لە بارەی رووماڵکردنی روداوی کوشتن و تووندوتیژی
ئاڤان جاف
-سەرەتایی کاری میدیاییم لە دەزگا و دامەزراوەی تایبەت بە پرسی ژن بووە، بۆ هەریەک لە گۆڤاری وارڤین& رێوان بووە، کە زیاتر تایبەتمەندانە کاریان بۆ پرسی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژن کردووە، دەتوانم بڵێم ٢٠ ساڵ بۆ ١٥ ساڵ بەر لە ئێستا بوو، بەرپرسی بەشی فایلی کۆمەڵایەتی بووم لە گۆڤاری وارڤین، مانگانە رووماڵی کوشتن و تووندوتیژی چەندین دۆسیەمان دەکرد، وردەکاری چیرۆکی کوشتنیشمان دەگێرایەوە، لە پێناو نیشاندانی تاوان و کارەساتەکە، بۆ ئەوکات راگەیاندن سەکۆییەکی زۆر گرنگ بوو بۆ خستنەڕووی تاوانەکانی دەرهەق بە ژن، بە تایبەت کوشتن و خۆسووتاندن، بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم زۆرکات لاپەرەی گۆڤار و رۆژنامەکان دەچوونە هۆڵی دادگا، دەرۆشتە ناو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئاژانسەکان، هەر ئەم لاپەڕانە بوونەهۆی دەرکردنی زۆر یاسا و بڕیار لە کوردستان، هیچ زیادەرۆیی نیە بڵێم کە رووماڵکردنی پرسی ژن لە رێگەی گۆڤارو رۆژنامەکانی تایبەتمەند زۆر شتی لە کوردستان گۆڕی.
ئێستا ساڵی ٢٠٢٥ ماوەی چەند ساڵێکە بە بیانو و هۆکاری جیاواز لایەنی پەیوەندیدار بە تایبەتی(ئاماری کوشتنی ژن بڵاوناکاتەوە)، رێکخراوەکان& میدیا، لە کوێ دەستیدەکەوێت لە سەکۆی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لە راگەیاندن، تکایە با هۆشیارانە کار لەسەر بڵاوکردنەوەی روداوی کوشتن و تووندوتیژی بکەین، هاوکات لەگەڵ ئەو بارودۆخەی ئێستا نیم، مایک بردنەناو ژووری خەو، راکردن بە دوای تەرم، چوونە بەردەم پزیشکی داد و خستنەڕووی زانیاری نادروستی گوێم لێبووە.
-چی بکەین؟
-پەلەنەکردن لە گواستنەوەی هەواڵ و رودای کوشتن، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر بڵاوکردنەوەی زانیاری سەرەتایی.
-دۆزینەوەی میکانیزمی پێشکەوتوو بۆ چۆنیەتی روومالكردن.
-چاودێریکردن و بەدواداچوون، تێپەڕبوون بە فلتەری دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی.
-داڕشتنی ئاکاری رەفتار و رێگەی دروست بۆ روومالکردن(رێبەری رووماڵکردنی روداوی کوشتن& تووندوتیژی....هتد).
-راهێنانی رۆژنامەنووس لەسەر شێوازی رومالكردنی سەردەمیانە و سەلامەت.
-رۆژنامەنووسانیش پێویستیان بە راهێنانی گرنگیدان بەخوود هەیە ئەوانیش ماندوون، پێویستە هاوکاریان بین نەوەک ماندووتریان بکەین بە وشە زبر و بۆچوونەکانمان.
PM:03:09:25/03/2025
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی