وانە جیاوازەکانی نەورۆز بۆ ئێمەو ئەوان
سالار مهحمود
ساڵانێکە گروپ و ئێڵی جیا، دەکۆشن نەورۆز لە خاوەنە ڕەسەنەکەی خۆی زەوت بکەن. بەشێک لەوانە خۆیان لە داگیرکەرانی کوردستاندا بەرجەستە دەکەن، دەستەیەکی تریش جەخار خۆیین و نا ئاگا؛ یان بەمەبەست نەورۆز دەدەنە پاڵ کوفرو ئاگرپەرەستی.
جیا لە سەد ساڵی رابردوو، کە داگیرکەرانی کوردستان ڕقئەستوور بوونە بەم ڕۆژەو، کورد بە هۆی ئەم ناوو بۆنەیەوە قوربانی داوەو جەوری بەرامبەر کراوە.
لە چارەکی یەکەمی ئەم سەدەیەوە کورد ئاخێز لە هەموو گۆشەیەکی کوردستانەوە بەیەک تاو و جۆش ئیقلیم گیر خاوەندارێتی لە نەورۆز کردەوەو، بە دیلان بەرسڤی هەموو دەنگێکی نەشازی دایەوە.
بە مێزەیەک لە رووداوە خێراکانی ئەو وڵاتانەی خاکی کوردستانی بەسەردا لەت کراوە، ڕوون دەبێتەوە ئەنگێزەی ئەو خرۆشان و هەژانەی کورد لەو ئاستەدا، بۆ کارلێکی ڕووداوەکان لەسەر یەکتر دەگەڕێتەوە. چیتر جوڵەیەک لێرە دابڕاو نییە لەسەر ئەوێ. چ جوڵەی کورد خۆی بێ یا جوڵەی داگیرکەرانی کوردستان.
نەورۆز لە کۆنەستی ئێمەدا ڕۆژی گۆڕانکارییە. لەهەمان کاتدا گوزارەیە لە هەبوون و مانەوە.
وەک چۆن کۆتایی بەستەڵەک و سەرەتای بەهارە، وەک چۆن نوێ بونەوەیە. ئاواش بۆ کورد پەیامی تیایە، زاڵبون بەسەر سەختی و ستەم و کۆتایی شەڕەنگێزیی و پەیامی دەست لەناو دەست کردن. هەموو نەورۆزێکی ساڵ کورد زیاتر لە هیواکانی نزیکتر دەکاتەوەو داگیرکەران ملکەچی خواستەکانی خۆی دەکات.
ئەم باسە کڵۆم دەدەم بەوەی ئەگەر بۆ گەلان نەورۆز، وەرزی خۆگۆڕینی سروشت بێ، یا (شین بەڵەک) بوونی زیاتری ئاسمان بێت.
ئەگەر بۆ (ئەوان _ داگیرکەران)یش مایەی توڕەیی و شورەیی و پەستی بێ، ئەوا بۆ ئێمە، بەشێکە لە ناسنامەی نەتەوەیی و زیاد لەهێمایەکی هەیە. نەورۆزو کورد دوانەیەکی لێک جودا نەبوون. رێز لە جیاوازیی گرتنیش هێزە؛ هونەرە. ئەوانەی رێز لە جەژنی نەتەوەیی کورد و کوردستان ناگرن، گەل ساڵ لەدوای ساڵ لە دووتوێی ئەو جەژنەدا، لە بۆتەی وڵامی داگیرکەرانی کوردستاندا، هیوای گۆڕانکاریی لە ڕوانین دەبەخشێتە ئەو کورد زوبانانەی نائاگا یا بە مەبەست خۆیان لە هیوای گەل نەبان دەکەن.
PM:11:49:23/03/2025
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی