا دۆسییەی ئاشتی و دیالۆگی بونیادنەرانە هەیە و دەوڵەت دەستی نەرم و شلترە لە جاران.
رێگەی ئاشتی بۆ کورد باشترو واڵاترە.
ئەوەی گرنگە پاڵپشتییەکان بۆ ئاشتی زیاتربن و کورد لە چوارچێوەی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان وابەستەی دیالۆگبێت؛ بۆ ئەوەی شتێک بەشتێک بکرێت . هەرچەندە گومانی زۆر لەسەر دیالۆگی ئاشتی هەیە..؟!
بەڵام لە کۆتایدا ئاشتی چەندە رێگەی دوربێت باشترە لە شەڕو خوێنڕشتن و کاولکاری.
PM:05:26:25/03/2025
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی